ئامادەکردن: رۆژهەڵات نیوز وەفدێکی ئەمنیی عێراق لە تارانەو لەگەڵ گەورە بەرپرسە ئەمنیی و سیاسییەکانی ئێران کۆبوونەتەوەو بابەتی سەرەکیش جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانە، بڕیارە کۆمیتەیەکی مەیدانی بۆ بەدواداچوونی پێکبهێندرێت. رۆژی دووشەممە ٢٩ی رەزبەڕ وەفدێکی ئەمنیی عێراقی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی عێراق و بە بەشداری رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و هەر لە هەمان رۆژدا کۆبوونەوەکانیان دەستپێکرد. تاکوو ئێستا وەفدی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، محەمەد خاکپوور فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران و ئەمرۆ ئێوارەش لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەتەوە. لەهەموو کۆبوونەوەکاندا جێبەجێکردنی کامڵی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران خاڵی سەرەکی بووە، گرنگییەکەی بەرادەیەکە، ئەمرۆ سێشەممە محەمەد خاکپور فەرماندەی سوپای پاسداران بە وەفدی عێراقی وتووە، جێبەجێکردنی خاڵ بە خاڵی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییەکی گرنگە بۆ ئاسایشی ناوچەکە. ماڵپەری تەسنیم-ی سەر بە سوپای پاسداران سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە رایگەیاندووە، محەمەد پاکپور سوپاسی عێراقی کردووە، بۆ ئەوەی لە شەڕی ١٢ رۆژەدا هێزە دژبەرەکانی ئێرانیان کۆنترۆڵ کردووە، لەگەڵ ئەوەش داوای کردووە، کۆمیتەیەکی هاوبەشی مەیدانی چاودێری سنوورەکان بکەن، بۆ ئەوەی گروپە چەکدارەکانی دژبەری ئێران لەسەر سنوورەکان بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکرێن. لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمرۆی وەفدی ئەمنی عێراق لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ماڵپەری دەوڵەتی ئیرنا رایگەیاندووە، پزیشکیان زۆرتر باسی لە پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەتایبەت جێبەجێکردنی هێڵی شەمەندەفەری نێوان دوو وڵاتی کردووە، راشیگەیاندووە، لەرووی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕای ئێمەن و پەیوەندییەکانیان پتەوتر لەجاران بەردەوام دەبن. بەپێی راپۆرتەکەی ئیرنا، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق پابەندبوونی خۆیانی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی دووپاتکردووەتەوەو رایگەیاندووە رێگە نادەن لەسەر سنوورەکانی ئەوانەوە هیچ هەڕەشەیەک لە ئێران بکرێت. هاوکات ئەعرەجی پێشنیاری دروستکردنی کۆمیتەیەکی هاوبەشی مەیدانی بۆ بەدواداچوون بۆ کەموکوڕییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی کردووە. هاوکات هەر بەپێی هەواڵەکەی ئیرنا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنەکە رایگەیاندووە، ئەوان لەهەر دۆخێکدا پشتیوانی لە سەقامگیری و ئاسایشی ئێران دەکەن. رێبەر ئەحمەد وتووشیەتی هەنگاوی کرداریان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکە هەڵێناوە. لەدوای دەستپێکردنی راپەرینی ژینا و خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند رۆژی لەسەر یەکدا بە مووشەکی باڵستیک و درۆنی شاهید و پرۆکسییەکانی لە عێراق هێرشیان کردە سەر بنکە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان. دوای ئەوە رێککەوتنێکی ئەمنییان لەگەڵ عێراق واژۆ کرد و بۆ ئەوەی سەرەتا پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات لەسەر سنوورەکان دوور بخەنەوە، دواتر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکەن، ئینجا بنکەکانیان دابخەن و بۆ شوێنی دیکە بیانگوازنەوە. بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێککەوتنەکە جێبەجێ کراوە، بەرپرسانی عێراقی دەڵێن بەشێکی زۆری جێبەجێ کراوە، بەڵام لایەنی ئێرانی بەردەوام گوشارەکانیان زیاتر دەکەن و داوای جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکان دەکەن.