27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

زەنگە مەترسییەکانی ئێران و ئیسرائیل بەمزووانە ناکووژێنەوە

زەنگە مەترسییەکانی ئێران و ئیسرائیل بەمزووانە ناکووژێنەوە
21 . ڕەزبەر . 2724

نووسین بە فارسی : رێوار ئابدانان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان
وەرگێران بۆ کوردی: رۆژهەڵات نیوز


لەمێژە ئاڵۆزییەکانی جیهان و پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەموو هێڵەکانی مەترسی و سووریان تێپەرکردووە. ئێمە بەکردار لەناو دڵی شەڕی سێیەمی جیهانیداین. شەڕ بۆ دووبارەکێشانەوەی جوگرافیای سیاسی جیهان و دروستکردنی کریدۆرەکانی تیجاری و وزە، کە خۆیان زەمینەی مادی نەزمە نوێ جیهانییەکەن. ئەوەش‌ بەرەو قۆناغێکی بێ‌گەرانەوە دەچێت. دۆخی ئێران، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان وەکوو دوو لایەنی کاریگەرو یەکلاکەرەوەی ئەو شەرە جێگەی گرنگی پێدانە. لەو بوارەدا دەتوانین بە کورتی باس لە چەند خاڵ بکەین.
یەکەم: ئەمرۆ جیهان بە چەک گەلی تێکدەر تەنراوە، ئەوەش وادەکات پێکدادانی راستەوخۆی زڵهێزەکان (ئەمریکا، چین، روسیە، بەریتانیا و هێزە دیارەکانی یەکێتی ئورووپا) کارەساتی گەورە و قەرەبوونەکراوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گۆی زەوی دروست بکات و تەنانەت بەرژەوەندی هێزە هەژموونخوازەکانیش‌ لەناو ببات. هەربۆیە زڵهێزەکانی جیهان هێشتا هەوڵ دەدەن بەپێی ئیمکان بەپارێزەوە مامەڵە بکەن و کەڵک لە تەکتیکی جیاواز بۆ لاوازکردنی رکابەرو دوژمنەکانیان وەربگرن. لەو قۆناغە لە شەری جیهانی سێیەم، ئۆپەراسیۆنی دزەکرد، تیرۆری سەرکردەکان، لەناوبردنی کەسایەتییە کاریگەرەکان و کوشتنی فەرماندە دیارەکان وەکوو تاکتیکێکی سەرەکی لێهاتووە. ئەگەرچی ئەو شێوەیە نابێتە هۆی دارمانی تەواوی پێکهاتەیەکی سیاسی، بەڵام دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی و لاوازی لایەنی بەرامبەر. لە چەند مانگی رابردوودا، کوژرانی ئیبراهیم رەئیسی لە سنووری وڵاتی ئازەربایجان کە پێگەی سەربازی گەورەی ئیسرائیلی لێیە. کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، کوژرانی فەرماندە پلە باڵاکانی حیزبوڵڵا و سوپای قودس لە لوبنان و لە ئەنجامدا کوژرانی سەید حەسەن نەسروڵڵا لە نموونە دیارەکانی ئەو جۆرە شەڕە بوون. دەبێ چاورێ بین کە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت. ئەو شەڕەی نێوان ئێران ئیسرائیل کە دەستی پێکردووە، جارێ‌لە ئاستی سەرئێشەدروستکردن بۆ یەکتر و لاوازکردنی هێزی خۆپارێزی و بەرگری یەکتر و لەناوبردنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی سەر بە ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئابڵۆقەدانی ئیسرائیل لەلایەن گروپە نیابەتییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت. هەر زەربەیەک کە لایەنێک لەوەیتری دەدات، لایەنی بەرامبەر ناچار دەکات کە ئاستی وەڵامدانەوە بەرزبکەنەوە. ئەو ناکۆکییە دەتوانێ هەتا ئاستی شەری ئەتۆمی و تەقینەوە ئەتۆمییەکان درێژە بکێشێت. ئەوە هەڕەشيیەکی جیدییە کە ناکرێ بەشێوەیەکی سادە لێی تێپەرین. دۆخەکە یەکجار زۆر هەستیارەو موومکین نیە بەمزووانە زەنگە ئاگادارکردنەوەکان لە ئێران و ئیسرائیل بێدەنگ بن.


