23 . جۆزەردان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

رەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپا لەدژی ئێران

رەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپا لەدژی ئێران
21 . جۆزەردان . 2725

ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی رەشنووسی بڕیارنامەیەکی هاوبەشیان لەدژی پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران رادەستی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کردووەو باسیان لەوە کردووە، تاران پێشێڵکاری زۆری ئەتۆمی کردووە.

شەوی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان هەواڵدەری فەرەنسا ئاشکرایکرد، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئاڵمان رەشنووسی بڕیارنامەیەکی هاوبەشیان رادەستی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کردووە. کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە لەرۆژی دووشەممەوە دەستی پێکردووەو بەردەوامە.

بەپێی ئەو بڕیارنامەی ئەو چوار وڵاتە ئامادەیان کردووە، ئێران یارمەتی ئەژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆم ناکات، پرۆژە ئەتۆمییەکانی گومانئاوی و ناڕوونن. لە رەشنووسەکەدا هاتووە، ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ناتوانێ ئاشتیخوازبوونی پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران بسەڵمێنێت و ئەو چوار وڵاتە پێیانوایە پرسیارگەلێک لەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران هەن، کە وەڵامەکانیان یان پێویستی بە هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ئەگەر ئەو بڕیارنامەیە لە ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانس دەنگ بهێنێتەوە، دەبێتە یەکەمجار لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو کە ئێران بە فەرمی بەپێشێڵکاری ئەتۆمی تۆمەتبار دەکرێت. ئەوەش بەرپرسانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە.
بێهرووز کەماڵوەندی، وتەبێژی ئەژانسی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەو بڕیارنامەیە پەسەند بکرێت، ئەوانیش بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا دەچنەوە. ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێ، فەرەنسا هەڵوێستی دوژمنکارانەی بەرامبەر ئێران هەیەو باس لەوە دەکات کە تاران بەرامبەر هەر بڕیارنامەییەک لە ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کاردانەوەی گونجاوی خۆی دەبێت.