26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

بۆچی ئێران لە كۆیەو زرگوێز تۆقیوە؟

بۆچی ئێران لە كۆیەو زرگوێز تۆقیوە؟
28 . خەرمانان . 2723

سەرەتای چیرۆكەكە سالێك بەر لەئێستا لە شەقامەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەستی پێكرد، دروشمەكانی ژن ژیان ئازادی، كوردستان گۆرستانی فاشیستان كۆڵان و شەقامەكانی ھەموو شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانی تەنیبوو، لە ئابدانانەوە ھەتا ماكۆ یەك دەنگ داوای ئازادیان دەكرد و، دژی كۆماری ئیسلامی ئێران دروشمیان دەوتەوە.

ئیتر كوردستان یەكپارچەبوو، گەورەوبچووك و ژن و پیا بەیەكەوە جیھانیان سەرسام كرد. ئەو دروشمەی لە سنە، ئیلام، مەھاباد، پیرانشار، شنۆ، كامیاران، بۆكان، جوانرۆ و ...ھەموو كوردستان دەوترایەوە، بووە لۆگۆی سەرجەم كۆروكۆبوونەوەكانی جیھان. لە واشنتنەوە بگرە ھەتا بێرلین، لە سیدنییەوە ھەتا بێرگن. جیھانی لەشۆكی داعشی تیرۆریست تازە خەریكبوو دەربازی دەبوو، بەسەر شۆكی شۆرشی ژینا و ژن ژیان ئازادیدا كەوت. ئەوكاتیش كوردستان ھێلی بەرگری و لەناوبردنی رەشایی داعش بوو، ئەمجارەشیان وێنای جیھانێكی جیاوازتر لەھەموو مێژووی بەگوێی مرۆڤایەتیدا دەكرد.

ئەو كاتەی لاوانی رۆژھەڵات، ئاگریان لەسەر پشتی كۆماری ئیسلامی ئێران كردبوویەوە، ناوەندی ھەواڵگری و ئەمنییەكانی سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتڵاعات و تەنانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران پەنجەیان بۆ شوێنێك راداشت، ئەویش ھەرێمی باشووری كوردستان بوو. ئەوان پێیانوابوو ژووری فیكرو رێكخستنی ھەموو ئەو شكۆیەیی لە شەقامی رۆژھەڵات دەبینرێت، لە قەڵای دیموكرات و زرگوێز و پردێ و بانەگەورەن.

ھێشتا شەقام جمەی دەھات، لەماوەی دە رۆژدا بە مووشەك و درۆن سێ جار ھێرشكرایە سەر قەڵای دیموكرات و تەنانەت شوێنە مەدەنییەكانی حیزبی دیموكرات لە كۆیە، ھاوكات بەدرۆن لە زرگوێز بارەگای كۆمەڵە و پردێ شوێنی پێشمەرگەكانی پارتی ئازادی كوردستانیش درا. كۆماری ئیسلامی ئێران پێیوابوو بێدەنگكردنی ھێزە سیاسییەكان لە كۆیەو زرگوێزو پردێ، كواژندنەوەی ئاگری شەقامەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانە. بەڵام ھەر موشەكەی لە قەڵا دەدرا، رقی لاوانی سەرشەقامی ئەستوورتر دەكرد، بەڵام دەنگی شۆرشگێرانی سەر شەقام لە ھی ئەو درۆنانە بەرزتربوون كە بووردوومانی زرگوێزیان دەكرد.

كۆماری ئیسلامی ئێران بەو ئەنجامە گەیشتبوو، تاكە رێگەی دەربازبوون لەو دۆخە لەناوبردنی پارتە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانە. ھەربۆیە لەنێو ئەو ھەموو قەیرانە ئابووری و سیاسییە نێودەوڵەتییەی ھەیبوو، لەناوبردنی حیزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە ھەرێمی كوردستانی كردە، ئەولەویەتی ھەرە لەپێشینەی خۆی. ھەربۆیە دوای ئەوەی لەدوورەوەو لە مووشەك و درۆن و سیخورو... بێھیوابوو، لە 28-ی رەشەممەی 1401 رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ عێراق واژۆ كرد، واژۆكەرانی قاسم ئەلعەرجی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی شەمخانی سكرتێری ئەوكاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بوون، لەكاتی واژۆكردنی رێككەوتنەكەدا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بەشداربوو.

كۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت میدیاكانی سەر بە سوپای پاسداران بەمشێوەیە باسیان لە رێككەوتنەكە دەكرد، یەكەم نەھێشتنی پێشمەرگەی حیزبەكان لەسەر سنوور، دواتر چەككردنیان، ئینجا كۆكردنەوەی ئۆردوگاكان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەك لەدەرەوەی ھەرێم و ھاوكات رادەستكردنەوەی ئەو كەسایەتیانەی ئێران داوایان دەكات. لەو بەینەدا ھاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە نوێنەرایەتی جنین پلاسخارتیش ھاتنەسەر خەت. چوونكە كۆماری ئیسلامی ئێران خەریكبوو بە ھەموو تواناكانییەوە گوشاری بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان دەھێنا. تەنانەت عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان و دەیان بەرپرسی كوردی دیكەش بە ئاشكرا وتیان ئێران لەرێگەی دارودەستەكانی لەپەرلەمان و حكومەتی عێراق پرسی موچەی ھەرێمی كوردستانیشی بەستووەتەوە بەو داواكاریانەی ھەیەتی.

