سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێ وای پێ باشە کە لەگەڵ ئێران بکەونە رێککەوتن، نەک بەتووندی بۆمبارانی بکەن. دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیۆیۆرک پۆست رایگەیاند، کە ئەگەر لەگەڵ ئێران بکەوینە رێککەوتن، ئیسرائیل ئەو وڵاتە بۆمباران ناکات. ترەمپ زانیاری زیاتری لەسەر گفتوگۆکان باس نەکرد و رایگەیاند نایەوێقسە لەسەر دانوستاندنەکان بکات و تەنیا ئەو رەستەیەی گوت کە :"لەراستیدا، نامەوێ پێتان بڵێم، کە دەمەوێ چ شتێک بە ئێران بڵێم." سەرۆککۆماری ئەمریکا رەتیکردەوە کە سەرقاڵی ئامادەکاری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل بن، بۆ ئەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بکەن. بەوتەی ترامپ ئەوان لەجێگەی هێرشی سەربازی، دەیانەوێ بگەنە رێککەوتنێک لەسەر پرسی ئەتۆمی، ئەو گفتوگۆیانەش دەبێ زۆر بەپەلە دەستپێبکەن. ئەو لێدوانە نوێیەی دۆناڵد ترەمپ لەکاتێکدایە کە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران هۆشداری بە بەرپرسانی وڵاتەکەی دابوو، کە ئاگادار بن کە دەیانەوێ گفتوگۆ لەگەڵ کێ دەکەن. خامنەیی راستەوخۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکای رەتکردەوەو رایگەیاند کە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا عاقڵانە و شەرەفمەندانە نیە.