1 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

حەماس چ جۆرە چەکێک بەکاردەهێنێت و چۆن دەگاتە دەستی؟

 حەماس چ جۆرە چەکێک بەکاردەهێنێت و چۆن دەگاتە دەستی؟
26 . بەفرانبار . 2723

ماڵپەری ئاسۆشیتێدپرێس زیاتر لە سەدوپەنجا ڤیدیۆو وێنەی بڵاوکردووەتەوە کە لەماوەی سێ مانگی رابردوودا لەسەر شەڕی حەماس و ئیسرائیل گەیشتووەتە دەستی. ئەو ماڵپەرە لەسەر بنەمای ئەو ڤیدیۆو وێنانە راپۆرتێکی شیکاری ئامادە کردووەو دەریدەخات کە چەکەکانی حەماس لە کوێ و چۆن گەیشتووەتە دەستی.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە جۆرەها چەک لەناوچەگەلی جیاوازی جیهان رەوانەی غەزە کراون، لەکاتێکدا نزیکەی ١٧ ساڵە بۆ رێگریکردن لە دەستراگەیشتنی حەماس بە چەک جۆرە گەمارۆیەکیشی لەسەر بووە، بەڵام لەو سێ مانگەدا زۆرترین چەک بەدەستی حەماس گەیشتووەو هەمووشی لەرێگەی قاچاغ بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاسۆشیتێدپرێس جۆرەها تفەنگی دروستکراوی ئێران، کڵانشینکۆفی دروستکراوی رووسیا و چین، مین و هاوەنی دروستکراوی کۆریای باکوور و بۆڵغارستان گەیشتووەتە دەستی حەماس و چەندین مووشەکی دژە تانکیش کە بەشێوەی نهێنی لەناوخۆی ‌غەززەدا مۆنتاژ دەکرێنەوە. ئەو چەکانە لە ماوەی رابردوودا کاریگەری زۆریان هەبووەو زیانی زۆریشیان لە ئیسرائیلییەکان داوە.

کارناسان لەو راپۆرتەدا ناوەرۆکی ڤیدیۆو وێنەکانیان بۆ ئاسۆشیتێدپرێس شیکردووەتەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە جۆری چەکەکان چیە، تایبەتمەندییەکانیان چین و تەنانەت لە کام وڵاتیش دروستکراون، لەگەڵ ئەوەش دیار نیە کە وڵاتی دروستکەری چەکەکە راستەوخۆ بۆ حەماسی ناردوون یان لەرێگەی قاچاغ و بەتایبەت لە لیبی و عێراق و سوریاوە رەوانەی غەززە کراون.

لەگەڵ هەمووی ئەوانە راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە کە زۆربەی چەکەکانی حەماس نوێن و حەماس توانیویەتی لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی لەسەرە، بەڵام لەرێگەی ئاسمانی و وشکانی و لەرێگەی قاچاغ چەکەکان بگەیەنێتە غەززە. ئەگەری ئەوەشی هەیە کە لەرێگەی بەلەمی بچووک و لەرێگەی توونێلەکانیش لەچوارچێوەی گواستنەوەی خۆراک و کەرەستەی مرۆیی چەکەکانی گواستبێتەوە.

بەرێوەبەری دامەزراوەی توێژینەوەی سەربازی کە ناوەندەکەی لە ئۆسترالیایە، لەراپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە زۆربەی چەکەکان دروستکراوی ئێران، رووسیە و چینن، ئەگەرچی چەکی دروستکراوی کۆریای باکووریشی بەرێژەی کەمتر تێدایە. لەدیارترین چەکە سووکەکانی درووستکراوی ئێران کە حەماس پێیەتی، تفەنگی "سەیاد ئای ئێم پەنجا"-یە، کە گوڵڵەی کالیبری پەنجای هەیەو کاریگەرییەکی زۆریشی هەیە، پێشتر ئەو چەکە بە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە یەمەن و سوریەش و عێراقیش دیتراوە. یەکێکیتر لەو چەکانە موشەکی دژە ئاسمانی "ئیسترلا ناین ئێم ٣٢"-یە، کە پێشتر لەرووسیا دروستدەکرا، بەڵام ئێستا ئێران و چینیش دروستی دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل بە ئاسۆشیتێدپرێسی گووتە کە حەماس تێکەڵەیەک لە چەکی بازاری رەشی وەکوو کلاشینکۆف، ئارپی جی ٧ و مووشەکی دژە تانک و هاوکات هەندێک چەکی سادەی دروستکراوی خۆی هەیە. ئەو بەرپرسە سەربازییە دەڵێ حەماس بەکەڵک لەهەندێک ئاسنەواڵە، مووشەک دروستدەکات، بەشێوەیەک کە تەقەمەندی کودی کیمیایی دەکاتە نێو ئەو سندووقە ئاسنانەو دەیانتەقێنێتەوە.

یەکێکی دیکە لەو چەکانەی کە حەماس هەیەتی، درۆنی درووستکراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، جۆرە درۆنێکی هەیە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر بنکە چاودێرییەکانی ئیسرائیل و لەکارخستنی کامێراکانیەتی. هاوکات راپۆرتەکە پێیوایە کە حەماس پێدەچێ درۆنی شاهیدیشی هەبێ کە پێشتر رووسیا لە شەڕ دژی ئۆکرانیا بەکاری هێناوە. ئەو جۆرە درۆنە کوڵاوەیەکی پڕلەتەقەمەنی هەیەو لەگەڵ کەوتن لەشوێنی مەبەست دەتەقێتەوە. حەماس تەنانەت کەڵک لە درۆنی بچووک و هەرزانی چینیش کەڵک وەردەگرێت کە لە بازارەکان زۆر بەئاسانی دەست دەکەون.

ئاسۆشیتێدپرێس لەکۆتاییدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە راپۆرتەکە دەتوانێ دۆخی ئێران لاواز بکات، چوونکە بەڵگەیەکی دیکەیە لەبەردەستی زڵهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بکەن، وەڵامدەر بێت.