ستیڤ ویتکاف نوێنەری ئەمریکا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست، ٤٨ کاتژمێر بەر لە کۆبوونەوە چاوەروانکراوەکەی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەوە دوا دەرفەتە و ئێران دەبێ بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان دابخات و وازیش لە میلیشیاکانی لەناوچە بهێنێت. ئەوە لەکاتێکدایە ئەمرۆ عێراقچی و سێشەممەش ترامپ دەچنە ریاز. رێک لەو رۆژەی وەزیری دەرەوەی عۆممان رایگەیاند، گەرچی چوارەمی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی رۆژی یەکشەممە بەرێوەدەچێت، ستیڤ ویتکاف نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و سەرۆکی شاندی ئەمریکا لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بەتووندی بەرامبەر ئێران قسەی کرد. ویتکاف رایگەیاند، یەکشەممە دوایین دەرفەتە بە ئێران و ئەگەر داواکارییەکانمان قبووڵ نەکات، ئەوان لە گفتوگۆکان بەردەوام نابن. ستیڤ ویتکاف رایگەیاند، ئێران دەبێ واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت، بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان دابخات. لەوانەش زیاتر نوێنەرەکەی ئەمریکا داوای لەئێران کردووە واز لە پشتیوانیکردن لەحیزبوڵڵا، حەماس و گروپە میلیشیاکانی دیکەی لە ناوچە بهێنێت. بەوتەی ویتکاف ئەوە دوا دەرفەتەو دەبێ رۆژی یەکشەممە بە ئەنجام بگات. ئەو ئۆلتیماتۆمەی ئەمریکا بە ئێران لەکاتێکدایە، وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم لای ئێران رەتکراوەتەوەو هاوکات تاران پێیوایە کە ئەوان تەنیا گفتوگۆ لەسەر دەسترانەگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم دەکەن و پرسەکانی دیکە باس ناکەن. لەگەڵ ئەوەش بەپەلە جموجۆلە دیپلۆماسییەکانی بەر لەکۆبوونەوەی سبەی لەلایەن لایەنی ئێرانی دەستیپێکردووە. ئەمرۆ شەممە رۆژێک بەر لە گفتوگۆکانی مەسقەت عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ریاز دەکات و لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی کۆدەبێتەوە. ئەو سەردانەی عێراقچی لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆمار ئەمریکاش سەردانی ریاز دەکات، هەربۆیە دوور نیە، ریاز وێستگەیەکی دیکەی دیپلۆماسی واشنتن و تاران بێت. سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست لەکاتێکدایە، هەتا رادەیەکی زۆر بەشێوەی سیمبولیک یان واقیعیش بێت، واشنتن هەوڵیداوە دڵی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت عەرەبستان رابگرێت. بەر لەو سەردانە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەوان وەکوو ئەمریکا ناوی کەنداوی فارس بە کەنداوی عەرەبی دەگۆرن، هاوکات لەئاستی میدیاییدا جۆرە ناکۆکییەک لەنێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ سەربارەت بە غەززەو گفتوگۆ ئەتۆمییەکان هەستی پێکرا، تەنانەت سەردانی پیت هێگێست وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.