هەسەدە و حکومەتی سووریا رێککەوتن. بەگوێرەی رێککەوتنەکە هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا و هەموو کێڵگە نەوتی و گازییەکان رادەستی دیمەشق دەکرێن. رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات." دەقی رێککەوتنەکە: لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵوم عەبدی، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا: 1- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان. 2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتی بوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات. 3- راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا. 4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان. 5- گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە. 6- پشتیوانی دەوڵەتی سوریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن. 7- رەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا. 8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.