22 . ڕەشەمە . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

شەش شاخەوانی بانەیی لە حەوتاژ گیانیان لەدەستدا

شەش شاخەوانی بانەیی لە حەوتاژ گیانیان لەدەستدا
11 . ڕەشەمە . 2724

پێش نیوەرۆی رۆژی هەینی ١٠ی رەشەممە حەوت شاخەوانی خەڵکی بانە، لە بەرزاییەکانی حەوتاژی بانە کەوتنە ژێر رنوو (هەرەسی بەفر) و شەش کەسیان گیانیان لەدەستدا.

وەکوو چاڵاکی ئاسایی شاخەوانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەر لەبەیانی رۆژی هەینی ژمارەیەک رێکخراوی شاخەوانی شاری بانە چاڵاکییەکیان لە بەرزاییەکانی حەوتاژی ئەو شارە بەرێوەبرد. لە چاڵاکییەکەدا شاخەوانیی پاژین و سوورکێو بەشدار بوون. پێشنیوەرۆی رۆژی هەینی شاخەوانەکانی هەردوو گرووپەکە کەوتنە ژێر رنوو (هەرەسی بەفر) و حەوت شاخەوان کەوتنە ژێر بەفرەوە.

لەئەنجامدا تەنیا کەسێکیان بە زیندوویی و بەبڕینداری دۆزرایەوە، ئێوارەی درەنگانی رۆژی هەینی تەرمی دوو شاخەوان دۆزرایەوەو سەر لەبەیانی ئەمرۆ شەممەش تەرمی چوار کەسی دیکەیان دۆزرایەوە.

لەو رووداوە دڵتەزێنەدا شەش شاخەوان بەناوەکانی شەهڵا رەحمانی، رووناک دانشمەند، عومەر عەبدوڵڵاهی، کاروان ئەحمەدپوور، خالق محەمەد نەژاد و یاسا سادقی گیانیان لەدەستدا.