دووەم: کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای دان بەخۆداگرتنی ستراتیژیک و ئیستراتیژی درێژەپێدانی شەڕ کار دەکات. رژێم هێشتاش دەیەوێ لەرێگەی گروپە پرۆکسیەکانی و ستراتیژی شەڕی بێ ئەنجام بەرامبەر ئیسرائیل و هێزە رۆژئاواییەکان بوەستێتەوە و یارییەکەی خۆی بەرەو پێش‌ببات. هەر بۆیە لەمێژە پرۆکسییەکانی لە عێراق، سوریە، یەەمەن، لوبنان و غەزە لە بەرزترین ئاستدا ئامادە کردووە. لەگەڵ ئەوەش، درێژەپێدانی بێدەنگی ئێران لەبەرامبەر تیرۆری هەنیە و دواخستنی تۆڵەکردنەوە، وایکرد کە ئیسرائیل گوشارەکانی خۆی زیاد بکات. کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا دەرەنجامی ئەو پەسیڤبوونەی ئێران بوو. بەئەگەری زۆر ئێران لەمەو بەدوا ناچار دەبێ وەڵامی تووندتر و خێراتر بداتەوە. ئیسرائیلیش‌ ناچار دەبێ لەبەرامبەر وەڵامدانەوەکانی ئێران، ئاستی کاریگەربوونی هێرشەکانی بەرز بکاتەوەو زیانێکی زۆرتر لە دوژمنەکەی خۆی بدات.


٣- دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، لەکۆتاییدا ئێران وەڵامێکی تۆڵەکردنەوەی تووندی بە ئیسرائیل دا. دووجار هێرشی تۆڵەکردنەوەی ئێران لە ئیسرائیل، پێگەی پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەی بەهێزتر دەکات و ئەو لایەنانەش کە لەبەرامبەر ئێران پێگەی سەربازیان بە ئیسرائیل داوە، دەترسێنێت. هاوکات ئێران لەرێگەی هێرشەکانی تۆڵەکردنەوە لەبەرامبەر ئیسرائیل پێگەی خۆی لە جەمسەری روسیە و چین بەهێزتر دەکات و هاوکات متمانەی پرۆکسییەکانی بەخۆی دەگەرێنێتەوەو لەمەو بەدوا دەتوانێ‌ ئەو پرۆکسیانە زۆرتر لەجاران بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار بهێنێت.


٤- هاوکات لەگەڵ ئەو ئاڵۆزی و پێکدانانە، رژێمی ئێران دیسان خواستی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژئاوا نیشان داوەو هەر لەو چوارچێوەیەدا پزیشکیانی لەسەر کورسی سەرۆککۆماری دانا. بڕیارە مەسعوود پزیشکیان رۆڵی قەڵغان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بگێرێت. رژێم دەیەوێ بۆ رێگریکردن لە راپەرینە دیموکراتییەکانی خەڵکی ئێران و هەم لەبەرامبەر گوشارە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، سیاسەتێکی بەرواڵەتی نەرم و سەرنجراکێش لەرێگەی پزیشکیان پێرەو بکات.
کارێک کە پێشتر رژێم لە رێککەوتنی ئەتۆمی، لەرێگەی دیپلۆماسی پێکەنینەکانی محەمەد جەواد زەریف ئەنجامی دەدا، ئێستا دەیەوێ لەرێگەی پزیشکیان ئەو کارە بکات. بەڵام بەو جیاوازییە کە شەڕی ژیۆپۆلۆتیک لە ئاستی جیهانیدا گەیشتووەتە ئاستێک کە هێزەکان سەرقاڵی کێشانەوەی هێڵی بازرگانی و وزەو پەرەپێدانی جوگرافیای نفوزی خۆیانن. ئیسرائیل بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆژەیە بەهەموو توانایەوە پێداگری دەکات. هەربۆیە ئاستی شەڕەکەی چەند پلە بەزرکردووەتەوەو دەیەوێ ئێران بەرەو خاڵی بێ گەرانەوە ببات. ئیسرائیل دەیەوێ بە لاوازکردنی ئێران، پرۆژەی ئاشتی پەیمانی ئیبراهیم، ناتۆی عەرەبی-عیبری و کریدۆری بازرگانی وزەی عەرەب مێد دەستپێبکات. لەبەرامبەردا، ئێران بە شەڕی حەوتی ئۆکتۆبەر لەرێگەی حەماس، بەکردار پەیمانی ئیبراهیم و پرۆژەکانی دیکەی ئیسرائیلی تێکدا. لەکاتێکدا دەوڵەتەکانی دیکەی عەرەبی لەلایەن ئیسرائیل بێ‌کاریگەر کراون، کۆماری ئیسلامی ئێران تاکە وڵاتێکە لەبەرامبەر ئیسرائیل وەستاوەتەوە. هۆکاری تووڕەیی نەتانیاهۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی شەڕەکەش لەلایەن ئەو لەدژی ئێران هەر ئەوەیە.
رژێمی ئێران لەلایەن پرۆژە هەژموونخوازەکانی خۆی لەرێگەی شەڕ و کێبەرکێ لەگەڵ ئیسرائیل درێژە پێدەدات و لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژەی نەرمینواندن و رێککەوتن بۆ ئەمریکا دەنێرێت. ئێران سەرقاڵی دانوستانی ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ ئەمریکایە، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ بە راگرتنی شەڕەکە لە خاڵێکی دیاریکراو، ئیمتیازەکانی خۆی لە ئەمریکا وەربگرێت و شوێن پێی خۆی لە نەزمی نوێی جیهان قائیم بکات. ئیسرائیلیش بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی ئێران، هەوڵ دەدات شەڕەکە قووڵ بکاتەوەو راستەوخۆ رۆژئاوا بکێشێنێتە ناو شەڕ لەبەرامبەر ئێران. پزیشکیان و ئیستراتیژی مامەڵەکردنی دووبارە لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا و باسکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی، تاکوو ئێستا نەیتوانیوە رێگری لە زیان پێگەیاندن بە ئێران لەناوچە بکات و تەنانەت ئێران لاوازتریش‌بووە.


٥- بێدەنگی کردن لە راستی رووداوی کوژرانی ئیبراهیم رەئیسی، بێدەنگی لەبەرامبەر تیرۆری ئیسماعیل هەینیە لەتاران و پێداگری کۆماری ئیسلامی لەسەر ستراتیژی "دان بەخۆداگرتن و درێژەپێدان بە شەڕی ناراستەوخۆ" بووە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل لەرێگەی کوشتنی سەید حەسەن نەسروڵڵا، هەوڵ بدات ئێران بەرەو قۆناغی بێ گەرانەوەی شەڕەکە ببات. دەوڵەتی نەتانیاهۆ بە ستراتیژی پەرەپێدان بە شەڕەکە و دواتر لاوازکردنی حەماس و داگیرکردنی کەرتی غەزە، روون بوو کە دەچێتە شەڕی لوبنان و حیزبوڵڵاش. زۆر ڕوونە کە لەئەگەری وەستانی شەڕ، کابینەی نەتانیاهۆ دەکەوێت.
لەرووی لۆژیکی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا رێبەی حیزبوڵڵا، ئێران ناچار دەکات کە زیاتر لەجاران بچێتە ناو گۆرەپانی شەڕەکە. چوونکە شکستی حیزبوڵڵا ئەنجامێکی دۆمینەیی دەبێت و تەنیا لە لوبنان کۆتایی پێ نایەت. دوای داگیرکردنی کەرتی غەزەو لەئەگەری شکستی حیزبوڵڵا، بەکردار پێگەی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە مەدیتەرانە و کەنارئاوەکانی رۆژهەڵات بەرادەیەک لاواز دەبێت، کە زەمینەی رێژەیی پێویست بە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەدات کە کریدۆرەکانی وزەو بازرگانی پرۆژەی عەرەب مێد دروست بکات. بۆ ئابڵۆقەدانی تەواوی حیزبوڵڵا و بۆ ئەوەی لەلایەن ئێران، سوریە، عێراق و یەمەن یارمەتیان بۆ نەچێت، بەئەگەری زۆر دەوڵەتی بەشار ئەسەدیش دەکەوێتە ژێر گوشاری زۆری ئیسرائیل و رێژەی هێرشە ئاسمانییەکانیش بۆ یەمەن زیاد دەکات. ئەگەر شەڕەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بەرەی ئێران و هاوپەیمانەکانی تووشی کێشەیەکی گەورە دەبن. سەرکەوتنی ئیسرائیل لە شەر دژی حیزبوڵڵا دەبێتە هۆی ئەوەی مەکینەی شەڕی ئیسرائیل شوێنی دیکەش لە هەموو ناوچەکە بکاتە ئامانج و ئێرانیش لەناو دڵی ئەو ئامانجانە دایە.


