رۆژنامەی وال ستریت ژورنالی ئەمریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسی ئەمریکایی ئاشکرایکردووە کە ئیسرائیل سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی ئەمساڵ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات ئەو راپۆرتەی وال ستریت ژورناڵ رۆژی چوارشەممە ٢٤ی رێبەندان بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەسەردەمی جۆبایدن بەو ئاکامگیرییە گەیشتبوون کە ئیسرائیل سەرقاڵی خۆمائامادە کردنە بۆ ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٥ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات. بەپێی راپۆرتەکە بەهۆی هەستیاری ناوچەکە و ئەو زیانانەی ئێران لە هێرشەکانی ساڵی رابردوو لەلایەن ئیسرائیل وێیکەوتووە، لەهەموو ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەیەکی دیکە لە ناکۆکییەکانی تاران و تەلەڤیڤ هەیە. هاوکات سەر لەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی رێبەندان رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکاش ئاشکرایکردووە کە ئیسرائیل لەچەند مانگی داهاتوودا لە هێرشێکی پێشگیرانەدا هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات. واشنتن پۆست پێیوایە هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ ماوەی چەند هەفتە یان چەند مانگ دوابخات. بەپێی راپۆرتی هەردوو پێگەکە ناوەندی هەواڵگریی و زانیارییەکانی ئەمریکا پێشبینی ئەوەی کردووە، لە چەند مانگی داهاتوودا ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاتر دەبن و ئەگەری پێکدادانێکی بەرفراوانی دیکە لەناوچە بەدوور نازانن. واڵ ستریت ژورناڵ لەراپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئیسرائیل داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات کە پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات، بەپێی راپۆرتەکە بە ئەگەری زۆری دۆناڵد ترەمپ بەپێچەوانەی جۆبایدن پشتیوانی و تەنانەت بەشداریش لەو هێرشانە بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات. یەکێک لە بەرپرسەکانی ناوەندی زانیارییەکانی ئەمریکا ئاشکرایکردووە کە لەیەکەم رۆژەکانی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ راپۆرتی دووەم لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکراوەتەوەو بەپێی راپۆرتەکە ئیسرائیل پێیوایە ئەگەر بەزوویی هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نەکات، درەنگ دەبێت و وەستاندنی پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەستەمتر دەبێ، هەربۆیە هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەو هێرشە بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوە.