17 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

بژاردەکانی ئێران لەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا

بژاردەکانی ئێران لەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا
7 . ڕەزبەر . 2724

نووسین: کامەران مەتین
وەرگێران: سەیران مەنووچێهری (رۆژهەڵات نیوز)


هەڵەیەکی گەورە و کاریگەری دەوڵەتی ئێران و "بەرەی مقاومەت" ئەوە بوو کە پێیان وابوو ئیسرائیل وەک ئەوان بارودۆخ و ئامادەیی ئەوەی هەیە تاکوو ڕەچاوی "پشوودرێژیی ستراتیژی" بکات. لەسەر بنەمای ئەم گریمانەیە بوو کە ستراتیژیی سەپاندنی شەڕێکی ماندووکەریان هەڵبژاردووە کە هەم سنووردار و هەمیش کۆنترۆڵکراو بێت، بەبێ ئەوەی ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ کۆتایی پێهێنان هەبێت، بە جۆرێک کە ئیسرائیل بە پێویستی نەزانێت، تاکوو هەموو توانا سەربازییەکەی لە شەڕێکی بەدەستوبرددا بەکار بهێنێت. بەڵام بنەمای سەرەکیی وەرگرتنی ئەم ئاراستە و ڕوانگەیە لە ٧ی ئوکتۆبردا گۆڕدرا، لە کاتێکدا دەوڵەتی ئێران و "بەرەی مقاومەت" لەسەر ئەو بنەما هەڵەیە و نەبوونی بنەمایەکی تر بەردەوام بوون.
هەڵەیەکی تریان ئەوە بوو کە بیرۆکەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلیان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەزموونی شەڕی غەززە داڕشت، کە لەو شەڕەدا حەماسێکی زۆر لاوازتر و بچووکتر توانی بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک بەرەنگاری ئیسرائیل بێتەوە. بەڵام دەوڵەتی ئێران و "بەرەی مقاومەت" بەڕواڵەت ئاگاداری ئەو ڕاستییە نەبوون کە بەپێچەوانەی شەڕی حەماس کە ئیسرائیل چاوەڕێی نەدەکرد، سەبارەت بە حیزبوڵڵا و ئێران، ئیسرائیل ساڵانێکە پلانی داناوە و ئامادەکاریی بۆ ئەم شەڕە کردووە.
ئەم ئامادەکارییانە لەسەر حیزبوڵڵا، ڕۆژێک دوای کۆتاییهاتنی شەڕی لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێ کرد. بەشداری حیزبوڵڵا لە شەڕی ناوخۆییی سوریە وایکرد، کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک هەڕەشە و مەترسیی حیزبوڵڵای لەسەر ئیسرائیل کەم کردەوە و ئیسرائیلی هان دا تاکوو ئامادەکاری و بەرنامەداڕێژی بۆ شەڕێکی نوێ لەگەڵ حیزبوڵڵادا بکات، هاوکاتیش ئەمەش کاتێکی زیاتری بە ئیسرائیل دا بۆ ئەوەی خۆی بۆ شەڕی یەکلاکەرەوەی داهاتوو ئامادە بکات.
ئێستا دەوڵەتی ئێران لە بارودخێکی زۆر هەستیار و ستراتیژیدایە کە هیچ ڕێگەیەکی ئاسانی بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە ئاڵۆزە نییە. بژاردەیەک ئەوەیە کە ئێران بۆ پشتیوانی لە پاشماوەکانی حیزبوڵڵا بێتە ناو گۆڕەپانی شەڕەکەوە. بەڵام ئەم بژاردەیە مەترسیی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە و لە ئاکامدا مەترسیی ڕاستەقینەی ڕووخان و کۆتاییهاتن بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەدواوەیە.
بژاردەی دووەم ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشوودرێژی ستراتیژیکی خۆی بکاتە "میدیتەیشن"ێکی سەربازی بەردەوام و، دیسان ئاراستەی "تۆڵەی تووند" (انتقام سخت) لە "کاتی گونجاودا" (کە دیار نییە کەی ئەو تۆڵەیە دەکەنەوە) بگرنە بەر. ئەو بژاردەیە دەبێتە قبووڵکردنی ستراتیژیی یەکگرتوویی بەڕەکان و بازنەی ئاگر بە دەوری ئیسرائیل.
لەم حاڵەتەدا سەنگەرە ناوچەیییەکانی ئێران کە ٤٠ ساڵە سەدان ملیارد دۆلاری بۆ خەرج کردووە، بۆ ئەوەی بەباوەری خۆیان مانەوەی خۆیانی پێ بپبارێزن، لەناو دەچن و هێزە نیابەتییەکانی دیکەی ئێران وەک هێزێکی پارێزەر لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل و رۆژئاوا نامێنن. هێزێکی لەمپەر کە فەلسەفەکەی ئەوە بوو کە بڵێسەی شەڕە ناوچەیییەکان (کە دەوڵەتی ئێران ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرەتا و بۆ مانەوەشی هەبووە) لە ئێران دوور بخاتەوە.
بژاردەی سێیەمی دەوڵەتی ئێران ئەوەیە کە بەخێرایی چەکی ناوکیی خۆی دروست بکات و تاقیشی بکاتەوە بۆ ئەوەی وەک ڕێگرییەکی نوێ بە دژی ئیسرائیل (لە نەبوونی حیزبوڵڵا و حەماس) بەکاری بهێنێت. هەروەها ئەگەری ئەم بژاردەیە زۆرترە، چونکە لە ڕوانگەی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە دوور نییە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕێگریکردن لە دروستکردنی چەکی ناوکیی ئێران، لە هەر هەلومەرجێکدا سیاسەتێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا و هەمیشەییی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و هەیە، هەڵبژاردنی ئەم بژاردەیە بۆ ئێران مەترسییەکی زۆر جیددی و گرانی بۆ ئێران هەیە و ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکای بۆ سەر ئێران زیاتر دەکات. لەکاتێکدا سیاسەتی پشوودرێژی ستراتیژی و نەرمینواندنی قارەمانانە بۆ ئەوەی دارێژراوە، کە لەهەر حاڵەتێکدا تەنانەت ئەگەر هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا هێرشی ئاسمانیش بن، نەکەونە ناو ئەو شەڕەوە، چوونکە لەو حاڵەتەشدا مەترسی داڕمانی ئابووری و سیاسیی لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە.
ڕۆژان و حەفتەکانی داهاتوو بۆ ئێران و ناوچەکە یەکلاکەرەوە و گرنگ دەبن.