29 . خاکەلێوە . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

رژێم داوای پێداچوونەوە بە حوکمی پەخشانی رەتکردەوە

رژێم داوای پێداچوونەوە بە حوکمی پەخشانی رەتکردەوە
18 . خاکەلێوە . 2725

دادگای باڵای ئێران جارێکیتر داوای پێداچوونەوە بۆ حوکمی پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کوردی رەتکردەوە.

ئەمیر رەئیسیان یەکێک لە پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی لە تۆری کۆمەڵایەتییەکانی شەخسی خۆی بڵاویکردەوە، کە دادگای باڵای ئێران جارێکیتر بە شێوەی نادادپەروەرانە داوای پێداچوونەوەیان بە حوکمی پەخشان عەزیزی رەتکردووەتەوە.

ئەمیر رەئیسیان لە نووسینەکەیدا هۆشداری ئەوە دەدات کە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی پەخشان هەیە، هەربۆیە هەندێک روونکردنەوەی لەسەر نادادپەروەرانە نەبوونی ئەو سزایەی بڵاوکردووەتەوە.

رەئیسیان دەقی یەکەم حوکمی دادگای ئینقلابی ئیران لەدژی پەخشان بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، کە پەخشان بەهۆی ئەندامبوون لە پژاک بە یەک ساڵ بەندکران سزا دراوەو بەهۆی بەشداری لە گروپێکی چەکدار کەناوی نەهاتووە، (نەناسراو) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە!

پارێزەری پەخشان عەزیزی وەڵامی یەکەمی دادگای باڵای ئێرانیشی دوای داواکردنی پێداچوونەوە بڵاوکردووەتەوە. ئەمجارەیان دادگای باڵای ئێران رایانگەیاندووە کە پەخشان عەزیزی بەهۆی ئەندامبوون لەگروپی داعش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە!

ئەمیر رەئیسیان وەڵامێکی دیکەی لقی ٩ی دادگای باڵای ئێرانی لەوەڵامی دووەم داواکاریکردن بە پێداچوونەوە بەحوکمی پەخشانی بڵاوکردووەتەوە، ئەمجارەیان دادگای باڵای ئێران رایگەیاندووە کە پەخشان عەزیزی ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە. پارێزەرەکەی پەخشان دێکیۆمێنتێکی دیکەیشی لە ماڵپەری تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی بڵاوکردووەتەوە، کە لەوێشدا پەخشان وەکوو ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ناوی هاتووە.

بەبۆچوونی پارێزەری پەخشان عەزیزی وەڵام و بەڵگەکانی دادگای باڵای ئێران ناڕوون، دژبەیەک و سزای سەر پەخشانیش نادادپەروەرانەیە، هەربۆیە جارێکیتر داوای پێداچوونەوە بە سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە دەکەنەوە.