22 . خەرمانان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

هەفتەیەکی چارەنووسساز بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران

هەفتەیەکی چارەنووسساز بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران
17 . خەرمانان . 2725

کۆبوونەوەی وەرزی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (شواری حکام) لەکاتێکدا دەستیپێکردووە، کە باسی سەرەکی پرسی ئەتۆمی ئێرانەو سکرتێری ئەژانسەکەش دەڵێ لەو هفتەیەدا دەبێ پرسەکە یەکلا ببێتەوە.

ئەمرۆ دووشەممە ١٧ی خەرمانان کۆبوونەوەی وەرزی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستیپێکرد، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رافائێل گروسی سکرتێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، کات بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران کەمەو دەبێ لەو هەفتەیەدا بە ئەنجام بگەین. گروسی ئاماژەشی بەوەداوە کە پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئێران بەدی هاتووەو هیوای خواست لەچەند رۆژی داهاتوودا رێکبکەون.

سیناریۆکانی بەردەم ئێران زۆر نین، هەروەکوو رافائێل گروسی ئاماژەی پێداوە، کاتیش کەمە. ئێستا ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەبەردەم چەند بژاردە دایە.
١- رێککەوتنێکی سنووردارو کاتی، ئەگەری ئەوە هەیە لایەنەکان لەسەر هەنگاوی بچووک رێکبکەون، بەشێوەیەک کە رێگە بەدەن بەشێوەی سنووردار پشکێنەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بگەرێنەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەی کاتی دۆخەکە رابگرن، بەڵام قەیرانە سەرەکییەکە وەکوو خۆی بمێنێتەوە.
٢- رێککەوتن لە چەند رۆژی داهاتوودا، رەنگە رێککەوتنێکی گشتیتر بکرێت، پشکێنەرانی ئەژانس رێگەیان پێ بدرێت، سەرجەم ئەو بنکە ئەتۆمیانەی مەبەستن بپشکنن و چاودێرییە ئاساییەکان دەست پێبکەنەوە. بەمشێوەیە گوشارەکانی سەر ئێران کەم بکرێن و ئەنجوومەنی بڕیاردەرانیش لەو کۆبوونەوە وەرزییەدا بڕیارنامەی تووند لەدژی ئێران دەر نەکات.
٣- بژاردەی سێیەم، بەردەوامی دۆخی ئێستایە. ئەگەر رێککەوتنی سنووردار نەکرێت، گوشارەکانی ئوروپا و ئەمریکا لەرێگەی چاڵاککردنی میکانیزمی سنەپ باک بەردەوام دەبێت، کەشێکی دژە ئێرانیش لە ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانس دروست دەبێت و بڕیارنامەکەشی لەدژی ئێران دەبێت.

کۆبوونەوەی وەرزی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەدۆخێکی هەستیاردا دەستی بەکارەکانی کردووە. ئەگەر لەچەند رۆژی داهاتوودا دوو سیناریۆی یەکەم سەرنەگرێت، ئەوا جارێکیتر دۆخەکە وەکوو پێش دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانی لێدێت. ئەژانس راپۆرتی خۆی لەدژی ئێران بڵاودەکاتەوە. بە لێدوانەکانی چەند رۆژی رابردووی رافائێل گروسی دیارە، کە ناوەرۆکی راپۆرتەکە چۆن دەبێت.

گروسی پێشتر رایگەیاندبوو، هیچ چاودێرییەکیان بەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نەماوە، هاوکات ئاماژەشی بەوە دابوو، چارەنووسی ئەو ٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمەش نادیارە کە پیتاندنی سەروو ٦٠ لەسەدی بۆ کراوە.
لەرووی سیاسییەوە، رۆژئاواییەکان و بەتایبەت ئەمریکا داوا دەکەن، کە ئێران نابێ بەهیچ رێژەیەک مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت، لایەنی ئێرانیش‌ ئەوەی رەتکردووەتەوە.