20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

رەبیعی مامۆستا تەنیا و وڵاتپارێزەکە

رەبیعی مامۆستا تەنیا و وڵاتپارێزەکە
13 . سەرماوەز . 2723

نووسینی: مەسعوود هاشمی
مامۆستا رەبیعی لە دوازدەی سەرماوەزی ١٣٧٥ بەرانبەر بە ٢ی دیسامبەری ١٩٩٦ لە ژێر پیلانی ( قتلهای زنجیرەای) دا شەهید کرا، ئەڵبەت لە زۆر شوێنێکدا ١١ی سەرماوەز نووسراوە. هەر کە ناوی مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەبیعی دێت، زۆرجارێک رۆشنبیران یان خۆێنەرانی کورد مامۆستا عەلادینی سەجادی و یان مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس و مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی بە نموونە دەهێننەوە. تایبەتمەندی مامۆستا ڕەبیعیش لەوەدا بوو وێرای بوونی سێبەری هەڕەشە لە سەری، ئەو بوێرییەی وەک قەڵایەک لە خۆڕاگری، ناوبراوی جیاوازتر لە هەموو مەلاکانی تر دەسەلماند. ئەو تەنیا مەلای ئایینی نەبوو، کەسایەتییەکی نووسەر و ڕۆشنبیر، بێژەری رادیو، وشاعیر و ئەدیب بوو. شەهید مامۆستا ڕەبیعی سەر بە رێکخراو و ڵایەنێک سیاسی و ئایینی نەبوو، ڕەخنەگرێکی دڵسۆز کە قەد هاندەری توندئاژۆیی نەبوو. بە گشتی ئەو لە بەرەی خەڵک بوو، بۆیە ڕابەرێکی ئایینی و نەتەوەییش بوو.

لە ڕوالەتیشدا ئەو جیاواز بوو، بۆ نموونە لە کاتێکدا زۆربەی مەلاکانی ئێران ڕدێنیان هەبوو، مامۆستا رەبیعی هەردەم ڕیشی دووتێغە دەکرد. ئەگەر تۆزێ ڕیشت هەبووایە، دەیگووت: “کاکم یان ڕیشێکی جوان بهێلەوە یان جوان بیتاشە.” مرۆڤێکی باڵابەرزی چوارشانەو کەڵەگەت، وەرزشکار و رۆخۆش و دەنگخۆش ، وخاکی و بە ئەدەب بوو.

هەژار بوونی مامۆستا ڕەبیعی زۆرجار لە جلوبەرگەکانیدا و ئنجا خانووە قوڕییەکەی ئەلافخانەی جەوانشیر، کە گەرەکێکی کۆنە لە کرماشان، بە ئاسانی بەدی دەکرا. هەر چەندە لە کاتی شەهید بوونیدا لەو خانووەدا نەدەژیا، بەڵام تەمەنێکی زۆری لەو خانووەدا بە سەر برد. ئەڵبەت بە پێچەوانەی شەهید مامۆستا رەبیعی، ئیمامانی جومعەی دەستنیشانکراو لە شارە کوردییەکانی رۆژهەڵات دا ژیانێکی خۆشگوزەران و تایبەتیان هەبوو، تەنانەت چەند شەقامێک خوارتر لەو مزگەوتی جامعی شافعی کە مامۆستا رەبیعی نوێژی جومعەی تیادا دەخۆێند، زەرەندی ئیمام جومعەی کرماشان کە کوردیش نەبوو لە پارێزگاکەدا بۆ خۆی حکومەتێک بوو.

ئەو جۆش و خرۆش و خۆشەویستییەی جەماوەرییەی کە بۆ مامۆستا رەبیعی هەبوو جیاواز بوو، بەو شێوەیە کە مامۆستا خۆشەویشتی خۆی لە ناو جەماوەردا هەست پێ دەکرد. ڕۆشنبیران و فەرهەنگپارێزان و جەماوەری شارەکە بە گشتی مامۆستایان خۆش دەویست. زۆر کەسانێک کە لە دەسەڵات تووڕە و زوێر بوون، خۆشەویستی وهەروەها شێوازی بانگەشەی مامۆستا بەرەو مزگەوتی شافعی رایدەکێشان. خوێندکارانی زانکۆ بگرە تا وەکو کەسایەتی وەک رەوانشاد ئیسماعیل تەتەری، پەرلەمەنتاری کرماشان، کە بۆ خۆی شیعە بوو سەردانی مزگەوتی شافعی دەکرد. مامۆستا وەک قەڵایەک هەمووی کوردێکی بە شیعەو سوننییەو لە ئامێزی خۆیدا کۆدەکردوە. جاڕێکم لە بیرە کە مامۆستا رەبیعی بە خێرهاتنی ڕەوانشاد تەتەری دەکرد و گووتی:” کاک ئیسماعیل بیست هەزارتمەنی هاوکاری نوێژەن کردنەوی مزگەوتی شافعی کردووە، و دەستخۆشی لێ دەکەین.” مزگەوتی جامع شافعی کرماشان هەرچەندە گەورەترین مزگەوەتی شافعییەکان شارەکە بوو، بەڵام کیفایەتی خەڵکەکەی نەدەکرد. جیا لە بوونی کەسایەتی مامۆستا و ئنجا گرفت بۆ نوێژەن کردنەوەی گرفتێکیتر بوو کە دەسەڵات بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی حازری هاوکاری گەورەکردنەوەی مزگەوتەکە نەبوو.

