29 . خاکەلێوە . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ترەمپ و نەتانیاهۆ چیان وت، کاردانەوەی ئێران؟

ترەمپ و نەتانیاهۆ چیان وت، کاردانەوەی ئێران؟
19 . خاکەلێوە . 2725

دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا دوای دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە گفتوگۆ راستەوخۆکانیان لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پشتراست کردەوە، بەڵام رایگەیاند گفتوگۆکان ناراستەوخۆ دەبن.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە بەکاتی کوردستان دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا. ترەمپ و نەتانیاهۆ لەسەر ئەوە کۆک بوون کە بەهیچ شێوەیەک نابێ ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات.

بنیامین نەتانیاهۆ رایگەیاند، کە ئەوان کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبووە، رایگەیاند هەردوولا هاوڕان کە نابێ ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات و ئەگەر گفتوگۆکانیش سەرکەوتوو نەبن، شت گەلێک روودەدات کە چاوەرواننەکراو دەبێت.

نەتانیاهۆ وتیشی دۆناڵد ترەمپ باشترین سەرۆککۆماری ئەمریکایەو هەرچییەک دەیلێ جێبەجێی دەکات، هەربۆیە ئیسرائیل و هەموو جووەکانی جیهان سوپاسی ترەمپ دەکەن.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا رایگەیاند کە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووەو رۆژی شەممەش گفتوگۆکان لە ئاستی باڵادا بەردەوام دەبن. ئەو قسەیەی دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. سەرەتا رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی رایگەیاند کە ئەو گفتوگۆیە هەماهەنگکراو بووەو دۆناڵد ترەمپ داوێکی بۆ ئێران ناوەتەوە، کە ئەگەر گفتوگۆی راستەوخۆ رەت بکاتەوە، دەرگا بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکاتەوە.

لایەنی ئێرانیش کاردانەوەی هەبووە، ماڵپەری نوور نیوزی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لەنووسینێکی کورتدا رایگەیاند کە ئەو لێدوانەی ترەمپ، شەڕێکی دەروونی بەجلی دیپلۆماسی بووە. ئەو ماڵپەرە بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی روونی لەسەر راست یان ناراستبوونی ئەو قسەیەی ترەمپ باس بکات، تەنیا وتی ئەوە شەرێکی دەروونی ترەمپە بۆ ئەوەی کاردانەوە لەسەر رای گشتی ناوخۆی وڵاتەکەی و ئاستی نێودەوڵەتی دابنێت.

هاوکات درەنگانی شەوی رابردوو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژمارەکانی خۆی لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکان کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی لە مەسقەت لەگەڵ ئەمریکاییەکان پشتراست کردەوە، بەڵام رایگەیاند گفتوگۆکان ناراستەوخۆ دەبن. بەگوتەی عێراقچی ئەو گفتوگۆیانە هەم تاقیکردنەوەیە، هەمیش دەرفەتەو ئێستا تۆپ لەگۆرەپانی ئەمریکا دایە.