29 . خاکەلێوە . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

نەتانیاهۆ بەر لەچوونی بۆ واشنتن: رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەستەمە

نەتانیاهۆ بەر لەچوونی بۆ واشنتن: رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەستەمە
16 . خاکەلێوە . 2725

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە سەردانی واشنتن دەکات، ماڵپەری ئەکسیۆس بەر لەو سەردانە گرنگە ئاشکرایکردووە، نەتانیاهۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەدوور دەزانێت.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا کۆدەبێتەوەو باسی سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیەش داهاتووی غەزەو یەکلاییکردنەوەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران دەبێت.
ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بنیامین نەتانیاهۆ بەر لە سەردانەکەی بۆ واشنتن رایگەیاندووە کە ئیمکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران زۆر کەمە، هەر بۆیە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێ لە ئەگەری شکستی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران، پلانێکی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا لەبەرامبەر ئەمریکا دابرێژن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ماوەی دوو مانگی کات بە ئێران دابوو، بۆ ئەوەی بتوانن لەرێگەی گفتوگۆکردن رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران بکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم رانەگات، هاوکات پرۆژە مووشەکییەکانی سنووردار بکات و تاران پشتیوانییەکانی لە پرۆکسییە سەربازییەکانی لەناوچە رابگرێت.
لەبەرامبەردا لایەنی ئێرانی لەسەر زاری عەلی خامنەیی رێبەری ئەو وڵاتە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکای رەتکردەوە، بەڵآم دواتر سەرۆککۆمارو وەزیری دەرەوی ئێران رایانگەیاند کە ئەوان ئامادەن بەشێوەی ناراستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەن.

لەگەڵ ئەوەش رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا رایگەیاند کە واز لە نامەکان بهێنن و ئێران دەیەوێ راستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ بکات. سەبارەت بەو لێدوانەی ترەمپ تاکوو ئێستا لایەنی ئێران قبووڵ یان رەتینەکردووەتەوە.

پێشتر سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاشکرایکردبوو کە کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەکۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ دەبێت، بڕیارە ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی دووشەممە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی هەم قسە لەسەر داهاتووی غەززە بکەن و هەمیش دۆسییەی ئێران یەکلایی بکەنەوە.