1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

کۆمەڵە داوای یەکریزی لەکوردستان و بەشداری لە گۆرەپانی سیاسیی ئێران دەکات

کۆمەڵە داوای یەکریزی لەکوردستان و بەشداری لە گۆرەپانی سیاسیی ئێران دەکات
24 . سەرماوەز . 2724

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران راگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی شانزدەیەمی خۆی بڵاوکردەوەو لە خاڵی یەکەمدا داوای یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

لەبەشێک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە،:"کۆنگرە لە دۆخێکدا دەستی بە کارەکانی کرد کە دوو ساڵ بەسەر بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی تێدەپەرێ. بزوتنەوەیەک کە بووە هۆی گەورەترین و دیموکراتترین رووبەرووبوونەوەی خەڵک لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ئەوەی سەرکوت و لەسێدارەدانێکی زۆر هەبوو، بەڵام هێشتا سێبەرەکەی هەر دەبینرێت."

راگەیاندراوەکە باس لەدۆخی ئێستای ئێران دەکات و دەنووسێ:" رژێمی کۆماری ئیسلامی لە قەیراناویترین دۆخی خۆی دایە، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان خەڵک و حکومەت هەیە، نەبوونی رەوایی، قەیرانی ئابووریی و بەتاڵبوونی خەزێنەی دەوڵەت، هەڵاوسانی زۆر و قەیرانی ئاو، نان و نەوت و گاز، شکستی یەک لەدوای یەکی سیاسەتی دەرەوەو سەرلێشێواوی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتداران، هەموو ئەو هۆکارانەش کۆماری ئیسلامی لەهەموو کات لاوازتر کردووە."
لەراگەیاندراوی کۆتایی شانزدەیەمی کۆنگرەی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا ئاماژە بە چەند خاڵ وەکوو بڕیاری کۆنگرە کراوە.

لەخاڵی یەکەمدا ئەو حیزبە دەڵێ هەوڵ بۆ یەکریزی سیاسیی لەنێوان حیزبە کوردستانییەکان دەدات، کە جیدیترین داخوازی خەڵکی کوردستان و هیوای خەڵکی ئێران و زەروورەتێکی سیاسییە، هاوکات چارەنووسی داهاتووی بزوتنەوەکەش گرێدراوی ئەو یەکریزییەیە. کۆمەڵە پێیوایە کە هەنگاوی یەکەم زیندووکردنەوەی ناوەندی هاوکاریی و دواتریش هەوڵ بۆ دروستکردنی بەرەیەکی بەرفراوانترە.

لەخاڵێکی دیکەشدا کۆمەڵەی شۆرشگێر داوای پاراستن و بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و هاوکات هەوڵدان بۆ دروستکردنی یەکدەنگییەک بۆ پێکهێنانی هێزێکی پێشمەرگەی هاوبەش لە کوردستانی ئێران، داواش دەکات کە هەنگاوە سەرەتاییەکانی بۆ بهاویشترێت.
راگەیاندراوەکەی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان لە پەیامی کۆتایی کۆنگرەی شانزدەیەمدا باسی لە هەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەندامەکانی کۆنی کۆمەڵە، کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتیی و نوخبەگەلی زانستی و بیرمەندانی کوردستان دەکات. ئاماژەش بەوە دەکات کە هەوڵ دەدەن کە چاڵاکییە نێودەوڵەتییەکانیان زیاد بکەن، بۆ ئەوەی پشتیوانی جیهانی بۆ کوردەکانی ئێران و دۆخەکەی رابکێشن.

راگەیاندراوەکەی کۆمەڵەی شۆرشگێر باسیشی لەوە کردووە کە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی کۆتایی بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەراوێزخستنی کوردستان هێناوە، هەربۆیە داوا دەکات لەسەر بنەمای دەستکەوتەکانی بزوتنەوەکە و ئەزموونەکانی پێشوو هەوڵی بەشداری چاڵاکانە لە گۆرەپانی سیاسی ئێران بکرێت و هەوڵیش بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی دیموکراسیخوازان لەسەر بنەمای بەهاکانی شۆرشی ژینا و بەدەستهێنانی پشتیوانی جیهانی بدرێت.