17 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان

نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
5 . ڕێبەندان . 2723

هەموو شتێک لە راپۆرتێکی گۆڤاری فارن پۆلیسی ئەمریکاوە دەستیپێکرد، چوار سەرچاوە لە وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئامریکا بەو گۆڤارەیان راگەیاند کە واشنتن نایەوێ لە ئەرکی خۆی بۆ دژایەتیکردن داعش لە سوریا بەردەوام بێت. ئەو سەرچاوە جیاوازانە بە فارن پۆلیسیان گوتووە کە ئامریکا گفتوگۆکانی بۆ دیاریکردنی کات و چۆنییەتی چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و بەتایبەت لەباشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، (رۆژئاوای کوردستان) دەستپێکردووە. پێشتریش گۆڤاری ئەلمۆنیتۆری ئەو وڵاتەش ئاشکرایکردبوو کە ئامریکا دەیەوێ هاوپەیمانییەک لەنێوان کوردەکان و دەوڵەتی سوریا پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی ئەوان ئەرکی شەڕ لەدژی داعش بگرنە ئەستۆ. کەواتا واشنتن دەیەوێ هاوپەیمانی کوردەکان و دیمەشق لەجێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش لە سوریا دابنێت.

بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان راستەوخۆو ناراستەوخۆ ئەو پەیامەیان پێگەیشتووە کە ئەگەری دەرچوونی ئەمریکا زۆر بەهێزە، بەتایبەت ماوەیەکە واشنتن لەبەرامبەر هێرشە بەرفراوانەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەتا رادەیەک بێدەنگی هەڵبژاردووە. تەنانەت مەزلووم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس ئاماژەی بەوە کردبوو، کە ئەمریکای هاوبەشمان نەک لەبەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ شوێنە مەدەنییەکان بێدەنگە، بەڵکوو واهەست دەکرێ تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ناراستەوخۆی ئامریکا خەریکە ئەو هێرشانە بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دەکات.

هاوکات هەر لەسەر بنەمای ئەو نیگەرانیانە ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیش لە وتارێکدا لەماڵپەری پەیمانگەی کی پی ئەی ئەمریکا بەوردی باسی لە نیگەرانییەکان کردووە، ئەو نایشارێتەوە کە بەردەوام نەبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا نیگەرانی کردوون. ئیلهام ئەحمەد رەخنەی لە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان گرتووە کە هیچ ستراتیژییەکیان بۆ قۆناغی دوای نەمانی داعش نیە.

سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بە گەورەترین کێشە دەزانێت، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەبەرامبەریدا بێدەنگە. ئەو هۆشداری داوە کە ئامانجی سەرەکی تورکیا پاکتاوکردنی کوردەکان لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سوریایە. چوونکە تورکیا خەریکە ژێرخانەکانی ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج. ئەوەش لەکاتێکدایە کە کوردەکان لە سوریا ١٢ هەزار شەهیدیان لە شەڕ لەدژی داعش داوەو ئێستاش بەهێزبوونەوەی داعش ئەگەرێکی کراوەیە.
نیگەرانییەکی دیکەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە ئەگەرچی ئەوان هەر لەسەرەتاوە دەیانەوێ پەیوەندییەکی پتەویان لە حکومەتی بەشار ئەسەد لە دیمەشق هەبێت، بەڵام بەگوتەی ئیلهام ئەحمەد ئەوان نایانەوێ پەیوەندیی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری سوریای دیموکرات بگرن. بەشار ئەسەد ئەو دۆخەی قبووڵ نیەو ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیش نایەوێ‌ پێکهاتەی سیاسی سوریا بۆ پێش ساڵی ٢٠١١ بگەرێتەوەو دەیانەوێ سیستەمێکی لامەرکەزی لەسوریا بێتەدی، داوایەک کە بەشار ئەسەد تاکوو ئێستا نەک قبووڵی نەکردووە، بەڵکوو ئامادە نیە گفتوگۆشی لەسەر بکات.

یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بەردەم رۆژئاوای کوردستان لەدوای هێرشەکانی تورکیا و پیلانگێرییەکانی ئەو وڵآتە لەدژی، دیارنەبوونی چارەنووسی سیاسی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکە، چوونکە بەگوتەی ئیلهام ئەحمەد جگە لەوەی بەشار ئەسەد ئامادە نیە لەسەر بنەمای لامەرکەزی گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، هاوکات کوردەکان نوێنەریان لەهیچ یەک لە هەوڵەکانی ئاشتی بۆ داهاتووی سوریا نیە، نە لە گفتوگۆکانی ئاستانا و نە لە گفتوگۆکانی ژنێڤ ئیدارەی خۆسەر نوێنەری نیەو ئەوەش‌ گرفتێکی دیکەی جیدی بەردەم رۆژئاوای کوردستان لە ئەگەری نەمانی هیزەکانی ئەمریکا لەو بەشەی کوردستانە.

دوای هەموو ئەو ئەگەرانەی لە میدیاکانی ئەمریکادا باس دەکرێت، لە تاکە کاردانەوەی فەرمیدا گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وەڵامی پرسیارێکی تۆری میدیایی رووداوی داوەتەوەو باسی لە ئەگەری کشانەوە یان نەکشانەوەیانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا نەکردووە، بەڵکوو داوای لە هێرشەکانی تورکیا کردووەو رایگەیاندووە کە ئەوان بەردەوامن لەسەر پشتیوانیکردنی هێڵەکانی ئاگربەست و داوای کەمکردنەوەی تووندوتیژییەکانی کردووە، داواشی لەهەردوولا کردووە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەی سیاسی چارەسەر بکەن.