22 . ڕەزبەر . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژکۆحەفتەوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

نامەی کراوەی گرووپی یەکرێزی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نێچیروان بارزانی

نامەی کراوەی  گرووپی یەکرێزی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نێچیروان بارزانی
22 . ڕەزبەر . 2726

دەستەی کارگێری گروپی یەکریزی نیشتمانی لەنامەیەکی کراوەدا روو بە نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەخنە لە دوا لێدوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێت و داوای ڕوونکردنەوە دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن:"ئێمە بە پێویستی دەزانین کە لە پێناو یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد لە سەرووی سنوورە دەستکردەکانەوە، داوای ڕوونکردنەوە  بکەین لە لێدوانی هەر بەرپرسێکی سیاسی کە هەوڵی ناتەبایی و لەتکردنی کورد و کوردستان دەدا."


نامەیەکی کراوە بۆ بەرێز  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان!


لە قسەکانتان لە دیداری مێریدا، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانتان بەوە تۆمەتبار کرد کە «زۆر نابەرپرسانە ڕەفتاریان کرد» و هەرێمیان خستە بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورە. ئەم حوکمە قورسە و پێویستی بە بەڵگە هێنانەوەی ڕوون هەیە؛ بەڵگەیەک لەو قسانەتدا پێشکەش نەکرا.

هیچ ناکۆکییەکمان لەگەڵ ئەو بنەمایە نییە کە حکومەتی هەرێم دەبێت ئاسایشی خەڵکەکەی بپارێزێت و ڕێگە نەدات خاکەکەی ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر دراوسێکان. بەڵام لە نێوان ڕاگەیاندنی ئەم سیاسەتە و تۆمەتبارکردنی گشتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جیاوازییەکی گرنگ هەیە.

ئێوە بە تایبەتی ئاماژەتان بەوە کرد کە لە سۆشیال میدیا باس لە چوونی ئەم هێزانە بۆ ناخۆی ئێران کراوە. پرسیار ئەوەیە: ئەو هەواڵ و بانگەشانە کێ بڵاوی کردوونەتەوە؟ ڕاگەیاندنی فەرمیی کام لە حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون؟ وتەی کام بەرپرسی ڕێکخراوەیی ئەو حێزبانە بوون؟ یان هەواڵ و لێکدانەوەی کام میدیا و کەسانی دیکە بوون؟

ئەگەر حیزبێک بە فەرمی بانگەشەی کردووە، دەبێت ناوی ئەو حیزبە و دەقی بانگەشەکە دیاری بکرێت. ئەگەر هەواڵەکان لەلایەن کەسانی دیکەوە بڵاو کراونەتەوە، بە چ بنەمایەک بەرپرسیارییەکە دەخرێتە ئەستۆی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوەدستان؟

هەروەها، بانگەشەیەکی میدیایی، بڕیارێکی حیزبی و کردارێکی سەربازی سێ شتی جیاوازن. هەر یەکەیان پێویستی بە بەڵگە و هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆی هەیە. ناکرێت لە هەواڵێکی سۆشیال میدیاوە بگەینە حوکمێکی گشتی لەسەر بەرپرسیاریی سیاسیی چەندین حیزب.

ئەو حیزبانە لە هەرێمدا لە ژێر یاسا و ڕێسا و ڕێکخستنەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا دەژین و چاڵاکی دەکەن. ئەگەر بەڵگەی پێشێلکردنی ئەو ڕێسایانە هەیە، داوا دەکەین بە ڕوونی بخرێتە ڕوو. کام حیزب، لە چ کاتێکدا، کام ڕێنمایی یان پابەندیی پێشێل کردووە؟ ئەگەریش ئەم کارەی کردبێت ئایا ئاگادار کراوەتەوە و دەرفەتی وەڵامدانەوەی پێدراوە؟

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان!

ئێمە بە پێویستی دەزانین کە لە پێناو یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد لە سەرووی سنوورە دەستکردەکانەوە، داوای ڕوونکردنەوە  بکەین لە لێدوانی هەر بەرپرسێکی سیاسی کە هەوڵی ناتەبایی و لەتکردنی کورد و کوردستان دەدا.

لێدوانی بێبەڵگە لە زمانی سەرۆکی هەرێمەوە، ئەو گومانە لە لای خەڵکی باشووری نیشتمان درووست دەکا کە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان مەترسین لەسەر ژیانی ئەوان.

داواکاریی ئێمە ڕوونە: بەڵگەکانی ئەم تۆمەتە بخەنە بەردەم ڕای گشتی، دەرفەتی وەڵامدانەوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەن و، ئەگەر بەڵگەیەکیش بۆ ئەو حوکمە گشتییە لە بەر دەستدا نییە، ڕاستکردنەوەیەکی ئاشکرا بۆ پەیامەکەتان بکەن.

بە لای ئێمەوە پاراستنی ئاسایشی هەرێم و پاراستنی کەرامەتی سیاسیی کوردانی ڕۆژهەڵات لێکئاڵاون و هیچکامیان ئەویتریان رەفز ناکاتەوە. پەیوەندیی نێوانیان پێویستی بە ڕوونی، دادپەروەری و گفتوگۆ هەیە.


لەگەل رێز

دەستەی کارگێری گرووپی یەکرێزی رۆژهەڵاتی کوردستان

١٤-١٠-٢٠٢٦