23 . پووشپەڕ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ڤییەن و جاسەنە، نەمری قاسملوو و کۆتایی ئۆجەلان

ڤییەن و جاسەنە، نەمری قاسملوو و کۆتایی ئۆجەلان
21 . پووشپەڕ . 2725

نووسین: ژیوار رەسووڵی

ئێپیزۆدی یەکەم:
٢٢ی پووشپەر، ڤییەن
دکتور قاسملوو: تەنیا کاتێک خودموختارییەکەمان پێ بدرێت، هیچ زیانێک بە یەکپارچەیی ئێران ناگات. جا ئێستا جیلی من جیلی خودموختاری و دیموکراسییە، جیلی داهاتوو بیهەوێ سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت، ئەوکات ئێمە نەماوین و ئەوان بڕیار دەدەن. بەڵام بۆ ئێستا دەبێ هەموو هەوڵێک ئەوە بێت، زیان لە یەکپارچەیی ئێران نەدرێت، بۆ ئەوەش دەبێ مافەکانی کورد بە فەرمی بناسن.

سەحراروودی: ئێستا لەگەڵ مردنی ئیمام خومەینی بەرچاوروونییەکی زۆرتریش هەیە، ئێمە بەپشتیوانی نیزام هاتووین، بۆ ئەو گفتوگۆیانە، بەڵام دەبێ قسەی زۆرتر بکەین.

دکتور قاسملوو: ئێمە دەزانین، ئێستا دوو دەسەڵاتی سەرەکی هەن، یەکیان خامنەیی و ئەویتریان هاشمی رەفسەنجانییە. بۆ ئێمە زۆر گرنگ نیە، کێ لەسەر کورسی دەسەڵاتە، ئەوەی گرنگە، خودموختارییە بۆ کوردستان. دیارە مافی دیاریکردنی چارەنووسیش هەیە، ئیتر ئەوەش خۆی لە خودموختاری، فیدرالیزم و تەنانەت سەربەخۆییدا دەبینێتەوە، ئەوەی ئێستا ئێمە داوای دەکەین، خودموختارییە. خوێندنەوەکانی ئێمە روون و واقیعین و لەسەر خەیاڵ سیاسەت ناکەین، بۆچوون و لێکدانەوەکانیشمان زۆر جیاوازن لەوانیتر، بۆخۆتان دەزانن ئێستا هەر ئێمە لە گۆرەپانەکەدا ماوین و، داوای ڕوونیشمان خودموختارییە بۆ کوردستان.

دەنگی چەندین فیشەک و….
لەسەر کێڵی دکتور قاسملوو نووسراوە:" کەمن مردم کورد نامرێ."


ئێپیزۆدی دووەم:
٧ی رەشەممەی ١٤٠٣، ئیمراڵی
بەهۆی ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکاندنی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و پێشکەوتنی ئازادیی فکریی، بووە هۆی ئەوەی کە پەکەکە لە واتای خۆی ببورێت و خۆی زۆر دووبارە بکاتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەویش وەکو ئەوانی دیکە گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە.
ئەو بانگەوازییەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی و ئەو ئیرادەیەی کە سەرۆک کۆمار نیشانی دا، نزیکبوونەوەو پەیوەندی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم قۆناغەی هێنایە بەرهەم، منیش لەم قۆناغەدا داوای دانانی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازییەش دەگرمە ئەستۆ.

ئەردوغان، باخچەلی (بەبەردەوامی): کۆتایی بە گروپە جیاییخوازە تیرۆریستەکان دەهێنین. پشتیوانی لە نەمانی تیرۆر دەکەین، بۆ ئەوەی کۆماری گەورەی تورکیا زیندووبکەینەوە.
ئۆجەلان (١٨ی پووشپەر): دەبێ مانیفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە وەرچەرخانێکی مێژوویی هەژمار بکرێت، ئه‌م مانیفێستۆیه‌ بە سەرکەوتوویی شوێنی مانیفێستۆی 50 ساڵەی “رێگای شۆڕشی كوردستان” دەگرێتەوە‌."

لۆکەیشن: ئەشکەوتی جاسەنە-باشووری کوردستان
٣٠ گریلای پەکەکە چەکەکانیان لەبەردەم چاودێران و کامێراکان سووتاند.

ئەردۆغان (رۆژی دواتر): کۆتاییمان بە تیرۆر هێنا، بە هاوکاری بڕا کورد و عەرەبەکانمان کۆماری گەورەی تورکیا زیندوودەکەینەوە.

ئێپیزۆدی سێیەم:
ساڵی ١٤٠١، شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: "قاسملوو قاسملوو رێگەت درێژەی هەیە."
دوێنێ، ئەشکەوتی جاسەنە لەکاتی خۆئامادەکردن بۆ سووتاندنی چەکەکان: "بێ سەرۆک ژیان نابێ."

……