ئەگەر چی پێناسەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەر هەموو جیهان بە ئێعدام، ئەشکەنجە، زیندان و کۆمەڵکووژی … ناسراوە بەڵام، مەخابن لەو ناسنامە ڕەش و دژە مڕۆییەدا بەرکەوتی خەساری گیانی و ماڵی و رەوانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەرچاوترە و تەنانەت دەکارێ بڵێین کە ڕاستەوخۆ بە ئامانج گرتنی خاکی کوردستان و گیان و ماڵی خەڵکی کورد، یەک لەو هەرە سیاسەتە سەرەتاییانەی کۆماری ئیسلامی بووە لە دەرخستنی ڕواڵەتی دڕندە و بێ بەزەیی خۆی.
خومەینی کە وەک ڕێبەرێکی ئایینی ئێرانی دەناسرێ کە شۆڕشی ٥٧ی ئێرانی لە ناوەند (واتایە کە زۆرینە شیعە و فارسن) بە دەست دەگرێ و دواتر کە کوردستان مڵ شۆڕ ناکا بۆ ئەو دەسەڵاتە کە دەیهەوێ خۆ بسەپێنێ، ئەو جیهاد دژی کوردستان ڕادەگەیەنێ و هەر هەموو جۆرە بیر و هێز و ڕێکخراوەکانی ناکوردی ئێرانی لەسەر ئەو ڕاگەیاندنەی خومەینی هاودەنگ دەبن و جێگەی سرنجە کە ئەگەر چی دواتر شەڕ و کێشە و ناکۆکێکی زۆر لە ناو دەسەڵاتدارانی نۆی تاران گڕ دەگرێ و بە ڕوونی کەوتنە سڕینەوەی یەگدی، بەڵام ئەوان لەسەر یەک بابەت کۆک بوون ئەویش کووشت و بڕی نەتەوەی کورد و داگیرکردنەوەی دووبارەی کوردستانە.
لەو ماوە کەمەی کە حیزب و لایەنەکانی کوردستانی هاتبوونەوە ناو خەڵک و پێوەندێکی ڕاستەخۆیان پێک هێنابوو، گەنجان و لاوانێکی زۆر بەشداری کۆڕوکۆبەند و مێتینگەکانیان دەبن و دەبنە ئەندام و هەوادار و هاوکاریان. ئەوە وایکردبوو کە تاران بە باشی دەیزانی بەرهەمی ئەو ئازادی و چالاکی و تین و گڕەی کوردایەتێیەی لاوانی نەتەوەی کورد سڕینەوەی بە یەکجاری ناسناوی داسەپاوی ئێرانییە لە کوردستان و بەو هۆیەش بە دڕندانەترین شێوە کەوتنە کووشت و بڕی لاوانمان.
یەک لەو هەرە خەسارە گەورانە ئێعدامی ٥٩ شۆڕەلاوی مەهابادە لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی کە زۆر بەداخەوە زۆرینەیان ژێر ١٨ ساڵ بوون و تەنانەت ٣٨ لەوان هێشتا دیپڵۆمیان نەگرتبوو و ئەوەش وایکرد کە وەک دەگێڕنەوە، خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت شار و ناوچەی مەهاباد تووشی سەرسووڕمان و دڵەڕاوکێیەکی بێ وێنە دەبن و تەنانەت سێ مانگ دواتر ٣٣ کەسی تر لە خەڵکی شار و گوندی مەهاباد لە زیندانی تەورێز ئێعدام دەکرێن و تۆوی مەڕگ و دڕندەییەکی سامناک بە ئێعدام و زیندان و هێرشی نیزامی، بە سەر کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە.
بێ گوومان هەموو کوردستانیان ئەو ڕاستیە دەزانن کە ڕژیمی فاشیستی ئێرانی بۆ بەردەوامی داگیرکاری خۆی لە کوردستان، هەنووکەش دەست ناپارێزێ لە کووشتن و ئێعدام و بڕیاری زیندان و ئەشکەنجەی گەلەکەمان و کەواتا هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە کۆتایی هاتنی پڕۆسەی داگیرکاری و ڕاونانی داگیرکەر لە سەر زێد و خاکی کوردستان.
یاد و ناوی ٥٩ لاوی مەهابادی و هەر هەموو شەهیدانی کوردستان بەرز و بەڕێزە.
یونس رەحیمزادە