8 . گەلاوێژ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

راپۆرتی تایبەت: کچانی پێشەوا رێگە نادەن، مەحکەمەی باوکیان دەستکاری بکرێت

راپۆرتی تایبەت: کچانی پێشەوا رێگە نادەن، مەحکەمەی باوکیان دەستکاری بکرێت
28 . پووشپەڕ . 2725

لەچەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی فرۆشتنی بینای مەحکەمەی پێشەوا قازی محەمەد لە شاری مەهاباد بڵاوبووەتەوە، مونیرەخانمی قازی کچی پێشەوا قازی محەمەد قسەی بۆ رۆژهەڵات نیوز کردووەو وردەکارییەکانی ئەو هەواڵە ڕوون دەکاتەوە.

مونیرە خانمی قازی بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند لەسەر داوای پێشەوا قازی محەمەد بڕیار نەبووە، بینای مەحکەمە بخرێتە سەر میرات و دەبێ وەکوو میراتێکی نیشتمانی خەڵک بمێنێتەوە. بەوتەی خاتوو مونیرە دوایی لەسەر داوای بنەماڵەی سەدری قازی، بینا و حەوشەی مەحکەمە بووە دووبەش و دایکم (مینا خانمی قازی) حەوشەی مەحکەمەی بە بنەماڵەی سەدری قازی دا.

مونیرە خانمی قازی کچی پێشەوا قازی محەمەد بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، عەبدوڵڵای سەدری قازی (عەبدوڵڵای سوورئاغا) کە خۆی دانیشتووی ئاڵمانیایە، حەوشەی مەحکەمەی بە نرخی ١٠ میلیارد تومەنی و پارچە زەوییەکی دیکە بە کەسێک بەناوی مستەفا فەتاحی فرۆشتووە. مونیرە خانمی قازی وتیشی ئێمە هەمووان بە بڕیاری فرۆشتنی حەوشەی مەحکەمە دڵگران بووین، بەڵام رەتیکردەوە کە حەوشەکە بە غەیرە کورد فرۆشرابێت و ئاشکراشیکرد کە مستەفا فەتاحی کە زەوییەکەی پێ فرۆشراوە، هەم خزم و ناسراوە، هەمیش کەسێکی زۆر باش و خۆش نێوە.

مونیرە خانمی قازی سەبارەت بەو بڕیارە بۆ رۆژهەڵات نیوزی ڕوونکردەوە کە بڕیارە زەوییەکەی حەوشەی مەحکەمەی پێشەوا قازی وەربگرنەوەو تێچوو و خەسارەتەکەش خۆی و فەوزییە خانمی قازی کچەکەی دیکەی پێشەوا دەیدەن. بۆیە لەرێگەی رۆژهەڵات نیوز خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە، کە رێگە نادەن بینا و حەوشەی مەحکەمەی جەنابی پێشەوا تێکبچێت و بۆ کاری دیکە بەکاربهێندرێت.

مونیرەخانمی کچی پێشەوا قازی محەمەد سەبارەت بەو بیناییە بەرۆژهەڵآت نیوزی وت، هەموو کێشەو گرفتەکانی ناوچەی موکریان لەو مەحکەمەیە یەکلایی دەکرانەوە، هەم لەسەردەمی قازی عەلی و هەمیش لەسەردەمی قازی محەمەد و هەمیش لەکاتی کۆماری کوردستان ئەو بینایە رۆڵێکی گرنگی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی ناوچە هەبووە، هەربۆیە هەرگیز وەکوو میراتی خێزانی سەیری ناکەن و بەهی هەموو خەڵکی دەزانن.