لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا رژێمی ئێران ٣٤ ژنی لەکوردستان دەستبەسەر کردووە، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو ژن دا سەپاندووەو هاوکات ٢٠ ژنیش بەهۆکاری جیاواز کوژراون. رێکخراوی هەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان ئاماری لەسەر پێشێڵکارییەکان لەیەک ساڵی رابردوو بەرامبەر ژنان لە ئێران و کوردستان بڵاوکردووەتەوە. لەیەک ساڵی رابردوودا رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەر یەکە لە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دوو بەندکراوی سیاسی کورددا سەپاندووە. هاوکات لانیکەم ٣٤ ژن لە کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون، کە بەپێی دابەشکاری شارەکان بەشێوەی خوارەوەیە: بۆکان: سوسەن حەسەنزادە، ئەفسانە شاهی، سوڵماز حەسەنزادە، مونیرە خۆشنوود، پەخشان نەبیزادە، مینا سوڵتانی، سروە شیری، زەهرا ساجدی نیا، مەلیحە عەبداڵقادری و هاوتا ئەکرەمی. پیرانشار: سومەییە قادرپوور، فاتیمە پایمەرد، سوڕەیا قەیتەران، ئیلهام قادری و ئیلهام عەباسی. خوڕەمئاوا: ئایدا شاکەرەمی، نەسرین شاکەرەمی، شەیدا شاکەرەمی. مەهاباد: زەهرا نەبیزادە، گەڵاوێژ محەمەدی ئەرشەد، نازەنین ئەلیاسی. سنە: ژینا مودەرس گورجی، فەریبا مورادیان، سەیران خوسرەوی. پاوە: ئاوارە حەیدەری، فەریدە وەیسی، فرمێسک بابایی. مەریوان:ژیلا هۆژەبەری، پەرەستوو ئەحمەدی. لە شاری سەقزی دڵۆڤان شەریفی، لە شاری ئۆرمییە ئیڵهام چووبەدار، لە شاری ئەیوانی رۆژئاوا خەدیجە مەهدیپوور، لەگیەڵان ماریا خانی و لەشاری بانەش نەسرین عەبداڵڵاهی دەستبەسەر کراون. بەو پێیە لەیەک ساڵی رابردوودا کۆی ژنانی دەستبەسەرکراو تێکرا بە ٣٧ ساڵ و یەک مانگ و ٢٠ رۆژ بەندکران سزا دراون. هاوکات بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو لە یەک ساڵی رابردوودا لەهەموو ئێران ١٩١ ژن کوژراون. پارێزگاکانی تاران بە ٤٨ ژنکوژی، خوراسان بە ١٦ ژنکوژی و و ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز) بە ١٣ ژنکوژی زۆرترین ئاماری ژنکوژیان هەبووە. لەرۆژهەڵاتی کوردستانیش پارێزگای ئیلام زۆرترین ئاماری ژنکوژی لە کوردستان هەبووەو ٩ ژن لەو یەک ساڵەدا کوژران. دوای ئەو لەپارێزگای ئورمییە ٧ ژن، لە پارێزگای سنە ٥ ژن و لە کرماشانیش ٣ ژن کوژراون.