٦- زاهیۆنیزمی ئیسرائیل و هەژموونخوازی کۆماری ئیسلامی هەموو ناوچەکە بەرەو ئاگڕ دەبات. کێبەرکێی ئەو دوو هێزە تووندڕەوە بەرەو قۆناغی پێکدادانی راستەوخۆ دەروات. گەورەترین قوربانی ئەو شەڕانەش نەتەوەکانی ناوچەن. بەو پێیە شەڕی ئەوان، شەڕی خەڵک نیە. بەڵێنەکان و سەرکەوتنی هەر کامیان هۆکارێکی راست بۆ دڵخۆش‌بوونی خەڵک نیە. رێک بەپێچەوانە، لاوازبوونی هەردوولا بەمانای دروستکردنی زەمینە بۆ چارەسەری دیموکراتیکی کێشە قووڵەکانی ناوچەیە. ئەزموونی شەرەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی دەریدەخات. بەبێ هەبوونی بەرنامەیەکی کامڵ بۆ چارەسەری دیموکراتیکی ئەو پرسە قووڵانەی هەن، شەڕەکانی ئێستا تەنیا دەبنە هۆی بەرهەمهێنانەوەی شەڕە بەرفراوانی دیکە. بەبێ تێپەربوون لە ئەو لۆژیکە هەژموونخوازانەی کە لەزاتی دەوڵەتانی مۆدێرنی ناوچەو لەناویاندا ئێران و ئیسرائیلدا هەیە، تووشی سوورانەوەیەکی بێ‌ئەنجام دەبین.


٧- ئەگەر لە ئەنجامدا و لەشەڕی حیزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکان بە سەرکردایەتی ئێران، ئیسرائیل تووشی شکست بێت، ئەوە بەو مانایە دێت کە هەژموونی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی زیانی بەرکەوتووە. بەو پێیە ئەگەرچی ئەمریکا جارێ‌ لەگەڵ پەرەپێدانی ئاڵۆزی و شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران نیە، بەڵام وەڵام نەدانەوەو بێدەنگی بەمانای ئەوەیە ئەمریکا لاوازبوونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان قبووڵ کردووە.
ئەمریکا لەگەڵ شەڕی کۆنترۆڵ نەکراوی ئیسرائیل لەگەڵ‌ ئێران نیە، چوونکە پلانی ئەمریکا جیاوازەو دەیەوێ دابڕانێک لەنێوان بەرەی رووسیە-چین لەگەڵ ئێران دروست بکات، بۆ ئەوەی بتەوانێ‌ چین کۆنترۆڵ بکات، کە بەخێرایی بەرەو بوون بە هەژموون لە ئاستی جیهان دەروات. ئەگەرچی ئیسرائیل لقی سەرەکی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەرۆژهەڵاتی ناوەراستە، بەڵام لە پلانەکاندا جیاوازییەکی ئاشکرا لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە.


