26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

بودجەی ١٤٠٣ هێندە وێرانە، مەجلیسیش رەتیکردەوە

بودجەی ١٤٠٣ هێندە وێرانە، مەجلیسیش رەتیکردەوە
25 . سەرماوەز . 2723

پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئێران كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌لایه‌ن ئیبراهیم ره‌ئیسی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ كرابوو، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران ره‌ت كرایه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئیرنا، له‌ 235 نوێنه‌ری ئاماده‌بوو له‌ په‌رله‌مانی ئێران، 91 په‌رله‌مانتار به‌ به‌ڵێ و 127 په‌رله‌مانتار به‌ نه‌خێر و 10ی تر به‌ بێلایه‌ن ده‌نگیان به‌ پڕۆژه‌كه‌ دا و له‌ ده‌ره‌نجامدا ره‌ت كرایه‌وه‌. په‌رله‌مانتاران هۆكاری سه‌ره‌كیی ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌یان بۆ زۆریی قه‌باره‌ی كورتهێنان و له‌ به‌رچاونه‌گرتنی هه‌ندێك له‌ خه‌رجییه‌كان و زۆریی قه‌باره‌ی باج گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ پڕۆژه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ ره‌ت كرایه‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ی تێكه‌ڵاوی په‌رله‌مانی ئێران كه‌ به‌ لیژنه‌ی 'ته‌لفیق' ناسراوه‌، له‌ نۆ ئه‌ندامی لیژنه‌ی بودجه‌ و پلان و سێ ئه‌ندامی هه‌ریه‌ك له‌ لیژنه‌ پسپۆڕییه‌كان پێكدێت، پڕۆژه‌یاساكه‌یان په‌سند كردبوو.


هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی ئێران یه‌كده‌سته‌ و له‌لایه‌ن توندڕه‌وه‌ بناژۆخوازه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌برێ، به‌ڵام وادیاره‌ كه‌موكورتییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووبن كه‌ زۆربه‌ی نوێنه‌ران له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی نیگه‌ران بوون.

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ قه‌باره‌ی كورتهێنانه‌كه‌ی 450 تریلیۆن تمه‌ن بووه‌، هیچ حیسابێكیش بۆ زیادبوونی مووچه‌ی خانه‌نشینان نه‌كراوه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و زیاده‌یه‌ی بخرایه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌وا كورتهێنانی زۆر زیاتر ده‌كرد.

پێویسته‌ بگوترێ حكوومه‌تی ئێران له‌ هه‌وڵدایه‌ له‌ رێی په‌رله‌مانه‌وه‌ نرخی فه‌رمیی دۆلار به‌رز بكاته‌وه‌ و به‌م هه‌نگاوه‌ كورتهێنانی بودجه‌ پڕ بكاته‌وه‌، هه‌نگاوێك كه‌ به‌ مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر بژێویی خه‌ڵك لێك ده‌درێته‌وه‌.

پێشتر فه‌رمانگه‌ی پلان و بودجه‌ی ئێران رای گه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر نرخی فه‌رمیی دۆلار له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێران به‌رز بكرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌ قه‌باره‌ی 200 تریلیۆن تمه‌ن كورتهێنانی بودجه‌ پڕ ده‌بێته‌وه‌. له‌ بودجه‌ی ساڵی رابردوودا نرخی فه‌رمیی دۆلار به‌ 28 هه‌زار و 500 تمه‌ن ده‌ستنیشان كرابوو، له‌ كاتێكدا نرخی دۆلار له‌ بازاڕی ئازاد له‌ نێوان 45 تا 55 هه‌زار تمه‌ن ئاڵوگۆڕ كراوه‌ و ئێسته‌ له‌ سه‌رووی 50 هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشرێت.

پێشنیاره‌كه‌ی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئێران ئه‌وه‌یه‌‌، نرخه‌كه‌ی بگه‌یه‌نرێته‌ 35 هه‌زار تمه‌ن و له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتوو جێگیر بكرێت. له‌و كاته‌دا ئه‌و كاڵا و پێداویستییه‌ گرنگانه‌ی كه‌ حكوومه‌ت هاورده‌یان ده‌كات و به‌ دراوی فه‌رمی ده‌یخاته‌ بازاڕه‌وه‌، له‌سه‌ر خه‌ڵك زۆر گرانتر ده‌وه‌ستێت و كاریگه‌ریی زۆر نه‌رێنیی بۆ سه‌ر هه‌ڵاوسان ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئابووریش زیاتر داته‌پێت.

بودجه‌كه‌ به‌ ناڕوونترین و ئاڵۆزترین پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌وه‌ته‌ی 120 ساڵی رابردووی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ژمار ده‌كرێت. خه‌رجییه‌كان له‌ داهات زۆر زیاتره‌ و پێشبینی كراوه‌ قه‌باره‌ی كورتهێنانی بودجه‌ له‌و وڵاته‌ بگاته‌ 450 تریلیۆن تمه‌ن. داهاتی باج 50%ی تر زیاد كراوه‌ و هیچ ئاسۆیه‌كی روون بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و باشتركردنی بژێویی خه‌ڵك له‌و بودجه‌یه‌دا به‌دی ناكرێت.


قه‌باره‌ی بودجه‌ ده‌گاته‌ شه‌ش هه‌زار و 478 تریلیۆن تمه‌ن
به‌پێی ره‌شنووسی بودجه‌ی گشتیی ساڵی داهاتووی ئێران، قه‌باره‌ی بودجه‌ ده‌گاته‌ شه‌ش هه‌زار و 478 تریلیۆن تمه‌ن و به‌راورد به‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی ئێران، 29.7% زیادی كردووه‌. هه‌ر به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ حكوومه‌ت ده‌بێت رۆژانه‌ ملیۆنێك و 350 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، هه‌ر به‌رمیلێكیشی به‌ 65 یۆرۆ خه‌مڵاندووه‌.

ئێران له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆری كردووه‌ و به‌هۆی خراپیی كارگێڕی و كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئابووری له‌لایه‌ن سوپای پاسداران، به‌كاربردنی ئه‌و داهاته‌ بۆ مه‌به‌ستی لاوه‌كی و په‌ره‌پێدانی ئایدۆلۆجیای سیاسی، ساڵ به‌ ساڵ ئابووری زیاتر پاشه‌كشه‌ ده‌كات و ژیانی خه‌ڵك سه‌ختتر ده‌بێت.