26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

تایبەت بە RNA: جموجۆلە سەربازییەكانی ئەمریكا لەدەورووبەری كۆیە زیادیكردووە

تایبەت بە RNA: جموجۆلە سەربازییەكانی ئەمریكا لەدەورووبەری كۆیە زیادیكردووە
9 . خەرمانان . 2723

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی تەواوبوونی رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، جموجۆلە سەربازییەكانی ئەمریكا لەدەورووبەری كۆیە زیادیكردووە.
RNA
بەرپرسانی سیاسی و سەربازی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو مانگی رابردوودا بە بۆنەی جیاواز ھەڕەشە لە عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكەن، كە دەبێ لە وادەی دیاریكراودا كە دەكاتە 28-ی خەرمانان حیزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان چەك بكەن و داواكراوەكانیش رادەست بكەن. لەدوایین لێدواندا ناسر كەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەگەر عێراق رێككەوتنی ئەمنی نێوانیان جێبەجێ نەكات، ئەوان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەیان كاردانەوەیان دەبێت.
لەگەڵ ئەوەش وادیارە بەغدا و تاران لەسەر ناوەرۆكی رێككەوتنەكە و جۆری جێبەجێكردنی رای جیاواز و خوێندنەوەی جیاوازیان ھەیە، چوونكە ھەرزوو لە وەڵامی ناسر كەنعانیدا باسم عەداوی گوتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند كە ئەوان ھەموو بڕگەكانی رێككەوتنەكەیان جێبەجێ كردووە. عەداوی تۆری كۆمەڵایەتی ئیكس توویتەری جاران ئاشكرایكرد كە رێككەوتنەكەیان لەسەر رێگریكردن لەدزەكردنی چەكداران بۆ ناو ئێران و داخستنی ئۆردوگاكان بووەو ئەوەش جێبەجێ كراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لێدوان و ھەڕەشەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران ھەر بەردەوامە.
ھاوكات لەگەڵ ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران و عێراق، بەپێی زانیارییەكانی RNA جموجۆلە سەربازییەكانی ئەمریكا لە نزیك ھەیبەت سوڵتانی كۆیەو رێگەی نێوان كۆیە و تەقتەق بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە RNA -ی راگەیاند كە لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا ھاتووچۆی ھێزەكانی ئەمریكا بەو رێگایانەدا زیادیكردووەو پێشتر بەھیچ شێوەیەك ئەو جموجۆلانە لەو سنوورە نەبینراون.
سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگاداریش دەڵێ پێدەچێ ئەمریكا بنكەیەكی سەربازی دیكە لە دەورووبەری كۆیە بكاتەوەو ئەو گواستنەوەی كەلوپەلە سەربازیانەش پەیوەندی بەو بڕیارە نوێیەی ئەمریكاوە ھەیە، كە دەیەوێ بنكەیەكی دیكەی سەربازیش لە عێراق و ھەرێمی كوردستان زیاد بكات. RNA بۆ زانینی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە بەرپرسانی حدكا و ھەرێمی كوردستانیشەوە گرت، بەڵام بێ ئاگایی خۆیان لەو بوارە دەربڕی.