پارێزەری پەخشان عەزیزی لەپرۆسەی بەرێوەچوونی دۆسییەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە نیگەرانەو دەڵێ پەخشان بێ تاوانە، بەڵام هەواڵی خۆشیان لەدادگای پێداچوونەوە پێ ناگات. ئەمیر رەئیسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، داوای لە دادگای باڵای پێداچوونەوەی ئێران کرد کە بەجیدی لەسەر بەڵگەکانیان وردبێتەوەو لە دەرکردنی بڕیاری کۆتاییدا پەلە نەکات. پەخشان عەزیزی چاڵاکوانی سیاسی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشاری بەتۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. لەکاتێکدا بەو تۆمەتە سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە، پەخشان ماوەیەک لە رۆژئاوای کوردستان وەکوو راوێژکاری کۆمەڵایەتی ئەو کەسانەی داوە کە لەشەڕی داعش ئاوارە بوونە. ئەمیر عەباسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی رایگەیاندووە بەڵگەی تەواویان بە دادگا داوە کە دەریدەخات پەخشان کاری مرۆیی و راوێژکاری کۆمەڵایەتی لەکەمپی ئاوارەکانی شەڕی داعش کردووە. لەگەڵ ئەوەش عەباسیان نیگەرانی خۆی ناشارێتەوەو رایگەیاندووە کە ترسی ئەوەیان هەیە دادگای باڵای پێداچوونەوە لەدەرکردنی بڕیاری کۆتاییدا پەلە بکات، ئەوەش هەتا رادەیەکی زۆر نیگەرانی کردوون.