رۆژهەڵات نیوز لەدرێژەی کۆروسمینارەکانیدا ئەمجارەیان لە دوو پانێلدا خەسارناسی شۆرشی ٥٧ لەکوردستان دەکات بۆ ئەوەی هەم خالە بەهێزەکانی لێکدانەوەی بۆ بکرێت و هەمیش لەسەر بنەمای خەسارو کەموکوڕییەکانی بتوانین وێنایەکی دروستتر بۆ ئێستا و داهاتووی بزاڤی رزگاریخوازی لەرۆژهەڵاتی کوردستان بدەینە دەست. سمینارەکە لەژێر ناوی " خەسارناسی شۆرشی ٥٧ لەکوردستان و وانەکانی بۆ ئێستا و داهاتوو" بەرێوەدەچێت. لەپانێلی یەکەمدا بەرێزان حەسەن شەرەفی ئەندامی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەبووبەکر مودەرێسی ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حەسەن رەحمانپەنا ئەندامی رێبەریی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دکتور حوسێن خەلیقی چاڵاکوانی دکتور قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی پێشووی حدک و ماموستای زانکۆ بەشدارن. لەپانێلی یەکەم کە شەوی دوشەممە ٢٢ی رێبەندان کاتژمێر ٢٠ بەکاتی ئوروپا و ٢٢:٣٠ بەکاتی کرماشان بەرێوەدەچێت، پانێلیستەکان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە. کە ساڵی ٥٧ لە رۆژهەڵاتی کوردستان چی روویدا؟ ئایا لایەنە سیاسییەکان بەسەر دۆخێکدا کەوتن کە پێشتر ئامادەکاریان بۆ نەکردبوو؟ جیاوازییە ئیدیۆلۆژیی و سیاسییەکان چ کاریگەری لەسەر خەبات لەبەرامبەر تاران دانا؟ هەبوونی هێزە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان چ کاریگەرییەکی باش یان خراپی هەبوو؟ لێکدانەوە لەسەر کاری هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد و داواکارییە ٨ خالی، ٢٦ خالی و ٦ خالییەکان دەکەین. پانێلی دووەم شەوی سێشەممە ٢٣ی رێبەندان کاتژمێر ٢٠ بەکاتی ئوروپا و ٢٢:٣٠ بەکاتی کرماشان بەرێوەدەچێت. لەو پانێلەدا دکتور سەعید شەمس چالاکوانی سیاسی ئەوکات و ماموستای زانکۆی ئێستا، دکتور شوکریا برادۆست پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دکتور ئاسۆی حەسەنزادە ماموستای زانکۆ و کاک ئیقباڵ سەفەری چاڵاکوانی سیاسی بەشدار دەبن. لەو پانێلەدا پانێلیستەکان دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە جیاوازیی بۆچوونی ئیدیۆلۆژی فیکری و سیاسیی چ کاریگەرییەکی لەسەر بزاڤەکە هەبووەو چۆن دەتوانرێ وانە لەو جیاوازییانەی ئەوکات وەربگیرێت. چۆن دەکرێ رێکارێک بدۆزرێتەوە کە لەهیچ حاڵەتێکدا هێزە کوردستانییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان دەست بۆ چەک نەبەن؟ جیاوازیی جەمسەربەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەوکات لەگەڵ هی ئێستا چیە؟ ئایا دژە ئیمپریالیستبوون (ئەمریکا)بوونی زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ٥٧ چەندە دروست بوو، ئێستا چۆن دەبێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بروانین؟ بۆچی بزاڤی سیاسی ئەوکات کەمتر گەیشتە ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە شیعە مەزهەبن؟ لەسەر بنەمای ساڵی ٥٧ چی بکرێت کە بزاڤەکە یەکدەست هەموو کرماشان و ئیلامیش بگرێتەخۆ؟ بۆ بەشداریکردنی راستەوخۆ لە گوگڵ میتی سمینارەکە بۆ ئەوەی بتوانن بەشدار بن و دەرفەتی پرسیارتان هەبێت، دەتوانن سەردانی لینکی خوارێ بکەن. ئەندام بۆن