لەدوای ئاگرکەوتنەوە لە ئاویەری سنە و لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگڕەکەدا حەمید مورادی بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزی شنەی نۆژین گیانی لەدەستداو بە بەشداری ئاپۆرای کوردستانیان لە شاری سنە بە خاک سپێردرا. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بۆ چەندەمین جار ئاگر لە کێوی ئاویەری سنە کەوتەوە، ئاگڕەکەی ئەمجارە پانتاییەکی زۆری لەخۆی گرتبوو، وەکوو هەمیشە لە کەمتەرخەمی و بێ باکی بەرپرسانی رژێمی ئێران لە کوردستان، ژینگەپارێزان و خەڵکی کوردستان بۆ کووژاندنەوەی ئاگڕەکە دەستبەکار بوون. رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، چاڵاکوانانی ژینگەو خەڵکی ئاسایی بە هەرچی لەبەردەستیان دا بوو، هەوڵی کووژاندنەوەی ئاگڕی ئاویەریان دا. لەکاتی کووژاندنەوەی ئاگڕەکەدا ژمارەیەک ژینگەپارێز لەناو ئاگڕەکەدا مانەوەو بەرێژەیەکی زۆر سووتان و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کران. هەر ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە حەمید مورادی بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزی شنەی نۆژین گیانی لەدەستدا. موحسین حوسێن پەناهی و مستەفا هەژیری لە بەشی گشتی نەخۆشخانە خەوێندران و هاوکات خەبات ئەمینی و چیاکۆ یوسف نەژاد تاکوو ئێستاش لە بەشی ئای سی یوودان و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە. ئێوارەی رۆژی هەینی لەکاتی بە خاکسپاردنی حەمید مورادی نوێترین شەهیدی ژینگەی کوردستان بە هەزاران کەس لە کوردستانیان بەشداربوون. هاووڵاتیان درووشمی جیا جیایان بۆ خاوەندارییەتیکردن لە شەهید حەمید وتەوەو خواستی دەروونی خۆشیان بە دەنگێکی بەرز باسکرد. هاووڵاتیان دروشمی زۆریان دا، لەنێویاندا " داگیرکەڕی ئێران قاتڵی رۆڵەمانی"، " ژین و ژیانی کوردستان سووتاوی دەستی ئێران" و " کاک حەمید قارەمانە شەهیدی کوردستانە".