سکرتێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم باس لە مانەوەی توانای ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم دەکات و دەڵێ لە داهاتووییەکی نزیکدا دەتوانێ چەکی ئەتۆم دروستبکات. رافائێل گروسی شەوی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەر بە کەناڵی فرانس ٢٤ی فەرانسەی راگەیاند، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زیانی زۆریان بەرکەوتووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش بە گوتەی گروسی هێشتاش تاران یۆرانیۆمی پیتێندراوی پێویست و هاوکات توانا و زانستی پێویستی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەداهاتووییەکی نزیکدا هەیە. بە باوەری گروسی ئەو مادە خاوەی ئێران لە بنکە ئەتۆمییەکانیدا هەیەتی، بەشی دروستکردنی چەند چەکی ئەتۆم دەکات. رافائێل گروسی سکرتێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم تۆمەتەکانی ئێرانیش رەتدەکاتەوە، کە راپۆرتەکانی گروسی-یان وەکوو رێگەخۆشکەری هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان ناوبردبوو.