بەپێی دواین ئامارەکان لەسەر رێژەی هەڵاوسان لەئێران، نرخی خۆراک و کەڵوپەڵەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوەو هەتا رادەیەک کە ئێستا نانی وشک وەکوو خۆراکی دەوڵەمەندەکانی لێهاتووە. ماڵپەری ئیلنای ئێرانی کە زۆرتر کار لەسەر دۆخی کرێکاران دەکات، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو هەتا کۆتایی بەهاری ئەمساڵ نرخی خۆراکە سەرەکییەکان بەرێژەی ٧٠ لەسەد گران بووە، هاوکات بەدواداچوونی مەیدانیش دەریدەخات گڕانییەکی دیکەی هەستپێکراویش لە مانگی یەکەمی هاوینیشدا تۆمار کراوە. دوای شەڕی ١٢ رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، نرخی یەک کیلۆ برینج بووەتە ٣٠٠ هەزار تومەن، ئەوە لەکاتێکدایە پێش شەڕەکە ١٥٠ بۆ ١٨ هەزار تومەن بووە. هەر ئەوەش وایکردووە، کرێکاران، ئەوانەی مانگانەی لانیکەمیان هەیە یان ئەوانەی کاری رۆژانە دەکەن، چیتر ناتوانن برینج بەرنەوە سەر سفرەکانیان. هاوکات بەپێی ئەو بەدواداچوونانە نرخی نان لەمانگی یەکەمی هاوین لە ناوەندی پارێزگاکان ٥٢ لەسەد و لە ناو شارەکان ٥٠ لەسەد گران بووە، بەو پێیە خودی دابینکردنی نانیش هەتا رادەیەک بووەتە نیگەرانی کرێکاران و چینێکی دیاری کۆمەڵگە. بەپێی لێکدانەوەکانی بیرکاری، نرخی سفرەی مانگانە لە کۆتایی زستان ٢٨ ملیۆن تومەن بووە، لەکاتێکدا ئێستا گەیشتووەتە سنووری ٥٠ ملیۆن تومەن، ئەگەر بە وردی قسە بکەین، ئێستا بۆ دابینکردنی لانیکەمی خۆراک هەر خێزانێک لانیکەم تەنیا بۆ سەر سفرەیان ٤٨ ملیۆن تومەنیان پێویستە.