ئامادەکردن: رۆژهەڵات نیوز بەرپرسانی سیاسی، سەربازی و هەواڵگری ئەمریکا لەسەر پاراستنی رۆژئاوای کوردستان هاوڕان و داوا لە تورکیا و ئەو هێزانەی دیمەشقیان گرتووە، دەکەن کە خۆیان لە کوردەکان نەدەن. جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا کە مانگێکی دیکە کورسییەکەی خۆی رادەستی دۆناڵد ترەمپ دەکات، لە یەکەم کاردانەوەی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد رایگەیاند کە هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی سوریە کە دەکاتە رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە، بایدن ئاشکراشیکرد کە پاراستنی ئەو زیندانەی کە لەکۆنترۆڵی کوردەکان دایەو چەکداری داعشی تێدا راگیراوە، زۆر گرنگە. سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاشکراشیکرد کە لەچەند رۆژی رابردوودا چەندین پێگەی داعشیان لەناو خاکی سوریە کردووەتە ئامانج. بەر لە جۆبایدن بەشی زۆری بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەمریکا سەبارەت بە پاراستنی رۆژئاوای کوردستان لێدوانیان دابوو. ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری هەڵبژێدراوی ئەمریکا لەیەکەم کاردانەوە بەرامبەر دۆخی سوریا رایگەیاند کە ئەوە پرسی ناوخۆیی سوریایەو پەیوەندی بەوانەوە نیە. بەڵام کابینەکەی پێشتریش لەسەر پاراستنی کوردەکان پێداگربوونە. مارکۆ رۆبیرۆ وەزیری دەرەوەی کابینەی ترەمپ و مایک واڵتز راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ ساڵی ٢٠١٩ رەخنەی تووندیان لە دۆناڵد ترەمپ گرت کە رێگەی بەتورکیا داوە کە چەند شاری رۆژئاوای کوردستان لەسەر سنوور بگرن، ئەوان ئەو کارەیان بۆ مەترسیدار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناوبردبوو. هاوکات دۆناڵد ترەمپ توڵسی گاباردی وەکوو بەرێوەبەری زانیارییەکانی کابینەکەی دەستنیشانکردووە. ساڵی ٢٠١٩ گاباراد رەخنەی تووندی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەشێک لە رۆژهەڵاتی سوریا گرت، کە بووە هۆی ئەوەی تورکیا هێرش بکاتە سەر ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان. گابارد ئەوکات بە تەلەفزیۆنی هیل-ی گوتبوو کە کوردەکانی سوریە بوونە قوربانی بڕیارەکانی ترەمپ. لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆری بەرپرسانی سیاسی و سەربازی کابینەکەی ترەمپ تێگەیشتنێکی باشیان لەسەر کوردەکان هەیە، بەڵام بەشێک لەئەندامانی کابینەکەی هەر نیگەرانن کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوە لە سوریا بدات. رابێرت کنێدی جۆنیۆر بڕازای جان ئێف کنێدی سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا کە هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپە، ماوەیەک لەمەوپێش بە تاکر کارڵسن رۆژنامەوانی بەناوبانگی ئەمریکای گوتبوو کە ئەگەری ئەوە هەیە کە ترەمپ بڕیاری هێنانەدەری هێزەکانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە سوریە بدات. کنێدی ئاشکرایکردووە کە لەگەڵ ترەمپ لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست گفتوگۆیان کردووە، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا خەریتەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی داناوەو سەرنجێکی زۆری لەسەر ئەو ناوچانە بوو کە هی کوردەکانە و سوپای تورکیاشی لەدەورووپشتە. رابێرت کنێدی ڕوونیکردەوە کە ترەمپ پێی وتوونە کە ئەمریکاییەکان ٥٠٠ چەکداریان لەو ناوچەیە هەیە، (راستییەکە ئەوەیە کە ئەمریکا ٩٠٠ سەربازی لەوێ هەیە)، ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا ٧٥٠ هەزار چەکدارو سوریاش ٢٥٠ هەزار چەکداری هەیە، ترەمپ لەکۆبوونەوەکەدا گوتبووی کە ئەگەر شەڕ لەنێوان کوردەکان و ئەوان دروستبێت، سەربازەکانی ئەمریکا تووشی کێشە دەبن. ( جێگەی ئاماژەپێدانە چاوپێکەوتنەکەی رابێرت کنێدی لەگەڵ تاکر کارڵسن بەر لە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد بووە). هاوکات رابێرت فۆرد بالیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سوریە و جەیمز جێفری نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە هاوپەیمانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە لێدوانی جیاجیادا دۆخی کوردەکانیان لە داهاتووی سوریە بە خراپ ناوبردووە. ( جێگەی ئاماژە پێدانە، جەیمز جێفری هەر لەسەرەتاوە گومانی ئەوەی لەسەر بوو کە لە حکومەتی تورکیا نزیک بووە.) ئەوان پێیانوایە کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بکشێنەوە، کوردەکان دەکەونە بەردەم هەڕەشەی دەسەڵاتی نوێ لە سوریا و گروپە تووندرەوەکانی وەکوو داعش. لینزی گرام ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی سیناتی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس "پێزانین"ـی خۆی بۆ هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا رادەگەیێنێت، بەڵام دەڵێت "ئەوە بەس نییە. پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی 50 هەزار بەندکراوی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەندکراون. ئازادناکرێن." گرام دەڵێت "نابێت رێگە بدەین تورکیا یان ئەو گرووپە ئیسلامییە تووندڕۆیانەی سووریایان کۆنترۆڵکردووە، هەڕەشە لە هێزە کوردییەکان بکەن کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ دا لە تێکشکاندنی داعش یارمەتیی ئێمەیان داوە."