1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ساڵح موسلیم: ئامادەین لەگەڵ جۆلانی و تورکیا گفتوگۆ بکەین

ساڵح موسلیم: ئامادەین لەگەڵ جۆلانی و تورکیا گفتوگۆ بکەین
21 . سەرماوەز . 2724



سەرچاوە: بی بی سی تورکی
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز
ساڵح موسڵم دەڵێ:"ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکەین." ئەو دەڵێ بەرپرسانی تەحریر شام قسەی زۆر باش دەکەن و چاوەرێین کردارەکانیان ببینین."
ساڵح موسڵم یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەری پەیەدە چاوپێکەوتنێکی دەنگی لەگەڵ بەشی تورکی بی بی سی کردووەو لەوێدا بۆچوونەکانی ئیدارەی خۆسەری و هەسەدەی لەسەر رووداوەکانی ئێستای سوریا و رۆژئاوای کوردستان باسکردووە.
ساڵح موسلیم رەخنەی لە هێرشی چەکدارانی بەناو سوپای نیشتمانی سوریە کە تورکیا پشتیوانیان دەکات بۆ سەر منبج و دەورووبەری گرت. لەگەڵ ئەوەش رایگەیاند کە ئامادەن کە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەری پەیەدە راشیگەیاند کە بەرپرسانی تەحریر شام قسەی زۆر جوان دەکەن، بەڵام چاوەرێ دەبین قسەکانیان بکەن بە کردار. بەگوتەی ئەو ئەگەر تەحریر شام هەنگاوێک لەوان نزیک بێتەوە، ئەوان دوو هەنگاو نزیک دەبنەوە.


تەحریر شام بەشێکە لەسوریە
ساڵح موسلیم سەبارەت بۆ بۆچوونی حیزبی یەکێتی دیموکراتیک لەسەر تەحریر شام دەڵێ: "ئەو کاتەی ئەوان جیبهەی نوسرە بوون دەمانناسین، لە کۆبانێ، سەری کانی و عەفرین لەگەڵیان شەڕمان کردووە. ئێمە یەکتر زۆر باش دەناسین، لەرووی تەکنیکی گفتوگۆشمان هەبووە. ئێمە رێگەمان پێدەدان هاتووچۆ بکەن، ئەوانیش رێگەیان بۆ ئێمە دەکردەوە. لەساڵی ٢٠١٢-ەوە ئەحمەد شەرع ناسراو بە جۆلانی دەناسین."
ساڵح موسلیم ئاشکراشیکردووە کە لەچەند رۆژی رابردوودا هیچ پەیوەندی و گفتوگۆیەکیان لەگەڵ تەحریر شام نەبووە، بەڵام لەئۆپەراسیۆنی حەلەب-دا پەیامیان بۆ هەسەدە ناردووە.
سەبارەت بە رووداوەکانی حەلەب ساڵح موسلیم گوتی: "سەبارەت بە حەلەب، ئەوان هەڵسوکەوتی باشیان هەبوو، پەیامیان نارد کە نایانەوێ هێرش بۆ سەر ئێمە بکەن، لەراستیشدا ئەو کارەیان نەکرد، ئەوە کارێکی ئەرێنی بوو، هیوادارین بەردەوام بێت." لەگەڵ ئەوەش تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەسەری سیاسی بۆ داهاتووی سوریا هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان ئیدارەی خۆسەری و جۆلانی نەکراوە.
لەگەڵ ئەوەش ساڵح موسلیم بە بەشی تورکی بی بی سی گوتووە کە تەحریر شام بەشێکن لە سوریە، هەربۆیە ئەوان ئامادەن لەگەڵیان گفتوگۆ بکەن و گوتی:" تەحریر شام جیاواز لە بۆچوون و ئیدیۆلۆژییەکەیان بەشێکن لە سوریە، هەربۆیە ئامادەین گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی لەدۆخێکی سەقامگیردا بەیەکەوە بژین، ئەوان لە ناوچەکانی خۆیان و ئێمەش لە ناوچەکانی خۆمان."
سەبارەت بە پرسیاری هێڵی سوورەکەیان ساڵح موسلیم گوتی:"باس لەسەر قبووڵکردنی هەبوونی ئێمەیە، ئەگەر رێز لە زمان، کەڵتوور و باوەرەکانمان بگرن، ئێمەش رێزیان لێدەگرین. ئێمە بۆچی تاکوو ئێستا لەگەڵ رژێم شەڕمان دەکرد؟ چوونکە واقعیەتی کوردەکانیان قبووڵ نەدەکرد."
ساڵح موسلیم لەبەشێکی دیکە لەگفتوگۆکەیدا لەگەڵ بی بی سی رایگەیاند:" ئێمە نیزامێکمان لێرە دروستکردووە، سیستەمێکی خودموختاری دیموکراتیک. ئەوە دەتوانێ نموونەیەک بۆ هەموو سوریە بێت. ئێمە لێرە سیستەمێکمان هەیە، لانیکەم سەیری بکەن. ئەگەر کێشەیەکی هەیە، دەتوانین چارەسەری بکەین، ئەگەریش کێشە لەوانە، ئەوان دەتوانن چارەسەری بکەن. لانیکەم پێموایە دەبێ دەرگای گفتوگۆکان بکرێنەوە."

