لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵرۆژی كوژرانی حكومەتی ژینا ئەمینی و دوای بانگەوازی حیزبە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی رۆژھەڵاتی كوردستان ھێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێكی زۆر لە شارەكانی كوردستانیان میلیتاریزە كردووەو بەشێوەیەك حكومەت نیزامی (دۆخی ئاوارتە)-ی رانەگەیاندراو جێبەجێ دەكەن. بەپێی زانیارییەكانی RNA لەزۆربەی دەروازەكانی شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان چەكدارە كوردەكانی سەر بە سوپای پاسداران و بەسیج دیژبانی و شوێنی پشكنینی ئۆتۆمبێلیان داناوەو لەھەندێك شاری وەكوو سنە و مەھاباد لەناوەراستی شارەكانیش ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان دەپشكنن. ھاوكات بەپێچەوانەی ساڵانی پێشوو ئەمجارە پێشوەختە ھێزەكانی گاردی ویژە بە چەكی سوك و قوورس لەناوەندی شارەكانی سنە، سەقز، مەھاباد و بۆكان جێگیر كراون. شایەتحاڵێك بە RNA راگەیاند كە بەشێوەیەكی تەواو شاری سەقز لەلایەن سوپای پاسداران و چەكدارە كوردەكانی سەر بە سوپای پاسداران گەمارۆ دراوە، ئەو شایەتحالە دەلێ بۆ نموونە رێگەی نێوان سەقز و بانە لەلایەن گروپ گەلێكی سوپا بە فەرماندەیی عەلی یاسین پەرەست و ئیبراھیم سیپێھری گەمارۆ دراوەو رێگەی گوندەكانی بوگە بەس، حەسار، قزلیان و كەھریزی سەردار و رێگەی گەندی شاریكەند و جادەی بورھانیان گرتووە. ھاوكات سەرچاوەیەكی ئاگاداریش رایگەیاند كە لە فەلەكەی زیندانی شاری سەقز ھەتا نزیك شاری بانەو رووبەروی گۆرستانی ئایچی بەھێزی قورس و بەچكدارانی سوپای پاسداران و ھێزە ئینتزامییەكان گەمارۆ دراوە. ھێزی یەگان ویژەش لە ئەمرۆ پێنجشەممە بەیانییەوە لە مەیدانی قودسی سەقز جێگیر كراون، بەشێوەیەك ئاراستەكراون كە دڵەراوكێ بۆ خەڵك دروستبكەن. بەھەمان شێوەی ھێزی یەگان ویژە لە مەھابادیش جێگیركراوەو ماوەی دوو ھەفتەشە چەكدارە كوردەكانی سەر بەسوپای پاسدارانیش لەئامادەباشیدان، بەپێی شایەتحاڵێكی لە شاری مەھابادیش ئێواران جۆرێك خۆنیشان دەدەن كە كاریگەری لەسەر وڕەی خەڵك دابنێن. بەپێی زانیارییەكانی RNA حكومەت لەرێگەی سایبرییەكان و لیباس شەخسییەكانییەوە ھەوڵی ترساندنی ھاووڵاتیان دەدات و ماوەی ھەفتەیەكە ھەوڵی تێكدانی دۆخی سایكۆلۆژی ھاووڵاتیان دەدات، بۆ نموونە لەكاتی قەرەباڵغی و لەكاتی ئێواران بە جەرسەقیل وا نیشان دەدات كە سەرجەم شاریان بە كامێراكان تەنیوە، تەنانەت وای لەنێو خەڵكدا بڵاوكردووەتەوە كە گوایا كامێراكان دەتوانن ھاووڵاتیان بە دموچاوی بەستراویش بناسێتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو ئیمكانە بەھیچ شێوەیە نیە. ئەو دۆخە میلیتاریزەیە لە شارەكانی سەقز، سنە، سرابلەی ئیلام، كرماشان، بۆكان، پیرانشار، مەھاباد، شنۆ، كامیاران، جوانرۆ بەشێوەیەكی بەرچاو ھەست پێدەكرێت، ئامانجی رژێمیش نمایشێكی سەربازییە بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان لە مانگرتن و خۆپێشاندان پاشگەز ببنەوە. تەنانەت بەپێی زانیارییەكان حكومەت سێ رۆژە بەشێك لە ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەكانی لە زۆربەی شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان داخستووە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان بە پاساوی گەشتیاری سەردانی ئەو شارانە نەكەن. شایەتحالێكیش لە تێرمینالی غەربی تاران بە RNA-ی راگەیاند كە رژێم ماوەی ھەفتەیەكە رێگە نادات ئۆتۆبووسەكانی تاران بەرەو كوردستان ھیچ گەشتیار و موسافیرێك بگوازنەوەو پێیان وتراوە كە نابێ كەس بەرەو شارەكانی كوردستان ببەن. لەگەڵ ھەموو ئەو ھەڕەشە و نمایشی ھێزانە، ھاووڵاتیان لەشارەكان ورەیەكی زۆریان ھەیە. بەشێوەیەك جیا لە بانگەوازی لایەنە سیاسییەكان چەندین راگەیاندراو لەلایەن رێكخراوە مەدەنییەكان و گروپە تەشكیلاتییەكان لە شارەكانی سنە، سەقز، بۆكان و مەھاباد بڵاوكراوەتەوە كە ھەندێكیان بە دەست RNA گەیشتوون. رێكخراوەكان و چالاكان و رێكخەران لەناوخۆی شارەكان بانگەوازیان بڵاوكردووەتەوەو داوایان لەھاووڵاتیان كردووە، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە ھەنگاو بە ھەنگاو دەست بە چالاكییەكانیان بكەن. داوا لە ھاووڵاتیان كراوە، لەئێوارەی رۆژی پێنجشەممە خۆپێشاندانی ھێمن و بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە سەنتەری شارەكانی كوردستان ئەنجام بدەن، لەھەمان شەودا گلۆپی ماڵەكانیان لەیەك كاتدا بۆ ماوەی سێ خولەك بكوژێننەوە. لەھەر شوێنێك بۆیان گونجا دروشمی ژن ژیان ئازادی بلێنەوەو ھاوكات سرودە شۆرشگێرەكان بەدەنگی بەرز بڵاوبكەنەوە. ھاوكات ئەو رێكخراوەو چالاكانە داوایان لەھاووڵاتیان كردووە ھەرجۆرە لۆگۆو ئێلێمێنێكی كۆماری ئیسلامی پەیوەندیدار بەكۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەرشوێنێك بێت، بھێننە خوار. وەكوو پشتیوانییەكیش لە مانگرتنی رۆژی شەممە داوایان لە ھاووڵاتیان كردووە، یەكدەست بەشداری لە مانگرتنەكەدا بكەن و، دواتریش بەپێی دۆخەكە چالاكی و كاردانەوەی گونجاویان ھەبێت.