بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK
سەبارەت بە پێویستیی بەهێزکردنی هاوپەیمانیی کوردستانی و پووچەڵکردنەوەی فیتنەگێڕییەکان!
ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد!
پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان!
چالاکانی سەربەخۆ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان!
لای هەمووان ئاشکرایە کە تەبایی و یەکڕیزیی نێوان پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، چ بەها وپێویستییەکی گرینگە و پێچەوانەکەشی: ناتەبایی و ناکۆکیی چ بەڵایەکی گەورەیە بەسەر کورد و بزاڤە سیاسییەکەیەوە.
دامەزراندنی هاوپەیمانیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی و وەڵامدانەوە بوو بە پێویستییەکی سیاسیی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان و بووە هۆی پێشوازیی و دڵگەرمی و پێکهاتنی هیوایەکی گەورە نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و لای دۆستان و دڵسۆزانی کورد و بزاڤە ڕزگاریخوازییەکەی.
ڕاست لە بەرانبەر کوردستانیاندا، کۆماری ئیسلامی لەلایەک و بەشێک لەتاک و گرووپ و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە ڕاستەوە تا چەپ؛ دژایەتی ، دڵتەنگی و نیگەرانیی دایگرتن و بەشێوەی هەڵوێست و ڕەفتاری جۆراوجۆر دەریانبڕی و نواندیان. ئەم حاڵەتە پێشتر لە سەردەمی «دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد»یش، ئەزموون کرابوو.
یەکێک لەو گرووپانە«کۆنگرەی ئازادیی ئێران»ە. تەکەزیی لەسەر ئەو لایەنە لەم بەیاننامەیەدا لە بەر ئەوەیە کە سێ لایەنی کوردی ئەندامی هاوپەیمانیی کوردستان، لە دامەزراندن و چالاکییەکانی ئەو کۆنگرەیەدا بەشدار بوون و خاوەن دەورن.
پێکهێنانی بەپەلەی ئەم کۆنگرەیە دوابەدوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی کوردستانی، بەشێک لەو حەول و تەقەلایانەی ئەو بەشە لە گرووپ و تاکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە نشینی فارس بوو بۆ لاوازکردن و زەبر لێدان لە پێگە و پڕێستیژی هاوپەیمانیی کوردستان.
ئەندازیارانی سەرەکیی کۆنگرەی ئازادیی ئێران هەر لە هەنگاوی یەکەمی خۆیاندا، ئەندازیاریی سەرهەڵدانی کێشەیەکیان لە نێوان لایەنە کوردییەکانی ئەندامی هاوپەیمانیی کوردستان کرد. ئەم ڕووداوە و ڕەفتاری ژمارەیەک لە حیزبەکانی ئەندامی هاوپەیمانیی کوردستان کە بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی، بەشدارییان لە دامەزراندنی «کۆنگرەی ئازادیی ئێران»کرد، یەکەم زەبرێ بوو کە لەپاش دامەزراندنییەوە لە پڕێستیژی هاوپەیمانی و هیوای خەڵکی کوردستان و کەش و هەوای هێمن و دۆستانەی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری درا.
پارتی ئازادیی کوردستان لەو سەروبەندەدا، لە کۆبوونەوەکانی ڕێبەرایەتیی هاوپەیمانیدا، زیاتر لە جارێک نیگەرانی و هەڵوێستی جیاوازی خۆی لەسەر کۆی ئەو بابەتە و پرسی بەشداریی لایەنەکانی ئەندام لە هاوپەیمانی لە کۆنفرانس و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی، دەربڕی.
فیتنەگێڕییەکانی هەڵسووڕێنەرانی کۆنگرەی ئازادیی ئێران، بەوە کۆتایی نەهات و لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ناوەندیی کۆنگرەکەدا، بەو ئەندازیارییەی بۆیان کرد، زیاتر ڕوون بوویەوە.
راگەیەندراوی کۆنگرەی ئازادیی ئێران سەبارەت بە« حملە بە احزاب کرد و تشدید سرکوب در ایران» یارییەکی دیکەی کۆنگرە بوو بۆ لەبەر یەک ڕاگرتنی لایەنەکانی هاوپەیمانیی کوردستان. کۆنگرە لەو راگەیەندراوەدا زۆر وەستایانە بە ناوهێنانی بەشێک و سڕینەوەی هێمایی ئەوانی دیکە، حەولی دا لە یەکیان هان بدات.
هەروەها تۆمار و بڵاو کردنەوەی فایلی دەنگیی گفتوگۆی نێوان نوێنەری یەکێ لە لایەنەکان لەگەڵ بەرپرسانی کۆنگرە کە ناوی دوو لایەنە کوردییەکەی دیکەی ئەندامی کۆنگرە و ئەندامی هاوپەیمانیی تێدا هێنراوە، پەردە لەسەر نیازی فیتنەگێڕانەی بەرپرسانی کۆنگرەی ئازادیی ئێران هەڵدەماڵێ و گۆمانێک لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی«پەرتکە و زاڵ بە»لە دژی پارتە سیاسییەکانی کوردستان ناهێڵێتەوە.
هەموو ئەم ڕەفتارانەی کۆنگرەی بەناو ئازادیی ئێران لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنگرەیە لە حاڵێکدا هیچ پێگە و کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتییان لەسەر هیچ بەش و بزاڤێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە جوغرافیای ئێراندا نییە، ئامادە نیین هیچ ستاتوویەکی سیاسیی نەتەوەیی بۆ کورد و نەتەوە نافارسەکانی دیکە بەفەرمی بناسن و دوا بەیاننامەشیان دەریخست لە چ بەرەیەک دا راوەستاون.
پارتی ئازادیی کوردستان PAK هەرلەو کاتەدا کە سیاسەت و هەڵوێست و پراکتیکی سەربەخۆی هەرکام لە لایەنەکانی ئەندامی هاوپەیمانیی کوردستان بە مافێکی ڕەوای خۆیان دەبینێ، هاوکات هەر سیاسەت و هەنگاو و هەڵوێستێک لە هەر لایەکەوە کە زیان بە پێگە و پڕێستیژی هاوپەیمانی کوردستان و کۆکیی و تەبایی نێوان لایەنەکانی ئەندامی بگەیەنێ، بە ناڕەوا و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و بزاڤە سیاسییەکەی دەزانێ.
PAK پێ لەسەر ئەوە دادەگرێتەوە کە پێوەندیی و هەڵسوکەوت لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئەندامییەتی و هاوپەیمانیی لەهەر پێکهاتە و چوارچێوە و کۆنفرانس و کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، لە ڕێگای هاوپەیمانی کوردستانەوە بێ و هاوپەیمانیی کوردستان، وەک یەکەیەکی سیاسی، نوێنەرایەتی کوردستان بکات و بڕیار و مافی نەتەوەیی کورد ڕادەستی هیچ کۆنگرە و گرووپێک نەکرێ کە خەون و خەمی پاراستنی نەزمی ئیستیعماریی لە ئێران بێت.بەمجۆرە هەم پێگە و پڕێستیژی هاوپەیمانیی پارێزراو دەبێت و هەم پێش بە فیتنەگێڕیی و سیاسەتی«پەرتکە و زاڵ بە»ی هەموو ئەوانەی لە دژی یەکێتی نەتەوەیی کورد و تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پلان و پیلان دادەڕێژن، دەگیرێ.
پارتی ئازادیی کوردستان PAK
١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ کوردی
٢٣ی جوولای ٢٠٢٦ زایینی