26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

مانۆرە سەربازییەکەی ئێران لەکوردستان بە چ مەبەستێکە؟

مانۆرە سەربازییەکەی ئێران لەکوردستان بە چ مەبەستێکە؟
20 . بەفرانبار . 2724

فوئاد حەقیقی رۆژنامەنووس

هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لاوازبوونی ئێران لە ناوچە، سوپای پاسداران چەند رۆژێکە لە رۆژئاوای کرماشان نمایشێکی سەربازیی بەڕێوەدەبات.
بەگوتەی بەرپرسانی ئێران، نمایشەکە بۆ نیشاندانی هێز، توانایی، هەژموونی و ئامادەیی هێزەکانی سوپای پاسدارانە، لە بەرانبەر هەڕەشەی دوژمناندا.
فەرماندەیەکی سوپای پاسداران گوتوویەتی: بە کۆمەڵێک هۆکار، نمایشەکە گرنگییەکی زۆر تایبەتی هەیە.
دوای رووداوەکانی لوبنان و سوریا و تەنانەت فەلەستینیش، دەستی حکومەتی ئێران لە ناوچەدا زۆر لاواز بووە، کە رەنگە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ورەی هێزە سەربازییەکانی ئێران دانابێت، هەر لەم سۆنگەیەشەوەیە کە حکومەتی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران دەیهەوێ ورە هێزەکانی بەرز رابگرت و وای نیشان بدات کە هێزی سەربازیی ئێران وەک سوپای سوریا نییە کە بێ تەقە هەرەس بێنێت.

بەڵام ئێستا ئیدی کەمتر کەسێک باوەڕ بە هێز و توانایی سەربازیی ئێران دەکات. ئەو باڵ و لایەنانەی کە تاوەکوو چەند مانگ لەمەوبەر ئێران وەک هۆکاری هێز و توانایی و نفوزی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قەڵەمی دەدان، ئیدی ئەو کارتێکەریی و کاریگەرییەی جارانیان نییە.
جگەلە لە حەماس، حیزبوڵا و حکومەتی بەشار ئەسەد، ئێستا بە جیدی باس لە هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی دەکرێت و هۆکارێکی سەردانەکەی رۆژی چوارشەممەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئیرانیش هەر ئەم بابەتەیە.

ئەگەر حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە ستراتژی ئێران هێندەی دیکەش زیانی بەر دەکەوێت، هەڵبەت لایەنەکانی حەشدی شەعبیش ئێستا پرسیارێکی جیدییان بۆ دروست بووە، کە ئێران مادام نەیتوانی هاوپەیمانەکانی وەک حیزبوڵا و سوریا و حەماس بپارێزێت، لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەریان، ئێران چۆن دەتوانێت پشتیوانییان لێبکات.
بۆیە نمایشێکی سەربازیی وەک ئەوەی سەرپێڵ زەهاو زۆر زەحمەتە بتوانێت هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی باوەڕ بەکەن کە ئێران دەتوانێت بیانپارێزێت، یان لە ئاستی ناوخۆدا خەڵک بۆچوونیان بگۆڕێت و پێیان وابێت حکومەت زۆر لەوە بەهێزتر لەوەیە کە لەسەر لێواری رووخان بێت.

یان ئیسرائیل و ئەمریکا لەوە بترسن کە کۆماری ئیسلامی زۆر بەهێزە و توانایی زۆری هەیە و هێرشی نەکەنە سەر.
تەنیا کاریگەریی ئەم نمایشە سەربازییە کە لە ناوچەی ئەزگەلە لە ناوچەی سەرپێڵ زەهاو بەڕێوە دەچێت، دڵخۆشی دانەوەی هێزەکانی خۆی و لایەنگرانی خۆیەتی.