وەرگێران: لەیلا قادری بەڵێنە درۆکانی خومەینی پێش دەسەڵات لە چەندین چاوپێکەوتن و لێدوانی جیاواز کاتێک لە نۆفێل لۆشاتۆی پاریس بووە. ڕێکەوتی ۱۹ی ڕەزبەری ۱۳٥۷ کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانی وتی؛ "ئێمە هەموو سەمبوول و هێماکانی شارستانییەت بە باوەشی ئاوەڵە لەخۆدەگرین." رێکەوتی ۱ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەن وتی: " لە کۆماری ئیسلامی ئایندەدا ژنان لە هەموو شتێکدا خاوەنی مافی یەکسان دەبن لەگەڵ پیاوان." لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەواڵدەری ڕویتەرز لە ٥ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ وتی کە لە ئێرانی ئیسلامیدا خۆی حکوومەت ناکات و تەنیا چاودێری بەڕێوەچوونی دۆخەکە دەبێت و هیچ پلەیەکی رێبەری وەئەستۆ ناگرێت و دەگەڕێتەوە شاری قوم و لە حوجرەکەی سەرقاڵی وانە وتنەوە دەبێت. ڕێکەوتی ۸ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳٥۷ لە لێدوانی بۆ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ بەمشێوەیە لە ڕێژیمی پاشایەتی دەدوێی: "لە لۆژیکی ئەوانەدا ئازادی یانی زیندانیکردنی نارازییەکان، سانسۆڕی چاپەمەنییەکان . بە پێی لۆژیکی ئەوان( مەبەستی ڕێژیمی پاشایەتی) شارستانییەت و پێشکەوتن واتە پەیڕوی کردنی هەموو جومگەکانی وڵات هەر لە فەرهەنگ و ئابووری و ئەرتەش و دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکارییەوە بگرە تا کۆتایی دەبێ لە یەک ناوەندی دەسەڵاتەوە فەرمان وەربگرن. خومەینی وتی؛ ئێمە هەموان لەناو دەبەین. لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی پیزاسرە ۲ی نوامبری ۱۹۷۸ کە هاوکاتە لەگەڵ ۱۱ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ وتی؛ "لە حکوومەتی ئیسلامیدا ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و چاپەمەنییەکان بە ڕەهایی ئازاد دەبن و دەوڵەت مافی چاودێری و سانسۆڕی نابێ". ڕێکەوتی ۹ی نوامبری ۱۳۷۸ کە هاوکاتە لەگەڵ ۱۸ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی؛ "لە حکوومەتی ئیسلامیدا پێکهاتە ئایینیەکان بە رەهایی ئازادن و هەموان دەتوانن ئازادانە بیروباوەڕی خۆیان دەربڕن". رێکەوتی ۱٠ی نوامبری ۱۹۷۸ کە هاوکاتە لەگەڵ ۱۹ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ لە لێدوانێکی لەگەڵ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتی؛ "لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا کۆمونیست و چەپەکانیش بەتەواوی لە دەربڕینی بیروباوەڕی خۆیان ئازادن." لە ڕێکەوتی ۱۱ی نوامبری ۱۹۷۸ کە هاوکاتە لەگەڵ ۲٠ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەیزونی ئێن بی سی خومەینی وتی:" دەڵەتی ئیسلامی بە مانای وشە دێموکڕات دەبێت و من لەو دەوڵەتەدا هیچ چالاکییەکی سیاسی و حکوومەتیم نابێ. لە ڕێکەوتی ۱٦ی نوامبری ۱۹۷۸ کە هاوکاتە لەگەڵ ۲٥ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ تەلەفزیونی ئۆتریش وتی؛" من نامهەوێ ببمە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئایندە و نامهەوێ حکوومەت و دەسەڵات بگرمە دەست." ڕێکەوتی ۱٦ی نوامبری ۱۹۷۸ کە هاوکاتە لەگەڵ ۲٥ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەفتەنامەی گاردیەن وتی:" لە کۆماری ئیسلامیدا ژنان ئازادن چ لە خوێندن و چ لە هەر کارێکی دیکەدا." ڕێکەوتی ۱۷ی نوامبری ۱۹۷۸ کە هاوکاتە لەگەڵ ۲٦ی خەزەڵوەری ۱۳٥۷ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەواڵدەری ئەسوشویتێد پرێس خومەینی وتی؛ " نە خواستی کەسی خۆم و نە دۆخی روحیم ڕێگەم پێنادەن دوای ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی هیچ ڕۆڵێکم لە ئیدارە و بەڕێوەبەری وڵاتدا هەبێ." ڕێکەوتی ۹ی ژانویە ۱۹۷۹کە هاوکاتە لەگەڵ ١٩ی بەفرانباری ۱۳٥۷ خومەینی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆند وتی:" دوای رۆیشتنی شا من نە دەبمە سەرۆک کۆمار و نە هیچ پلەیەکی رێبەری دیکە وەئەستۆ دەگرم."