21 . ڕەزبەر . 2725
هەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techسەبەتە 0

کۆنفرانسی کۆڵن: دەڵێن جارێ زوویە بۆ یەکدەنگی!

کۆنفرانسی کۆڵن: دەڵێن جارێ زوویە بۆ یەکدەنگی!
8 . ڕەزبەر . 2725

راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز

رۆژی یەکشەممە ٦ی رەزبەڕ کۆمیتەی دیالۆگی ٧ لایەنی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆنفرانسێکی هاوبەشیان لەژێر ناوی "بزوتنەوەی ژینا، ژن ژیان ئازادی" بەرێوەبرد.
لەو کۆنفرانسەدا کوێستان گادانی وەکوو نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، جەمیلە رەحیمی وەکوو نوێنەری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سیامەند موعینی وەکوو نوێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، بێهروز مەلەکشا وەکوو نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، عادڵ ئەلیاسی وەکوو نوێنەری رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، شەماڵ پیران وەکوو نوێنەری پارتی ئازادی کوردستان و میلاد ئەفراز وەکوو نوێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون و لە پانێلی یەکەمدا باس و بابەتەکانیان پێشکەش کرد.

بەشی زۆری پانێلیستەکان لەگەڵ باسکردن لە شۆرشی ژینا، کەموکوڕی و بەرنامەکان بۆ داهاتووی بەیەکەوە کارکردن، هەبوونی هێزێکی چەکداری هاوبەشیان بۆ داهاتوو بە پێویست دانا. هاوکات پێداگریان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە لەنێوانیان تەنیا ناوەند یان کۆمیتەیەکە بۆ دیالۆگ کردن، ئەو دیالۆگەش بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا لەسەر بنەمای خالە هاوبەشەکان هەنگاوی دیکەش بهاوێن.

دکتور کوێستان گادانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، سەرەتا دەبێ لەرێگەی کۆنفرانسی لەمجۆرە متمانە لەلای لایەنەکان دروست بکرێت و دواتر هەنگاوی کرداری بهاوێن. بەرای ئەو ئەوان ئێستا لە پرۆسەی دیالۆگ-دان و هیچ پرۆژەیەکی کۆنکرێتی لەئارادا نیە. نوێنەری حدکا دەڵێ لەداهاتوودا دەبێ لەسەر بنەمای ئەرزی واقیع و چوارچێوەی خواستەکانی گەلی کوردستان هاوپەیمانییەکە پێکبهێندرێت. گادانی گەشبینەو دەڵێ دەتوانن لەداهاتوودا ناوەندێکی هاوبەش درووستبکەن.

هاوکات سیامەند موعینی ئەندامی مەجلیسی پژاک و نوێنەری ئەو حیزبە لە کۆنفرانسی کۆڵن بە رۆژهەڵاتی نیوزی وت، کۆمیتەی دیاڵۆگ سەرەتایەکی باشەو دەتوانێ سەرەتایەک بۆ ئامادەکاری بەپەلەو جیدی بۆ هەنگاونانی پراکتیکی بێت. موعینی هیواشی خواست کە ئەو دیاڵۆگانە ببنە بنەمایەک بۆ هاوکاریکردنی لایەنە سیاسییەکان خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەن.

ئەو کۆنفرانسە لەگەڵ پشتیوانییەکان کە لێکران، هاوکات رەخنەی زۆریشی لێگیرا. هەر لەسەرەتاوە هەبوونی ئاڵاییەکی سوور لە تەنیشت ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی سرودی ئینترناسیۆناڵ لەگەڵ سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەو دوو مەرجە لەو کۆنفرانسەدا بەشداربووە.

هاوکات باسێکی دیکەش، هەبوونی لۆگۆ و ئاڵا و مێزی هەر ٧ حیزبەکە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە بوو، بەشێوەیەک کە ناراستەوخۆ کێبەرکێی زۆرترین ئاڵا و گەورەترین ئاڵا لەسەر مێزی حیزبەکان هەست پێدەکرا، تێبینییەکی دیکەش ئەوە بوو کە ئەو ٧ لایەنە باسی هیچ‌ پرۆژەیەکی هاوبەشیان نەکردووەو تەنیا بۆچوونی خۆیان باسکردووە.
دکتور مەنسوور سۆهرابی چاڵاکوانی سیاسیی و یەکێک لە بەشداربووان بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، سەرەتا دەبووا ئەو لایەنانەی لەیەکتر نزیکترن بەیەکەوە کاری هاوبەش بکەن، دواتر هاوپەیمانەکان لەسەر پرۆژەی هاوبەش کار بکەن و کارەکان بەرەو پێش ببەن.

عوبەید سورخابی چاڵاکوانی سیاسیی و یەکێک لە پانێلیستەکانی بەشی کەسایەتییە سەربەخۆکانیش بە رۆژهەڵات نیوز-ی راگەیاند، مەرجی سەرکەوتنی کاری هاوبەش ئەوەیە، سێ کۆڵەکەی "کۆمەڵگەی مەدەنی، حیزبە سیاسییەکان و ئاکادیمیسەنەکان" بە یەکەوە کار بکەن. بەرای ئەو کۆنفرانسەکە هەنگاوێکی باشە، بەڵام دەبێ کاری کرداری جیدی و بەپەلەشی لێبکەوێتەوە.

هاوار ئەحمەدی کۆمەڵناس و چاڵاکوانی سیاسی و یەکێکیتر لە بەشداربووانیش‌ لەگەڵ رەخنەگرتنی لە هەبوونی ئاڵای سوور لەتەنیشت ئاڵای کوردستان، بە رۆژهەڵات نیوزی وت: "لەو کۆنفرانسە هاودەنگی بەدی نەهات، تەنیا هاوفکری کرا و لایەنەکان بۆچوونی خۆیان باسکرد." بە ڕای ئەویش‌ لایەنە سیاسییەکان دەبێ پرۆژەکانیان لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان رێکبخەن و هەنگاوی کرداری بۆ بهاوێن.