ئیسرائیل بە لەبەرچاوگرتنی شەڕی ١٢ رۆژەی لەگەڵ ئێران، خەریکە خۆی بۆ گەڕێکی دیکەی هێرش بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش سیستەمێکی دیکەی بەڕگری ئاسمانی لە ئەمریکا کڕیوەو جێگری کردووە. رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیل لە راپۆرتێکی شیکارییدا باس لەوە دەکات، ئێران لە رۆژانی یەکەمی شەڕی ١٢ رۆژەدا ٥٥٠ موشەکی باڵستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، ئەگەرچی ئەوە خۆی هەڕەشەیەکی جیدیی بووە بۆ ئیسرائیل، بەڵام هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل توانی لەرۆژانی دواییدا هەڵدانی مووشەکی لەلایەن ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو پەک بخات. هاوکات رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ هێرشی دیکە بۆ سەر ئێران، ئەو کارەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی شەڕە ١٢ رۆژییەکە دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش پرۆسەی دابینکردنی سیستەمی بەڕگریی (Arrow)ی خێراتر کردووە، ئەو سیستەمە بەڕگرییە هی ئەمریکایەو ئیسرائیل دەیهەوێ هاوتەریب لەگەڵ سیستەمی (Iron Dome) و (Magic Wand) بەڕگریی ئاسمانی ئیسرائیل بەهێزتر لەجاران بکات. راپۆرتەکەی ئۆرشەلیم پۆست باس لەوە دەکات، ئیسرائیل لەشەڕە ١٢ رۆژییەکەیدا کاری لەسەر پەکخستنی توانای ئێران بووە، بۆ ئەوەی نەتوانێ لەیەک کاتدا زنجیرە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لەرێگەی فرۆکەی شەڕکەر و فرۆکەی بێفرۆکەوان بەو ئامانجەی گەیشتووەو سەکۆ مووشەکییەکان و لانچرەکانی کردووەتە ئامانج. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئیسرائیل یەکێک لە گرنگترین و بێوێنەترین سەرکەوتنەکانی مێژوویی تۆمار کردووە، چوونکە توانیویەتی نزیکەی ٩٩ لەسەدی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئێران بکاتە ئامانج، هاوکات ٨٦ لەسەدی مووشەکە باڵستییەکانی ئێرانیشی پێکاوە، بەڵام لەو رێژە کەمەی کە نەپێکێندراون، توانیویەتی نزیکەی ٣٠ کەس لە ئیسرائیل بکوژێت. ئۆرشەلیم پۆست پێیوایە، توانا مووشەکییەکانی ئێران بە موشەکی هایپەرسۆنیکیشەوە، ناتوانێ گرەنتی راستەقینە بێت، هەر بۆیە لەکۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، تاران وانەی وەرنەگرتووەو رەنگە لەسەر پشت بەستن بەو سیستمانە بەردەوام بێت و ئەوەش ناتوانێ شەڕەکە لەبەرژەوەندیان یەکلایی بکاتەوە.