رێکخراوی "یەکگرتوویی لەدژی ئێرانی ئەتۆمی" راپۆرتێکی بە دۆناڵد ترەمپ داوە، بۆ ئەوەی بتوانێ لە سەد رۆژی یەکەمی دوای دەستبەکاربوونی گوشارەکانی بۆ سەر ئێران زیاد بکات. پرۆژەکە ناوی "پرۆژی ١٠٠ رۆژەیە" داوای لە ترەمپ کردووە، لەو ماوەیەدا گوشاری دیپلۆماتی، زانیاری، سەربازی و ئابووری بۆ سەر ئێران بهێنێت. کەناڵی فاکس نیوزی ئەمریکا، پرۆژەکەی ئاشکراکردووەو لەناویدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ کراوە، سەرەتا لەوتارێکی تەلەفزیۆنیدا هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی بکات. دوای ئەوەی هەڕەشەکە کاریگەری نەبوو، ئەمریکا وەکوو ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات و راستەوخۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران بکاتە ئەمانج. جیسۆن برادسکی یەکێک لە نووسەرانی پرۆژەکە بە کەناڵی فاکس نیوزی گوتووە:" مادام ئیسرائیل توانیویەتی بەبێ پەرەپێدانی شەڕەکە، لەبەرژەوەندییەکانی ئێران بدات، ئەمریکاش دەتوانێ ئەو کارە بکات." مایک والاس بەرێوەبەری رێکخراوی "یەکێتی لەدژی ئێرانی ئەتۆمی" رایگەیاندووە، کابینەی دۆناڵد ترەمپ دەرفەتێکی باشی لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی ئێران لەهەموو کات زیاتر لاواز بکات و پاشەکشێی پێ بکات. هاوکات رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرسی پێشووی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوایان لە دەوڵەتی بەریتانیا کردووە، پشتیوانی لە گوشارە چاوەروانکراوەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئێران بکەن. نووسەرانی نامەکە داوایان لە کێیر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کردووە، کە رایبگەیێنێت کە ئەگەر بەڵگەی چاڵاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکرایەوە، بەریتانیا پشتیوانی لە هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.