كۆماری ئیسلامی ئێران دوا وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 25-ی گەلاوێژ راگەیاندبوو، رێك ساڵوەگەری قەتلی حكومەتی ژینا ئەمینی، ئەو ژینایەی كوردستانیان بۆ خاوەنداریەتیكردن لێی شەش مانگ ئاگریان لەسەر پشتی كردبوویەوە. زۆر كەس پێیوابوو دیاریكردنی ئەو رۆژە بۆ ئەوەی ئەو حیزبانەی ئێران بەھۆكاری خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردووی دەزانین، چیتر نەتوانن بپرژێنە سەر رۆژھەڵاتی كوردستان. وایان لێبكا ھەموویان سەرقالی پاراستنی خۆیان بن و، لەترسی نەمانی قەڵا و زرگوێز لەو رۆژە مێژووییەدا سنەو كرماشان و مەھاباد و...لەبیر بكەن.

كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو پیلانەشی سەری نەگرت و رێك ئەنجامی پێچەوانەی ھەبوو. لەگەڕمەی ھەڕەشەكان و كۆبوونەوەكان بۆ چەككردن و بەگوتەی خۆیان لەناوبردنیان، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا شەش لایەنی سیاسیی رۆژھەڵاتی كوردستان (حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵە سازمانی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیست، پژاك، پاك و خەبات) بانگەوازی مانگرتنیان لەرۆژی قەتڵی حكومەتی ژینا دەركرد، ھاوكات كۆمەڵەی شۆرشگێرانیش بەجیا ھەمان داواكاری لە ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان كرد. كاك مستەفا ھیجری بەرێوەبەری ناوەندی بەرێوەبەریی حدكاش لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا باسی لە نەسرەوتن ھەتا سەركەوتن كرد. دوای بانگەوازەكە جارێكیتر تاران تووشی شۆك بوویەوە، بەگوتەی چاودێران لە دوای ساڵەكانی شۆرشی گەلانی ئێران و شەڕی ئێران و عێراق گەورەترین جولەی سەربازی كرد. شارەكانی كوردستانی بە تەواوەتی میلیتاریزە كرد، چەكی قورسی ھێنا كوردستان و تەنانەت تانكی بردە سەر گۆری ژینا لە گۆرستانی ئایچی سەقز. لەگەڵ ئەوەش جارێكیتر كوردستان یەكپارچە مانی گرت و حەماسەیەكی دیكەیان خوڵقاند.

كۆماری ئیسلامی ئێران كە وەكوو ساڵی رابردوو ئەو دەمانە شكستێكی دیكەی خواردبوو، سەرجەم كارتە سیاسی، ھەواڵگری و ئابوورییەكانی خستەوەگەر بۆ ئەوەی حیزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان چەك بكات و، لەسەرسنوور دووریان بخاتەوە. لەكۆتاییدا لە28-ی ئەیلوول رۆژێك پێش تەواوبوونی وادەی رێككەوتنە ئەمنییەكە، قاسم ئەڵعەرجی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق و جنین پلاسخارت نوێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتنە ھەولێر. ئەڵعەرجی كە نزیكە لە دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و نزیك لەكۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ئەوەی ھاتبوو چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات، ئەویش دووخالی سەرەكی بوو. ھاتنەخواری ھێزی پێشمەرگە لەسنوورو چۆڵكردنی قەڵای حیزبی دیموكرات. جنین پلاسخارتیش ھاتبوو لەنزیكەوە دۆخی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی كوردستان بزانێت، ئەوان لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم كۆبوونەوە.

رۆژێك پێشتر راگەیاندرابوو كە كەس لە قەڵادا نەماوەو پێشمەرگەكانیش لەسەرسنوور دابەزیون، بەمشێوەیە رۆژی نۆزدەی گەلاوێژ لێژنەی ھاوبەشی ئەمنی عێراق و ئێران رایانگەیاند كە رێككەوتنەكە جێبەجێ كراوە. تاكوو ئێستا لایەنە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لێدوانی فەرمیان لەو بوارە نەداوە، بەڵام زۆر كەس دەلێ وەكوو ھەموو خەونەكانی پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەشی لێ دەبێتە كابووس و مۆتەكە. وەكوو ھەموو پیلانەكانی لەوەشدا تووشی شكستێكی گەورەتر دەبێتەوە، چوونكە پێشمەرگە لەو شوێنەیە كە دەبێ لێی بێت و شەقامی رۆژھەڵاتیش ئەو شوێنەیە نڕكە لەپشتی تاران ھەڵدەستێنێ.