ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووەو تاکوو ئێستا چەندنی فەرماندەی پڵە باڵای سەربازی ئەو وڵاتەی کوشتووە و سەدان ناوەندی سەربازی و ئەتۆمی ئێرانی کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. لەو هێرشانەدا چەندین فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران، لەوانە: حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران، محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، غوڵامعەلی رەشید فەرماندەی قەرارگای خاتەم ئەنبیا و ئەمیر عەلی حاجیزادە فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران. هاوکات چەندین زانا و پسپۆری پەیوەندیدار بە پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش لەو هێرشانەدا کوژران. لە زنجیر هێرشەکانی ئیسرائیل کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە، بنکەی ئەتۆمی نەتەنز دامەزراوەی ئەتۆمی پارچین و بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ و دەیان ناوەندی دیکەی ئەتۆمی کراونەتە ئامانج. هاوکات فرۆکەکانی ئیسرائیل دەیان بنکەو ناوەندی مووشەکی ئێرانیان بوردوومان کردووە. هێرشەکانی ئیسرائیل تاکوو ئێستا بۆ سەر ١٢ پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بووەو چڕترین هێرشەکانیش بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگای کرماشان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و تەورێزی ئێران بووە. هەر لەیەکەم بوردوومانەکاندا، دەیان ناوەند و بنکەی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرانە ئامانج. بنکەکانی سوپای پاسداران لە سنە، کرماشان، سەرپێلی زەهاو، پیرانشار، سەردەشت، مەریوان، مەهاباد و…هتد، بوردوومان کراون. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەیەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، ئێران بەرەو درووستکردنی چەکی ئەتۆم دەرۆیشت و ئەوان ناچار بوون ئەو کارە بکەن. نەتانیاهۆ وتیشی هێرشەکان لەرۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن. لەبەرامبەردا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەیەکەم کارداوەوەدا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی سەختی لە ئیسرائیل کرد.