1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئیسرائیل دەبێ جۆن بجوڵێتەوە، عەقڵانییەت لەسیاسەتی نێودەوڵەتییدا

ئیسرائیل دەبێ جۆن بجوڵێتەوە، عەقڵانییەت لەسیاسەتی نێودەوڵەتییدا
27 . خاکەلێوە . 2724

دوێنێ ئێران هێرشی کردە سەر ئیسراییل و تۆپی یاریەکەی خستەوە بەرپێی بنیامین نێتانیاهۆ. ئێستا 'عەقڵانییەت' لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا چیمان پێ ئێژێت؟ ئیسراییل دەبێت چۆن بجووڵێتەوە؟
ئەوەی کە ئێران دوێنێ کردی، راستەوخۆ سەلماندی کە لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا جووڵایەوە. بەو واتایە کە ئیسراییل بە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئێران لە سوریە، پەیامێکی توندی گەیاند بە ئێران کە "من دەتوانم مەترسی بم بۆ سەر خاکی تۆ". ئێرانییەکان بە باشی لەم پەیامە تێگەیشتن، بۆیە ئەگەر لە 
چوارچێوەی تیۆرییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا چاو لە بابەتەکە بکەین، زۆر روون و ئاشکرا بوو کە ئێران وەڵام دەداتەوە، لەبەر ئەوەی هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت مەترسی "مانەوە" بۆخۆی لە ئاستێکی زۆر سەرەوەدا قەبوڵ بکات. من بە پشتبەستن بە زانستی سیاسەتی نێودەوڵەتی گەیشتم بەو درئەنجامەی کە "ئێران وەڵام دەداتەوە". ئەوەی کە بۆ زۆر کەس "چاوەڕوانکراو نەبوو". کەواتە دەمەوێت بێژم؛ نەناسینی ئەو تێۆریانەی کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بوونیان هەیە، دەتوانێت تەنانەت ئەم دۆخەی ئێستای بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی کوردی لێبکەوێتەوە. ببینن کە چۆن کەسانێک تەنانەت لە ئاستی سەرەوەی حیزبی کوردیدا "گاڵتە" دەکەن بەم دۆخەی کە هاتۆتە پێشەوە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن خۆیان کۆبکەنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێکی نادیار لە داهاتوودا ئامادە بکەن، بەڵام زۆر بێ بەرپرسیارانە خەریکن نووسینی بێ بنەما بڵاو دەکەنەوە.
بەهەرحاڵ ئەوەی دوێنێ دەستپێکی قۆناغێکی نوێس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ باسکردن لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت قۆناغێک بچینە پێشەوەو زیاتر قورسایی باسەکانمان بخەینە سەر رێکەوتی ۱۳ی ئاپریل واتە دوێنێ و هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسراییل، نەک ۷ی ئۆکتۆبر.
ئیسراییل "دەبێت" چۆن بجووڵێتەوە؟ عەقڵانیەت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێمان ئێژێت: ئیسراییل دەبێت وەڵامی توندی خۆی لە ناوخۆی ئێران بداتەوە و بە قەبارەیەکی زۆر گەورەتر لەوەی کە ئێران ئەنجامیدا، هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران.
عەقڵانیەت هەڵسووکەوتکردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا چییە؟ "جان میرشایمێر" لە دوا کتێبی خۆیدا بەناوی "دەوڵەتەکان چۆن بیر دەکەنەوە" پێمان ئێژێت؛ "عەقڵانییەت هەموو بریتییە لە هێنانەدی مانا بە جیهان، هەم ڕەهەندی تاکەکەسی و هەم ڕەهەندی دەستەجەمعی هەیە [چاو لە کابینەی شەڕی ئیسراییل بکەن، ئەوان دەستەجەمعی خەریکن بیر دەکەنەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران]. لە درێژەدا میرشایمێر دەڵێت؛ "داڕێژەرانی سیاسەتی عەقڵانی بە تیۆری دەجووڵێن؛ ئەوان تیۆری باوەڕپێکراویان هەیە، واتە ڕوونکردنەوەی لۆژیکی لەسەر بنەمای گریمانە واقیعیەکان و پشتگیریکراوی بەڵگەی جەوهەری، سەبارەت بە کارکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی".
من پێم وایە بنیامین نێتانیاهۆ هیچ بژاردەیەکی نییە بێجگا لەوەی کە لە چوارچێوەی تیۆریگەلێک وەک “SecurityDilemma" یان Balance of power" بجووڵێتەوە.
‏SecurityDilemma: بریتە لەوەی کە ئیسراییل وەڵامی ئێران بداتەوە و لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە ئاسایش و خاکەکەی خۆیدا و بۆ پێشگرتن لە هێرشگەلێکی دیکەی ئێران لە داهاتوودا باسی بکات. بەمشێوە هەم وەڵامی ئێرانی داوەتەوە و هەم کێشەی ئاسایشی بۆسەر خاکەکەی خۆی کەم کردۆتەوە.
‏Balance of power ئەم تیۆرییە دەڵێت؛ ئیسراییل لە ئێستادا "مانەوە"ـی لە لایەن ئێرانەوە لە مەترسیدایە. بۆ نەهێشتنی ئەم مەترسیە ئیسراییل ناچارە کە هێزی خۆی واتە "دیواری ئاسنی" خۆی نیشانی ئێران بدات و هاوکات بە ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بێژێت کە "من تەوانایی زۆرم هەیە و ناهێڵم هاوسەنگی هێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زیانم بشکێتەوە". کە من باوەڕم وایە هەمان کاریش دەکات و "دەتێرێنس"ـی خۆی دەباتە ئاستێکی زۆر سەرەوە. ئەگەر ئەم کارە نەکات دەبێت چاوەڕێی ئەوە بێت کە هێرشەکانی ئێران زۆرتر بن، لەبەر ئەوەی ئێران دوێنێ بەو هێرشەی توانی "گەورە بوونی ئیسراییل" بکاتە ئامانج، یان پرۆکسیەکانی ئێران زیاتر پەل دەهاوێژن و لە کۆتاییدا ئیسراییل زیاتر خەساری بەردەکەوێت. هەروەها شەوی ۱۳ی ئاپریلی ۲٠۲٤ وەک مێژوویەکی تاڵ بۆ ئیسرایلییەکان دەمێنێتەوە.
پێشنیارێکم هەیە بۆ هەموو هاوڕێیان: جوگرافیایی باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی ئەکتیڤ بەشداری ئەم بەریەککەوتنانەن، بەڵام جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا نا-ئەکتیڤە، رەنگە ئەم جوگرافیاش بە خێراییەکی زیاترەوە ئەکتیڤ بکرێت، بۆیە تۆزێک خۆتان لە باسی بێ بنەما و نازانستی و هەروەها تێۆری پیلانگێڕی بەدوور بگرن. لە جیاتی ئەو قسە و باسانە هەوڵی یەکگرتوویی ناوماڵی کورد بدرێت زۆر باشتر.