هەندێک لەرابردوویی تەحریر شام نیگەرانین
ساڵح موسڵیم ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەری پەیەدە ناشیشارێتەوە کە هەندێکیش لە رابردووی تەحریر شام نیگەرانن. موسڵیم لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە بەهۆی رابردووی ئەو گروپە، ئێستا لێیان نیگەران نین؟ رایگەیاند:" ئەوان ئێستا قسەی باش دەکەن، باس لە بڕایەتی و شتی وا دەکەن. بەڵام کە سەیری رابردوو دەکەین، هەندێک نیگەران دەبین، قسەکانیان دەبێ بەکردار جێبەجێ بکرێن."
سەبارەت بەوەی کە ئێستاش زۆربەی وڵاتان ئەو گروپە بە تیرۆریستی دەزانن، ئایا ئەوانیش هەمان رایان هەیە، ساڵح موسڵیم گوتی:"ئێستا بۆ ئێمە وانیە، ئێمە دەتوانین لە تەنیشت یەکتر بژین، ئەگەر بەراستی بەرەو چارەسەر بچن، ئێمە قبووڵی دەکەین. بەڵام ئەگەر بڵێن دەمانەوێ خەلافەت دروستبکەین و هەموو دەبێ موسوڵمان بن، دەبێ ئێزدییەکان بکوژین بۆ ئەوەی بچینە بەهەشت و لەو قسانە، ئیتر ئەو کات بەتیرۆریست دەمێننەوە."

دەبێ لەگفتوگۆکاندا بەشدار بین
ئەندامی ئەنجوومەنی حیزبی یەکێتیی دیموکراتیک لەدرێژەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ بی بی سی تورکی گلەیی لەوە کرد کە حیزبەکەیان لە گفتوگۆکانی ژنێف-دا بەشداری پێنەکراوە، ئەوەشی بە هەڵەیەکی گەورە ناوبرد.
ساڵح موسلیم گوتیشی:" هەموولایەک باسیان لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکرد، ئێستاش ئەو باسە گەرم کراوەتەوە. بەڵام ئێوە ناتوانن باکوور و رۆژهەڵاتی سوریە لەبەرچاو نەگرن، ئەوان نوێنەری خۆیان هەیە، لێرە ئیدارەیەکی خودموختار هەیەو هێزی چەکداری خۆی هەیە. ئەگەر دەتانهەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، دەبێ هەموو لایەنەکان لەسەر مێز بن. ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زڵهێزەکان دەیانەوێ رێگە چارەیەک بدزۆنەوە، دەبێ هەمووان لەسەر مێز بن."

ئامانجمان نیە سەربەخۆیی رابگەیەنین
دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەو باوەرەیە کە حیزبی یەکێتی دیموکراتیک دەیەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باکووری سوریە دروست بکات. کاتێک لەو بوارە لە ساڵح موسلیم پرسیارم کرد، ئاوا وەڵامی دایەوە: "هیچ کەس جگە لەئێمە پرۆژەیەکی بۆ یەکگرتوویی نیە. ئێمە نەقشە رێگەی خۆمان هەیە. تاکوو ئێستا تەنانەت یەک کەس لەئێمە نەیوتووە کە دەمانەوێ شتێکی جیا دروستبکەین، تاکوو ئێستاش لەسەر قسەکەمان راوەستاوین."

ئامادەین لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکەین
یەکێکی دیکە لە رەخنەکانی دەوڵەتی تورکیا لە حیزبی یەکێتیی دیموکراتیک ئەوەیە کە ئەندامانی حیزبی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دەستیان لەهێرش بۆ سەر تورکیا هەبووەو لە سوریەوە چوونەتە ناو ئەو وڵاتە. موسلیم ئەوەی رەتکردەوەو گوتی: "ئەو بابەتە راست نیەو هەرگیز ئەوە رووینەداوەو هیچ کات ئەو کارەمان نەکردووەو ناشیکەین."
لە ساڵح موسلیمم پرسی کە ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەنکەرە دروست بکەن، ئەویش ئاوا وەڵامی دایەوە:"ئەگەر تورکیا بیهەوێ، ئێمە ئامادەین. ئیدارەی خۆسەری رۆژهەڵات و باکووری سوریە ئەوەی گوتووە، ئێمەش دەیڵێین. ئەگەر یەکەم هەنگاوەکان بهاویشترێن و نیەتپاکی هەبێت، بۆ نا؟ ئەگەر تورکیا بیهەوێ و قبووڵی بکات، ئێمە ئامادەین. ئەگەر ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هێزەکانی دیموکراتیک بچێتە ئەنکەرە زۆر دڵخۆش دەبم، ئەو پێشتریش چووەتە ئەوێ."

چاوەرێ ناکەم ئەمریکاییەکان سوریە بەجێبهێڵن
داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا یەکێک لە پرسە گرنگەکانی سەردەمی نوێی سوریەیە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ.
ساڵح موسلیم لەوەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا گوتی: "لەشەڕ دژی داعش بەیەکەوە کارمان کردووە، تاکوو ئێستا هەردوولامان لەگەڵ یەکتر راست بووینە، ئەو پەیوەندیە تاکوو ئێستا بەردەوامە. رەنگە هێزەکانی ئەمریکا بچنە دەر، بەڵام ئەوە بە مانای لەناوچوونی ئێمە نیە. ئێمە بەر لەوانیش هەبووین. بەڵام سیاسەتی ئەمریکا درێژخایەنە و لەگەڵ گۆرانی سەرۆککۆمارێک ناگۆرێت، هەربۆیە پێموانیە ئەمریکا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست بچێتەدەر."
ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەریی یەکێتیی دیموکراتیک روونیشیکردەوە:" ئەو بابەتە گرێدراوی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە، ئەمریکاییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان کار دەکەن، نەک بۆ ئێمە. بەڵام بەرژەوەندییەکانی ئەوان لەکۆتاییدا لە قازانجی ئێمەش دایە."