شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاوکردەوە. شاندەکەی دەم پارتی رایانگەیاند لە ٢٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٤ لە ئیمرالی لەگەڵ بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان ئەنجامدا. هاوکات ئۆجالان گوتوویەتی کە "بەهێزکردنی بڕایەتی کورد-تورک بەرپرسیارییەتی مێژووییە." لەگەڵ ئەوەش ئۆجالان پشتیوانی خۆی لە پرۆسە نوێیەکە دەڕبریوە کە باخچەلی و ئۆجالان باسی دەکەن. دەقی راگەیێندراوەکە: بۆ راگەیاندن و رای گشتی؛ لە ٢٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٤، لە زیندانی ئیمرالی لەگەڵ بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبووینەوە، ئۆجالان تەندروستیی باشەو ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەکانیشی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەریی هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، زۆر گرنگ بوون. لەدانیشتنەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تورکیا کرا، بەرێز ئۆجالان لەبەرامبەر سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێندرێن، پێشنیاری چارەسەری ئەرێنیی خستەروو. چوارچێوەی گشتیی بیرۆکەکان و روانگەکانی بەم شێوەیەش: - بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان. - بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنیان هەبێت، بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی بەرتەسکی کاتی. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی تورکیا دەبێت. - رووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە کە چیتر ناکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت، کە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت. بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی کارێک کە گرنگییەکەی هاوشێوەی مەترسییەکەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن. - من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن و منیش ئامادەم بەشداری ئەرێنی تێدا بکەم. - شاندەکە، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم. - هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات بەرەو ئاستێکی شایستە دەبات و هاوکات بەرچاوڕوونییەکی بەنرخیشە بۆ گۆرانکاریی دیموکراتی. سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە. بەڕێزەوە بۆ رای گشتی، 29ـی دێسەمبەری 2024 پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر