حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا رایگەیاند ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەیکات، هۆکاری سیاسەتە شەڕخوازانەو شەڕفرۆشانەکانی خۆییەتی. حدکا دەڵێ ئەو شەڕە هی رژێمە و پەیوەندی بە گەلانی ئێران نیە. دەقی راگەیاندنەکە بەمشێوەیە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی ئیسڕائیل لە چەند شەپۆل هێرشی بەربڵاودا چەند بنکەیەکی سەربازی و ئەتومیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە چەند شارێکدا بۆمباران کرد، هەروەها چەند زانایەکی ئەتومی و کۆمەڵێک فەرماندەری پلەبەرزی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی کوشت. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ماهییەتی شەڕخوازانە و قەیرانخوڵقێنیی خۆی و لەسۆنگەی سیاسەتی شەڕفرۆشی و ناسەقامگیرکردنی ئەمنییەتی ناوچەیی و جیهانی، ئەمجارەیان بڵێسە و ئاگری شەڕی هێنایە نێوخۆی وڵات. ئەم ڕێژیمە تێرۆریستە کە ئامادە نیە مل بۆ هیچ پەسندکراو و ڕێککەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی ڕابکێشێ، ڕێز لە سەروەریی سیاسیی وڵاتانی دیکە بگرێ و خەڵکی ئێرانی وەک قەڵغانێک بۆ بردنەپێشی سیاسەتە چەوت و دژەگەلییەکان بەبارمتە گرتوە، بەرپرسیاری هەموو قەیرانەکانی ئێستا و ئەو دۆخەیە بەسەر وڵاتدا سەپاوە. کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەهۆڵی شەڕ دەکوتێ، کە ئەو شەڕە شەڕی گەلانی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەوان نیە؛ بەڵکوو شەڕی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییە کە هەتا ئێستا هەموو سامان و دارایی خەڵک و وڵاتی ئێرانیان بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکانیان بەفیڕۆ داوە و قەیران لە دوای قەیران بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی وڵات بە دیاری دێنن. خەڵکی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە بەردەوامی بە ڕێگای جۆراوجۆری وەک بایکۆتکردنی بەناو هەڵبژاردنەکان، مانگرتن، ناڕەزایەتیدەربڕین و خۆپێشاندانی جەماوەری بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینادا دەنگی خۆی بە کۆمەڵگەی جیهانی گەیاندوە و بەئاشکرا ڕایگەیاندوە کە ئەم ڕێژیمە هیچ شەرعییەتێکی سیاسی و گەلیی نیە و لە شێوەی جۆراوجۆردا ئیرادەی خۆیشی بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی نواندوە. ٤٧ ساڵ دەسەڵاتی ڕەش و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی ئاکامەکەی تەنیا تێرۆر و کوشتنی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی وڵات، سەرکوتی هەمەلایەنەی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، وێرانی و پاشکەوتوویی وڵات لە ڕووی ئابووری و ژینگەیی و کەڵەکەبوونی سەدان قەیرانی سیاسی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی لەسەر یەکتری بووە. ئەوەش کە ئێستا لە ئێران ڕوو دەدا، بەرهەمی سیاستەکانی کۆماری ئیسلامییە و بە مانەوەی ئەم ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا ئەم دۆخە بەرەو خراپبوونی زیاتریش دەچێ، بۆیە یەکەم مەرجی ڕزگاربوونی گەلانی ئێران لە چنگ ئەو هەمووە قەیران و وێرانی و ڕۆژڕەشییە کۆتاییهێنان بەتەمەنی ئەم ڕێژیمەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستەی کارگێڕی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی