کۆمیتەیەکی فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل لەچوارچێوەی شرۆڤەی پێداویستییەکانی ئەو وڵاتەو دیاریکردنی مەترسییەکانی داهاتوو رایگەیاند، کە ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی دەبێ خۆی بۆ شەڕێکی راستەوخۆ لەگەڵ تورکیا ئامادە بکات. ئەو کۆمیتەیە ناوی "کۆمیتەی نێگێل"-ە، رۆژی دووشەممە راپۆرتێکی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و ئیسرائیل کاتس وەزیری بەرگری و بێتساڵ ئێل سموتیچ وەزیری دارایی ئیسرائیل ناردووەو سەبارەت بە رووبەرووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ تورکیا هۆشداری داوە. لەراپۆرتی کۆمیتەی نێگێل-دا هاتووە، تورکیا خەریکی سەرەرۆیی ناوچەیی و هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانییە، هەربۆیە ئەو خواستەی تورکیا دەتوانێ هەڕەشەیەکی جیدی نوێ لەدژی ئیسرائیل بێت. راپۆرتەکە باس لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا دەکات و پێیوایە ئەوە خۆی هەڕەشەیەکی نوێ و بەهێزە بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل. کۆمیتەی نێگێل بەناوی ژەنەرال یەعکوو نێگێل کراوە، کە پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل بووە.