٨- ئەگەر لەکۆتاییدا ئێران لە پێکدادانە هەژموونیکەکەی خۆی لەبەرامبەر هێزەکانی رۆژئاوادا سەرکەوێت و سەقامگیرییەک بۆ خۆی بەدیبهێنێت و، بتوانێ‌ ئەو ناوچانەی لەرۆژهەڵاتی ناوەراست کە هاوبەشی کەڵتووریان هەیە، لە یەکێتییەکی دیموکراتیکدا کۆبکاتەوە، وەکوو یەکێتی ئورووپای دوای شەڕی جیهانی، نەک دەتوانێ کێشەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات، بەڵکوو ئێران دەبێتە جەمسەرێکی بەهێز لە هەموو ناوچەکەدا. بەپێچەوانە، گەورەترین سەرکەوتنی ئێران بەسەر جیهانی رۆژئاواش ناتوانێ سەقامگیری لەناوخۆی ئەو وڵاتە و مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران گرەنتی بکات و بزوتنەوەی دیموکراتیکەکانی خەڵک لە ناوخۆ، حکومەت تووشی ئاریشەی گەورە دەکات.
لەبەرامبەردا، ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان بتوانن لە ستراتیژی و شەڕی خۆیان لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەربکەون، دیسان بەبێ هەبوونی بەرنامەیەکی دیموکراتیک و بەبێ لەبەرچاونەگرتنی مافی هەموو نەتەوەکانی ناو ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەراستی داهاتوو، ناتوانن شوێن پێی خۆیان لەو ناوچەیە بەهێز بکەن، هەر بەمشێوەیەی کە لە عێراق و ئەفغانستان و ناوچەکانی دیکە دەیبینین، ناوچەکە هێشتاش زڵکاوێکی بکوژە بۆ ئەوان.


نۆیەم: شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەری زۆری لەسەر پرسی کورد دەبێ بێگومان لە مڵملانێکانی ناوچەیی و جیهانی کوردەکان مافی دیموکراتیکی خۆیان دەوێت. هەربۆیە لەو شەڕانەدا نابێ ببنە ئامرازی هیچ‌ یەک لە لایەنەکان. هەڵبەت لەشەڕە گەورە جیهانییەکاندا بتهەوێ یان نا هەموو هێزەکان دەکەونە ناو شەڕەکە. خۆنەویست هاوپەیمانیی تاکتیکی و ستراتیژیی دروست دەبن. کوردەکانیش لەو دۆخەدا دەرفەت و توانایی زۆریان هەیە. ئەوەش روونە کە بەرەی ناسیۆنالیستی سوننەتی و هەژموونیخوازی کوردی گرێدراوییەکی زەینی و رێکخراوەیی قووڵی بە رۆژئاوا هەیە، بەردەوامیش لەرێرەوی ئامانجی هێزەکانی رۆژئاوا دەجووڵێنەوەو بەردەوامیش زەمینە بۆ ژینۆساید و کوشتاری کوردەکان دەرەخسێنێت. هەربۆیە ئەو بەرەیە و جەستە کۆمەڵایەتییەکەی نەک خوێندنەوەیەکی دروستی لە گۆرانکارییەکانی ناوچە نیە، بەڵکوو لەژێر کاریگەری هەڵسووکەوتی سۆزداری و هیستریکدایە و بەردەوامیش زیانی بە کورد گەیاندووە. بەڵام بەرەی دیموکراسیخوازی کوردی وەکوو ئەوەی لەبەرامبەر داعش دیتمان، دەتوانن رۆڵی ئەرێنی لە گۆرانکارییەکانی ناوچەو جیهان بگێرن. دەتوانێ پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ ئەو لایەنانە هەبێ کە مافی دیموکراتیکی کوردەکان قبووڵ دەکات و، لەو رێگەوە کاریگەری کەم وێنە لەسەر چارەنووسی شەڕو گۆرانکارییەکان دابنێ و لە چارەسەری قەیرانەکان رۆڵی ئەرێنی هەبێت.