26 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

دکتور هێرش قادری توێژەری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد

دکتور هێرش قادری توێژەری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد
25 . بەفرانبار . 2724

دکتور هێرش قادر نووسەرو توێژەری ناوداری کورد لە وڵاتی ئاڵمان بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.

دکتور هێرش (زەکەریا) قادری یەکێک لە توێژەرە هەرە جیدییەکانی کوردستان بوو، کە لەبواری مێژوو و فەڵسەفە و شوناسی کوردی و ئەویتری داگیرکەری کوردستان کاری دەکرد.
دکتور هێرش بڕوانامەی دوکتورای لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی علوم تەحقیقاتی تاران بەدەست دەهێنێت، ماستەری لە زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی تاران وەرگرتووەو دواتریش وەکوو ماموستا لە زانکۆی ئازادی کرماشان دەستبەکار دەبێت.

دکتور هێرش لەدایکبووی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، هەر لەسەردەمی خوێندکارییەوە بەوتارو نووسینی رەخنەیی لە ژورناڵەکان کەوتبووە ژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەسەر پۆلەکان بە بەردەوامی باسی لە مێژوو و شوناسی جیاوازی کوردی لە هی ئێرانییەکان دەکرد، هەربۆیە بەردەوام لەژێر چاودێری دابوو. دکتور هێرش بەهۆی نووسینی وتارێکی رەخنەیی لەسەر ئیسلام بەناوی "پەیوەندی ئیسلام و عەسەبییەت و ناسیۆنالیسمی کورد" لە گۆڤاری زرێبار دەکەوێتە ژێر هەڕەشەو بەناچاری روو لە باشووری کوردستان دەکات.

دوکتور هێرش (زەکەریا) قادری، ئاکادمیسیەنی گەنجی کورد، پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ ڕەوت و هزری پان ئێرانیزم و پان فارسیزم و دوای ئەوەی کە بە هۆی هەڵگرتنی ئاڵای هزرێکی نوێ لە شوناسی کوردی، تووشی کێشە و ئاڵۆزییەکی زۆر و درێژخایەن بوو، لە ئەنجامدا بەیارمەتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتژیکیی حدکا، کتێبەکەی (“عەقڵی سیاسی ئێران و ناسنامە خوازیی کورد”)ی چاپ و بڵاو کردەوە، کتێبێک کە ڕوونکەرەوەی بەشێکی زۆر لێڵ لە مێژووی کوردە کە بە دەست داگیرکەرانی شێوێندراوە. ئەو کتێبە بۆ یەکەم جار بە گوتەی نووسەر، چوونە ناو داڵانێکی تاریکە کە گەلێک ڕەهەندی شێوێندراو و لاڕێ کراوی ڕوون کردۆتەوە، کەواتە ئەو پەرتووکە، شوناسی کوردە و گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە و دەکرێ بکرێ بە دەستپێکێکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاری مێژوویی نوێ.

دکتور هێرش قادری لەهەوڵی ئەوەدابوو کە خوێندنەوەیەکی مێژوویی سەربەخۆ و جیاواز لە شوناسی مێژوویی کورد بکات، بۆ ئەو کارەش زۆرجار دەگەرایەوە بۆ دەقە کۆنەکانی زەردەشت و یارسانییەکان. لەکۆتاییدا ئەو توێژەرە جیدییەی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دواییکرد، سەرەداوی زۆر باسی لەسەر شوناسی کوردی و ناسینی شوناسی داگیرکەری کوردستانی بە کراوەیی بۆ بەجێهێشتین.