26 . ڕەزبەر . 2725
هەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techسەبەتە 0

یەکەم زانکۆی کوردی لە ئاڵمان دەست بەکار دەکات

یەکەم زانکۆی کوردی لە ئاڵمان دەست بەکار دەکات
26 . ڕەزبەر . 2725

یەکەم کۆنفرانسی زانکۆی نێودەوڵەتی کورد لە ئاڵمان دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بە بەشداری دەیان ئاکادیمیسییەنی کورد و بیانی باس لە چۆنییەتی و شێوازی کارکردنی ئەو زانکۆیە لەداهاتوودا بکرێت.

رۆژی هەینی ٢٦ی رەزبەڕ رێورەسمی یەکەم کۆنفرانسی زانکۆی نێودەوڵەتی کوردی لە ئاڵمان بەرێوەچوو، ئەوەش وەکوو بەفەرمی دەستپێکردنی کاروباری یەکەم زانکۆی کوردی لەئاڵمانە، بڕیارە ئەمرۆ و سبەی لەدرێژەی کۆنفرانسەکەدا ئاکادیمیسییەنەکان بڕیار لەسەر چۆنییەتی کاروباری ئەو زانکۆیە لەداهاتوودا بدەن.
ئەو زانکۆیە بیرۆکەی چەند کەسایەتی ئاکادیمی چوار پارچەی کوردستان بە سەرپرشتی دکتور یونس بەهرام لە توێژەرە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستانە. دکتور یونس پزیشک و شرۆڤەکاری سیاسیی کوردە و ساڵانێکە لەبواری کورد و رۆژهەڵاتی ناوەراست شرۆڤەو لێکدانەوە دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، بینای زانکۆکە لە هەرێمی درێزنی ئاڵمانەو پرۆفیسۆر کریستۆڤەر شۆڵز سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی کورد لە ئاڵمانە. بڕیارە بە سێ زمانی کوردی، ئاڵمانی و ئینگلیزی لەو زانکۆیە وانە بوترێتەوە.

یەکەم کۆنفرانسی زانکۆکە کە رۆژی هەینی دەستیپێکردووەو ماوەی ٣ رۆژ بەردەوام دەبێ، لە ژێر ناوی "پەیوەندی زانست، شوناس و داهاتوو" گەنگەشەی چۆنییەتی کاری زانکۆکە دەکات. بڕیاریشە دەیان ئاکادیمیسییەن لە چوارپارچەی کوردستان بۆچوون و لێکدانەوەکانی خۆیان سەبارەت بەو پرسە باس بکەن. بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر یەکە لە دکتور بێهرووز چەمەن ئارا، دکتور مەسعوود رۆستەمی و دکتور ئەردەشیر پەشەنگ پانێلی خۆیان پێشکەش بکەن. لە رێورەسمی دەستپێکردنی کۆنفرانسەکەش مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وتارێکدا باسی لەگرنگی و بەردەوامی کاری ئەو زانکۆیەو زانکۆی هاوشێوە لە وڵاتانی دەرەوە بۆ پاراستنی زمان و شوناسی کوردی کرد.

بڕیارە یەکەم زانکۆی نێودەوڵەتی کورد لە ئاڵمان لە قۆناغی یەکەمدا بە سێ زمان وانەی زمانی کوردی، پەروەردەو چەند بەشێکی ئەندازیاری بڵێتەوە. هاوکات زانکۆکە لەماڵپەری خۆیدا بەمشێوەیە خۆی پێناسە کردووە:" لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و دیداکتیک و دیجیتاڵکردنەوە، ئێمە بناغەیەکی متمانەپێکراو بۆ پەروەردە و میدیا و بەشداری کۆمەڵایەتی دروست دەکەین. کارەکانمان بێ ئایدۆلۆژیا و سەربەخۆیە لە ڕووی سیاسییەوە- لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا خزمەت بە گەشەسەندنی زمانەوانی و کولتووری و زانستی زمانی کوردی دەکات."