27 . ڕێبەندان . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

چارەنووسی ٢٠٠٠ سەربازەکەی ئەمریکا لە سوریە

چارەنووسی ٢٠٠٠ سەربازەکەی ئەمریکا لە سوریە
3 . بەفرانبار . 2724

سەرچاوە: واشنتن پۆست
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

گۆرانکارییەکانی دوای روخانی بەشار ئەسەد پرسیاری بەپەلەی لەسەر چارەنووسی ئەو ٢٠٠٠ سەربازەی ئەمریکا لە سوریە دروستکردووە، کە وەکوو سەنگەرێک لەبەرامبەر داعش و ئێران لەوێ جێگیر کراون.
داڕمانی لەناکاوی رژێمی ئەسەد، ئەرکی سەربازی ئەمریکا لەسوریەی تووشی دۆخێکی هەڵپەسێردراو کردووە، چونکە هاوبەشی سەرەکی پێنتاگۆن لەگۆرەپانەکە شەڕ بۆ مانەوەی خۆی دەکات. رێبەری داهاتووی ئەمریکاش بەرامبەر پابەندییە سەربازییەکانی لەدەرەوەی ئەمریکا رەش بینە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری هەڵبژێدراوی ئەمریکا، لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا بەرەورووی رۆژهەڵاتی ناوەراستێکی نوێ دەبێتەوە، هەربۆیە دەکەوێتە بەردەم پرسیاری جیدی لەسەر چارەنووسی ئەو ٢٠٠٠ سەربازەی کە نزیکەی یەک دەیەیە لە رۆژهەڵاتی سوریەن، ئەوان بۆ شەڕکردن لەدژی داعش و چاودێریکردنی چاڵاکییەکانی ئێران لەوێن.
راستییەکی نوێی دیکە لەسوریە کاریگەری لەسەر گۆرانکارییە بنەڕەتییەکانی دیکەش دادەنێت کە لەدوای هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل کەوتوونەتەوە. هێرشی تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەو لوبنان و هاوکات هێرشی دوولایەنەی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر خاکی یەکتر. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە نوێنەرە بەهێزەکانی تاران لە ناوچە لاواز ببن.

ترەمپ لەخولی یەکەمی سەرۆککۆماری خۆیدا چەندینجار هەڕەشەی ئەوەیکردبوو کە هێزەکانیان لە سوریە دەکشێنێتەوە، ئێستاش دیارنیە پرۆژەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست لەگەڵ هاتنەوەی ترەمپ چی دەبێت. بەڵام خۆی و راوێژکارەکانی دەڵێن ئەولەویەتی یەکەمیان کۆنترۆڵکردنی داعشە، ئەو داعشەی کە وەکوو جاران ئەو مەیلەو دەوڵەتە ئیسلامییەی نەماوە، بەڵام خەریکە لەباشووری سوریە خۆی رێکدەخاتەوە.
جەیمز جێفری کە خۆی لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سوریە بوو، دەڵێ تەحریر شام کە ئێستا رژێمی ئەسەدی رووخاندووە، لەشەڕ لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) سەرکەوتوو بووە. ئەوەش دەتوانێ پرسیارەکانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ زیاتریش بکات.

جێفری دەڵێ:" ترامپ پرسیاری ئەوە دەکات کە بۆچی بۆ لەناوبردنی داعش دەبێ سەربازمان لە سوریە بێت، لەکاتێکدا دەتوانین لە سەحراکان بوردوومانیان بکەین؟ وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر دژوارە؟"

مایکڵ واڵترز راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کابینەی ترەمپ وتوویەتی، ترەمپ دەیەوێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەدەرەوە سنووردار بکات، بەڵام هێشتاش ئەولەویەتی یەکەمی رێگریکردن لە پەرەسەندنەوەی داعشە. هێشتاش دیار نیە کابینەی نوێی ئەمریکا چ ستراتیژییەکی سەربازی دەبێت.
واڵتز لەچاوپێکەوتنێکدا بە فاکس نیوزی گوتووە:"دەنگدەران ئەو بەرپرسیاریەتییەیان بە سەرۆککۆمار داوە کە نەچینە ناو هیچ شەڕێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڵام لەسوریە، هەڕەشەی داعش هەر ماوەو ئەوەش بە ڕوونی دەبینین."

ئەم هەفتەیە وەفدی باڵای ترەمپ و بایدن سەردانی سوریایان کردووە، ئەوان بەرامبەر تەحریر شام کە سەرەتا بەشێک لە ئەڵقاعیدە بووە، بە پارێزەوە دەچنە پێش. لەکاتێدا ئەو گرەپە بەڵێنە بەشداری و سەقامگیری داوە، بەڵام هێشتاش ئەمریکا وەکوو گروپێکی تیرۆریستی دەیناسێنێت.
ئەحمەد شەرع رێبەری کاتی نوێی سوریە و فەرماندەی تەحریر شام داوای نەهێشتنی سەرجەم گروپە چەکدارەکانیان کردووە، بەڵام هێشتا بە راشکاوی باسیان لەوە نەکردووەتەوە کە دەیانەوێ ئەمریکاییەکان بمێننەوە یان نا.

بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەرپرسانی پێنتاگۆن و فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا کە چاودێری هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات، کۆبوونەوەیان هەبووەو باسیان لە چارەنووسی سوریە و گۆرانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست کردووە.
مەترسییەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە پێگە بچووکەکانیان لە عێراق و ئۆردن زیادیکردووە. لەسەرەتای شەڕی غەزە، پرۆکسییەکانی ئێران لانیکەم ٢١١ هێرشیان بە موشەک و درۆن بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا کردووە. سەرەتای ئەمساڵ سێ سەربازی ئەمریکا بەهۆی ئەو هێرشانە لە سنووری سوریە و ئۆردن کوژران. بەپێی ئامارەکانی پێنتاگۆن ١٣٠ لەو هێرشانە بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە سوریە بووە.

هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە کە بۆ یەکەمجار رۆژی پێنجشەممە پێنتاگۆن ئاشکرایکرد کە هێزەکانیان لە سوریە لە ٩٠٠ کەسەوە بۆ ٢٠٠٠ کەس زیادکردووە. پاتریک رایدەر گوتەبێژی پێنتاگۆن ئەوەی پشتراست کردووەتەوە، بەڵام پێشتر هەوڵ دەدرا ئەوە بشاردرێتەوە.
پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریەی دیموکرات بەرێبەری کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی نوێی سوریە بەرێبەری تەحریر شام کاریگەری لەسەر داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریە (رۆژئاوای کوردستان) دادەنێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەتا چ رادەیەک لە پاراستنی کوردەکان خۆی بە پابەند دەزانێت؟ گروپی ژێر سەرپرشتی کوردەکان سەرەکیترین هاوبەشی ئەمریکا لەشەڕ لەدژی داعش بوونە.

لەکاتێکدا هێزەکانی سوریەی دیموکراتیکی سوریە هاوکارێکی بەهێزی ئەمریکا بوونە، بەڵام خواستی خودموختارییەکەیان وایکردووە کە کێشەیەکی قووڵ لەنێوان واشنتن و تورکیا دروست بێت. تورکیا هێزەکانی سوریەی دیموکرات بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دەزانێت و دەیان ساڵیشە لەگەڵیان شەڕ دەکات.
لەژێر گوشاری ئانکارا، ئەمریکا نێوەندگیری هێزەکانی سوریەی دیموکرات و چەکدارە عەرەبەکانی نزیک لەتورکیای کرد، بۆ ئەوەی باکووری سوریە بگرن، بەپێی ئەو رێککەوتنە هەسەدە لە شاری منبج کشایەوە، ئەوەش زیانی لێدان، چوونکە هەسەدە دەیهەویست عەرەبەکان لە کوبانێ و شارەکانی دیکەی زۆرینە کورد دوور رابگرێت. ئێستاش چەکدارەکانی سەر بەتورکیا دەیانەوێ شاری کوبانێ‌ بگرن، ئەو شاڕەی ئەولەویەتێکی سیمبولیکی بۆ کوردەکان هەیە.

بەگوتەی چاڵز لیستێر، یەکێک لە ئەندامانی دامەزراوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەسەدە لەدۆخێکی زۆر زۆر ئاڵۆز دایە، چوونکە شەڕکەرە غەیرە کوردەکان لە هەسەدە جیابوونەتەوەو رێبەرە کوردەکانیش لەبەردەم ئەو پرسیارەدان کە ئەمریکا هەتا کەی پشتیوانیان لێدەکات. ئەوان ئێستا لەهەموو کات لەژێر هەڕەشەدان.
هاوکات یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئەمریکا، ئەو زیندان و ئۆردوگایانەن کە چەکدارانی داعش و بنەماڵەکانیان لێی راگیراون و لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دان.

فەرهاد شامی گوتەبێژی هێزەکانی سوریەی دیموکرات، هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەهۆی مەترسی داعش زیادیکردووە، بەگوتەی شامی بەشێک لەو چەکدارانە بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی سوریە پێشرەوی دەکەن و بەشێکیشیان بە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا پەیوەست بوونە، بەڵام هەسەدە لەچەند رۆژی رابردوودا بەرەوروویان بووەتەوە.
بەرپرسانی نوێی دیمەشق بڕیارێکی راشکاوانەیان لەسەر رۆڵی ئەو گروپانە لەداهاتووی سوریا باس نەکردووە.

جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی پێشووی سێنتکام دەڵێ، ئەمریکا دەبێ گوشاری زۆرتر بۆ سەر تورکیا بهێنێت، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی و گروپە چەکدارەکانی رابگرێت. بەگوتەی ڤۆتێل کوردەکان بەراورد بەوانیتر لەشەڕ لەدژی داعش ئەزموونی زیاتریان هەیە، بەگوتەی ئەو ئەگەر وریا نەبین زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دەرەخسێنین.