سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بەرێوەبەری قەیرانی وشکەساڵی ئێران رایگەیاندووە، وشکە ساڵی پاییزی ئەمساڵ لە ٥٧ ساڵی رابردوودا نموونەی نەبووەو لەئێستاوە بەرەو قەیرانی نەبوونی ئاوی خواردنەوەش دەچین. رۆژی یەکشەممە ئەحەد وەزیفە سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بەرێوەبەری قەیرانی وشکەساڵی ئێران رایگەیاند، دوو هۆکاری بەرزبوونی پلەکانی گەرما و هاوکات کەمی باران بارین لە پاییزی ئەمساڵدا بەرەو وشکەساڵییەکی کەم وێنە لە ئێران دەچین. بەو باوەری وەزیفە، دۆخی بەنداوەکانی سەرتاسەری ئێران و بەتایبەت لە شارە گەورەکانی تاران، تەورێز، مەشهەد و ئیسفەهان، هاوکات کەمی باران بارین و گەرمبوونی پاییزێکی وشکی کەم باران وایکردووە، ئەمساڵ پاییزێک لە ئێران لەرووی قەیرانی ئاو هەبێت، کە لە لانیکەم لە ٥٧ ساڵی رابردوودا نموونەی نەبووە. ئەو بەرپرسەی ئێران دەڵێ قەیرانی کەم ئاوی لەئێستاوە کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و ئاسایشی خۆراک داناوەو ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، تووشی قەیرانی کەمی ئاوی خواردنەوەش دەبن. ئەحەد وەزیفە ئاشکراشیکردووە، دۆخی کەم ئاوی پاییزی ئەمساڵ هەتا زستان و بەهاری داهاتوو قەرەبوو ناکرێتەوە، هەربۆیە لەئێستاوە دەبێ چاوەرێی ئەوە بین کە ساڵی داهاتووش قەیرانی کەم ئاوی و لەهەندێک ناوچە بێ ئاوی لە ئەمساڵیش قورستر بێت. لە چەند رۆژی رابردوودا کارناس و چاودێر و بەشێک لە بەرپرسانی پەیوەندیداری ئێرانیش نەیانشاردووەتەوە، کە بەرەو نزیکبوونی لە "رۆژی سیفری ئاوی" نزیک دەبینەوە، بەو واتایەی خەریکە لەرۆژێک نزیک دەبینەوە کە داواکاری ئاو لە ئاوی بەردەست لە بەنداوەکان زیاتر بێت و پێدانی ئاوی خواردنەوە سنووردار و تەنیا لە کاتی دیاریکراودا ئاو بە هاووڵاتیان بدرێت. ئەوەش جگە لە قەیرانی کەمی ئاوی خواردنەوە، هاوکات مەترسی رۆچوونی زەویش زیاتر دەکات.