22 . ڕەشەمە . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

مەزڵوم عەبدی: سوریایەکی دیسەنتراڵ، سیکۆلارو مەدەنیمان دەوێ

مەزڵوم عەبدی: سوریایەکی دیسەنتراڵ، سیکۆلارو مەدەنیمان دەوێ
15 . ڕێبەندان . 2724

سەرچاوە: ئاسۆشیتێدپرێس
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

فەرماندە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پشتیوانیان لێ دەکات، رۆژی یەکشەممە بە ئەژانسی ئاسۆشیتێدپرێسی راگەیاند کە ئەوان لەدوای رژێمی بەشار ئەسەد، بەدوای وڵاتێکی سیکۆلار، مەدەنی و دی سەنتراڵ (ناوەندی نەبێت)یان بۆ داهاتووی سوریا دەوێ کە مامەڵەیەکی یەکسان لەنێوان مەزهەب و ئەتنیکە جیاوازەکان بکرێت.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرپرشتی کوردەکان، رۆژی یەکشەممە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاسۆشیتێدپرێس باسی لە دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری کاتی سوریا لە دیمەشق کرد. ئەو وتی کە هەردوو بەیارمەتی نێوەندگیرەکان سەرقالی گفتوگۆکردنن سەبارەت بە داهاتووی سوریا و بەتایبەت داهاتووی کوردەکانن.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریادا بمێننەوە، چونکە تەنیا داعش لەنەبوونی ئەمریکاییەکان سوودمەند دەبێت.

پرس بەئێمە نەکراوە
مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو لەدیمەشق و دیاریکردنی ئەحمەد شەرع وەکوو سەرۆککۆماری کاتی و هاوکات هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دەستور و سوپا رایگەیاند:"ئێمە بەشدار نەبووینەو قسەشی لەسەر ناکەین."
عەبدی روونیشیکردەوە کە سەردانی نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دیمەشق بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوام دەبێت، ئاماژەشی بەوەدا کە هەڵوێستەکانی داهاتوویان لەسەر بنەمای دەرەنجامی گفتوگۆکان دەبێت، هەوڵی ئەوەش دەدەین کاریگەریمان لەسەر داهاتووی سوریا هەبێت.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر باس بکات، ئاشکرایکرد کە هاوپەیمانی دژە بەداعش و بەتایبەت ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا نێوەندگیری لەنێوان ئەوان و دیمەشق دەکەن. عەبدی گوتیشی ئەوان لەگەڵ سوریایەکی یەکگرتوو و حکومەتێکی ناوەندی لە دیمەشقن.
عەبدی سەبارەت بە فرە پێکهاتەبوونی سوریا رایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ سوریایەکی دیسەنتراڵ، سیکۆلارو مەدەنین کە لەسەر بنەمای دیموکراسی مافی پێکهاتەکانی وەکوو عەرەب، کورد، تورکەمەن و ئەرمەنییەکان بپارێزێت.

سوریا وڵاتێکی فرەپێکهاتەیەو تەنیا هی سوننە مەزهەبەکان نیە. عەبدی بە ئاماژەدان بە سوننە مەزهەبەکان کە زۆرینەی سوریا پێکدەهێنن، رایگەیاند کە شوناسی دیکەش لە سوریا هەن، ئەوە نیگەرانییەش هەیە کە تەحریر شام کە بنچینەیەکی ئایدیۆلۆژی سەلەفی-جیهادی هەیە، هەوڵ بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی بدات، لەگەڵ ئەوەش ئەحمەد شەرع لە ماوەی رابردوودا باسی لە بەیەکەوە ژیانی مەزهەبەکانی کردووە.

کوردەکان لەگەڵ دیسەنتراڵیزمدان نەک خودموختاری
مەزڵوم عەبدی رایگەیاند کە کوردەکانی سوریا نایانهەوێ وەکوو باکووری عێراق لە وڵات جیاببنەوە، یان دەوڵەت و پەرلەمانی خودموختاری خۆیان هەبێت. ئەو گوتی کە خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دەیانهەوێ کاروباری خۆیان لە وڵاتێکی دیسەنتراڵدا بەرێوەببەن.
بەبۆچوونی عەبدی سوریە عێڕاق نیە، عێراقیش سوریە نیە، باکووری رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەرێمی کوردستان نیە.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئایا ئامادەن هێزەکانیان هەڵبوەشێننەوە، رایگەیاند: ئەوان دەیانەوێ سەر بە وەزارەتی بەرگری و بەشێک لە سیستەمی بەرگری سوریە بن، بەڵام هێشتا باس لە وردەکارییەکان نەکراوە، پێشنیارەکان رەوانەی دیمەشق کراون و چاوەرێی وەڵامەکانین." بەگوتەی عەبدی هێزەکانی سوریای دیموکرات ١٢ ساڵە لەبەرامبەر داعش شەڕ دەکەن، هەربۆیە دەبێ مافەکانیان پارێزراو بێت.

دەبێ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریەدا بمێننەوە
مەزڵوم عەبدی دەڵێ گروپە تووندرەوەکان و بەتایبەت داعش کەڵکیان لە داڕمانی رژێمی بەشار ئەسەد دیتووەو دەستیان بە چەک و تەقەمەنییەکی زۆردا گەیشتووە، هەربۆیە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریەدا بمێننەوە، چوونکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێویستیمان پێیانە.
فەرماندەی هەسەدە راشیگەیاند، کە ئەوان ئاگاداری بەرنامەی ئەمریکا لەسوریە نین، بەڵام داوایان لێدەکەین کە بمێننەوە، چوونکە داعش هێشتا ماوەو بەهێزیشە.