مزگەوتی جامع یان شافعی ئەو سەردەمەدەە وەک سەکۆیەک بۆ بانگەشەی کاری فەرهەنگی بوو، کتێب و گۆڤارە کوردییەکان لەو مزگەوتەکەدا لە رۆژانی هەینی دا دەفرۆشران. مامۆستا رەبیعی کاتێ کە گۆڤاری سروە دەردەچوو، بانگەشەیەکی فەراوانی بۆ ئەو گۆڤارە کە بۆ خۆی لە دامەرزێنەرانی بوو دەکرد، تا ئەو ڕادەیە خەڵکم دەبینی کە خوێندەواری نەبوو، بەڵام سروەی دەکڕی بەو ئۆمیدەی کە منداڵەکەی لە سەر قسەی مامۆستا فێری خوێندن و نووسینی کوردی ببێت. شەهید مامۆستا رەبیعی زۆر پەرۆشی زمانی کوردی و پەرەسەندەنی هەژەموونی زمانی فارسی و بێگانە بوو تا ئەو ڕادەیە کە بێ ترس دەیگووت: “لەعنەت لەو باوک و دایکەی کە ناهێڵن مندالەکەی فێری زمانی کورد ببێت.” و زۆر بە ڕاشکاوی دەیگووت، هەر کوردێ حەشا لە کورد بوونی خۆی بکات، ئەوە موسڵمان نییە. هیچ نوێژێکی هەینی نەبوو کە شەهید مامۆستا ڕەبیعی دوعا بۆ گەلی چەوساوەی کورد نەکات. کۆڕی ماتەمینی بۆ مامۆستا هێمن و ئنجا مامۆستا هەژاری دانا، لە پرسەی مامۆستا هەژاردابە بەندەی فەرموو کە بەرنامەکە بەڕێوە ببەم، ماجد روحانی و ڕۆشنبیرانی سنە و کرماشان لە مراسمێکی پڕ شکۆدا بەشدارییان کرد، و لە بیرم دێ کاتێ گووتم مامۆستا دواگووتاری پرسەکە با جەنابت بفەرموون، گووتی نە بە میوانەکانیتر بڵێ با قسە بکەن.

پشتگیری مامۆستا لە ڕەوانشاد تەتەری لە گەراندنەوەی ناوی دێرینی کرماشان لە) باختران( ەوە وێردی سەرزمانی خەڵکی کرماشانە، ئەو کاتەی کە مامۆستا مزگەوت دا بە خەڵکی دەگووت: “کرماشانەکەتان پیرۆز” کرماشانەکەت تەبریک ئێژم.” هاوکارانی بەشی رادیو، کە زۆر رێز خۆشەویسییان بۆ مامۆستا هەبوو دەگێڕنەوە، کە کاتێ سڵاومان لە مامۆستا دەکرد، هەر زوو دەیگووت، “و علیکم السلام و کرماشانەکەت تەبریک ئێژم”. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە یەکێک کتێبەکانی مامۆستا” پەروای پەچکەی بەنی ئادەم “دوای حەوت ساڵ بە ئانقەز دواخستنی لە لایەن ) وزارت ارشاد اسلامی( دواجار لە چاپ درا. تەلەفوونم بۆ کرد، دوای سڵاو و ئەحواڵپرسی و پیرۆزبایی لە چاپدانی کتێبەکەیم لێ کرد، فەرمووی منیش کرماشانەکەت تەبریک عەرز ئەکەم ، بەڕاستی جەنابت یەکەم کەسی کە پیرۆزبایی ئەو کتێبەم لێ دەکەی. مامۆستا لە بوارە فەرهەنگییەکاندا زۆر هاندەری لاوەکانی شار بوو، بۆ نموونە جارێک بە نوینەرایەتی رۆشنبیرانی کرماشان منی ڕاسپارد کە بە نووسینی گووتارێ بەشداری ئەنجومەنی ئەدەبی ئابیدەری سنە بکەم.

بەڵام مامۆستا مەڵا محەمەدی رەبیعی لە نێو کۆمەڵگای مامۆستایانی ئاییندا زۆر تەنیا بوو، زۆرێک لەو جەریانانەی کە خۆیان زۆر بە ڕاشکاوتر لە مامۆستا دەبینی هاودەنگ و پشتیوانی مامۆستا نەبوون، بە تایبەتی ئەو کاتەی کە مامۆستا پێداگیری لە سەر فەرهەنگپارێزی و زمانی کورد دەکرد. ئەڵبەت شارەزایی و پێگا کۆمەڵایەتی مامۆستا مەودای ئەو ڕووبەڕّونەوەی لێ کەم کردبوون. یەکەم کتابی مامۆستا ڕەبیعی بە ناوی ئاینەی ئیسلام کە بە فارسی بوو لە چاپ درا، مامۆستای خستە بەر ڕەخنەی ئەوانەی کە بۆ خۆیان لە بەرەیەکی جیا لە مامۆستا دانابوو و لە جەریانی ئیخوان نزیک بوون. هەرچەندە مامۆستا وەڵامی ڕەخنەی ڕەخنەگرانی دەدایەوە بە بێ ئەوەی هێرشی بە سەر کەسایەتیەکان بکات. لە سەردەمی ژیانیدا مامۆستا ڕەبیعی چەند کتێبێکی لە چاپ درا کە ئاوێنەی ئیسلام ، عالیجناب گوریل، پەروای بەچکەی بنیادەم، کە بە ناوبانگترینیان باقیات سالحات لە بواری شەرعیدا و هەروەها عالیجناب گوریل کە سیاسی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی بوو ناو ببەین. مامۆستا ڕەبیعی دیوانی شیعری هەیە کە پێم وابێ تا ئێستا لە چاپ نەدراوە. ئەڵبەت چەندین کتێبی تری نوسیووە کە لە چاپ نەدراوە. درێژەی دەبێت.