کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە فایڵە دەنگییەکەی ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پژاک دەربڕی و لەگەڵ رەتکردنەوەی قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک لەبەشێکیدا دەڵێ:"چاوەڕوانیمان ئەوە بوو کە مەجلیسی ڕێبەری پژاک لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا ڕاشکاوانە ئەو قسە و تۆمەتانە ڕەد بکاتەوە. ئەگەر باس لەوە دەکەن کە دەورێکی نوێیان دەستپێکردووە، چاوەڕوان دەکرا ڕەنگدانەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا بەڕوونی دەرکەوێت، ئێستاش لەسەر ئەو بڕوایەین لەجیاتی پاساو هێنانەوە، ئەو بەرێزانە پێداچوونەوەی بنەڕەتیی بەسەر ئەوشێوە ئاخافتن و گوتار و هەڵسوکەوتانەدا بکەن." دەقی راگەیاندڕاوی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران: تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کوردستان و هاوڕێیانی کۆمەڵە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە کە تێیدا ئەمیری کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک لە کۆڕێکی ناوخۆیی حیزبی خۆیان و لە پێناسەی حیزبەکانی کوردستان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردستان، دێتە سەر باسی کۆمەڵە و لە ڕوانگەی خۆیەوە شیکاری بۆ سازبوونی کۆمەڵە، ڕۆڵی ڕێبەرانی و هێزی پێشمەرگە دەکات. ١- ئەم وتانە ئەگەرچی هی چەند ساڵ پێش ئێستایە، بەڵام زۆرێک لە نەیاران و دژبەرانی کۆمەڵە لە ساڵانی دوور و نزیک چەند پاتەیان کردونەتەوە و جیا لە زیان و بەدناوی خۆیان لە ناو خەڵکدا بەرهەمێکیان لێ نەبردووە. بۆیە سەرەتا ئێمە ئەو قسە کۆن و سواوانەمان بە شیاوی وڵامدانەوە نەدەزانی بەڵام ڕوونکردنەوەی پژاک و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم وتانە لەجیاتی ڕەتکردنەوە و داوای لێبوردن، پێویستیی ئەو ڕاگەیاندنەی هێنایە گۆڕێ. ٢- قسەکانی سەرۆکی ئێستای پژاک سەبارەت بە مێژوو، کەسایەتی و ڕێبەرانی چالاکی نێو بزوتنەوەی کوردستان و بەها و هێماکانی کۆمەڵە، سەر لە بەری ناڕاست، تۆمەت هەڵبەستن، چەواشەکاری و دووژمنکارانە و دوور لە هەرچەشنە پرنسیپێکە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی پێ دەناسرێتەوە. ئەو شێوە لە گێڕانەوەی مێژوو لە ڕاستیدا ناچێتە خانەی پەروەردە، بەڵکوو شۆردنەوەی مێشکەکانە و ناتەبایە لەگەڵ هەوڵدان بۆ هاوکاری و دیالۆگی دۆستانە. ٣- لێرە و لەم دەقەدا مەبەستمان گێڕانەوەی مێژوو نییە و کۆمەڵەش پێویستی بەوە نییە، بەرگریش تەنیا لە کۆمەڵە وەک حیزب نییە بەڵکوو لە هەموو ئەو تێکۆشەرانەیە کە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر خزمەتیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە. بەرگری لە بزووتنەوەی کوردستانی ئێرانە کە هەر لە دەستپێکەوە نوێبوونەوەی هێنایە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد و لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا کوردستانی کردە مەکۆی نوێخوازی لە خەباتی مەدەنی و سیاسی دا. جێی خۆیەتی بۆ وەبیرهێنانەوە ئاماژە بکەین کە ئەو مێژووە بە ئارەق و خوێن، بە کاری تاقەت پڕوکێن، بە تێکۆشانی بێ وچان، بە خۆ ماندوو کردن، بە سەرما و گەرما چەشتن، زۆر جار بە هەژاری و نەداری، بە خۆبەخشین و خۆبەختکردن، بە هەزاران شەهید، بە هەزاران زیندانی سیاسی خۆڕاگر و دوورخراو و کەم ئەندام، بە کاری خورد و وردی نهێنی و گیانبازیی تێکۆشەران لە سیاچاڵەکانی رژیم، بە گیانبازی و قارەمانییەتی و هێرشی پێشمەرگانە، بە خەباتی جەماوەریی پێشکەوتووانە، بە چالاکی مەدەنی، بە کاری ڕۆشنبیری، بە سیاسەت داڕشتن و ڕەخنە و خۆ نوێکردنەوە، بە دیاریکردنی ئامانج و سیاسەتی ڕۆشن بۆ بزووتنەوەکە، بە هەڵبڕینی دەنگی حەقخوازانە و دیاریکردنی مافەکانی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لە ئێران و جیهاندا پێک هاتووە. ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە بە هەموو ئەوانە هاتۆتە دی و هاتۆتەوە بەرهەم، هەزاران هەزار بنەماڵە، هەزاران هەزار پیر و لاو و کوڕ و کچ لە ژوور و خوارووی کوردستان، بە زاراوەی جیاواز، ئەو ڕەوتە کۆمەڵایەتییەیان پاراستووە، ڕایانگرتووە و پەرەیان پێداوە. ٤- پەنجا و شەش ساڵ خەباتی بێ ڕاڕایی و بەردەوام، شاهیدی دەدەن کە کۆمەڵە نەتەنیا حیزبێکی هەزار ڕیشەی بزووتنەوەی کوردستانە، نەتەنیا پارێزەری شارستانییەت و پێشکەوتنخوازی و قەڵای قایمی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و یەکەم حیزبە کە نەک هەر پارێزەری مافی ژن، سازدەر و ڕێگاخۆشکەری بەشداریی ژنان لە ڕیزی پێشمەرگایەتی بووە بەڵکوو ڕەوتێکی بەرینی کۆمەڵایەتی و بەشێکی سەرەکییە لە فەرهەنگی سیاسی و گشتییەتی گەلی کورد. خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات نەک کچەکان و ژنەکانیان لە کۆمەڵە نەدەشاردەوە، بەڵکوو شانازیان دەکرد و دەیکەن کە ئازیزانیان لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا خەبات دەکەن. کۆمەڵە پێشەنگ و دەستی ئەمین و پاکی بزووتنەوەی کوردستان بووە لە هەموو مەیدانەکاندا و هەرواش دەمێنێتەوە. لەو ٤٦ ساڵەدا کۆماری ئیسلامی و کۆنەپارێزان زۆریان هەوڵ دا بەو بەیت و بالۆرانە ڕواڵەتی کۆمەڵە و ڕێبەرانی خەوشدار بکەن، بەڵام سەریان وەبەرد کەوت. بۆیە ئەو قسانەی ئەمیر کەریمی و هەرچەشنە پێناسەکردنێکی لەوچەشنە ناڕاست و ناڕەوایە و مەحکووم دەکرێت. ٥- بۆ هەمووان ئاشکرایە کە تا چ ڕادەیەک ئێمە پارێزەری دێمۆکراسی و داکۆکیکاری پلۆرالیزم و فرەچەشنی لە بزووتنەوەی کوردستان بووین، تەنانەت مێژوو شایەدیمان بۆ دەدا زۆر جار دیفاعمان لەوانەش کردووە کە تەنانەت هیچ چەشنە نزیکایەتییەکی فیکری و سیاسیشیان لەگەڵمان نەبووە، هەروەها کۆمەڵە سەبارەت بە پرسی هاوکاری و نزیکبوونەوەی هێزەکانی کوردستانی رۆژهەڵات خۆی بە پێبەند زانیوە و دەزانێ و بۆ ئەو مەبەستە لە نزیکەوە کاری لەگەڵ هەمووان کردووە. کەس نییە نەیبیستبێت کە کۆمەڵە نەک پارێزەری شێلگیری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانە، چالاکی سەرەکیشە لەپێناو یەکخستنی هێز و نێو ماڵی کورد و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لەو بارەوە دوواوە و پێداگر بووە و پێداگرتر دەبێت. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵە کە لەوماوەیەدا و سەرەڕای برینداربوونی هەستیان و نیگەرانی زۆریان، ددانیان بە جەرگیان داگرت و سەبریان نواند دەردەبڕێت، هەروەها سپاسی هەموو ئەوانەش دەکات کە لە ئەڵقەی کۆمەڵەدا کە وەدەنگ هاتن و لەو مێژووە هاوبەشە و لە بزووتنەوەی کوردستان بەرگرییان کرد و شانازییەکانی ئەو ڕەوتەیان بە شێوەی سیاسی و بە بێ دەمارگرژی ڕوون کردەوە و بەرپرسانە لەگەڵ ئەو پرسە هەڵسووکەوتیان کردووە. چاوەڕوانیمان ئەوە بوو کە مەجلیسی ڕێبەری پژاک لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا ڕاشکاوانە ئەو قسە و تۆمەتانە ڕەد بکاتەوە. ئەگەر باس لەوە دەکەن کە دەورێکی نوێیان دەستپێکردووە، چاوەڕوان دەکرا ڕەنگدانەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا بەڕوونی دەرکەوێت، ئێستاش لەسەر ئەو بڕوایەین لەجیاتی پاساو هێنانەوە، ئەو بەرێزانە پێداچوونەوەی بنەڕەتیی بەسەر ئەوشێوە ئاخافتن و گوتار و هەڵسوکەوتانەدا بکەن. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی ١١ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی